ناڕەزایەتی جەماوەری لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی ئاخوندەکان پەرە دەسەنێت!
ناڕەزایەتی جەماوەری لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی ئاخوندەکان پەرە دەسەنێت!
چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ئێران، لە درێژەی نارەزایەتییە بەردەوامەکانیان دژی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئیران، شەپۆلێکی تر لە نارەزایەتیەکان دەستی پێکردووە. ریشەی ئەم نارەزایەتیانەو بەردەوام بوونی، لە نەبوونی و گرانی و هەژاری و بێبەشی و سەرکوت و کۆنەپەرستبوونی رژێمی ئاخوندەکانی نوێنەری سەرمایە لە ئێراندایە.
بێکاری و گرانبوونی شتومەک و کاڵاکان، لەپاڵ نەبوونی کەمترین ئازادی و سەرەتاییترین مافە فەردی و مەدەنیەکان، چینی کرێکار و جەماوەری ملیۆنی خەڵکی بێبەشی ئێرانی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی سەخت و دژوارەوە. ئەم هەلومەرجە هیچ رێگایەکی نەهێشتۆتەوە جگە لەوەی کە چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بێنە مەیدان و بزوتنەوەی نارەزایەتی بەدژی ئەم هەلومەرجە سەختەدا بگرنە بەر. بزوتنەوەیەک کە تادێت فراوانتر دەبێتەوە، خاراوتر دەبێت، رێکخراوتر خۆی دەنوێنێت، ئاستی داخوازییەکانی دەباتە سەرەوە، وەڵام بەلاوازیەکانی خۆی دەداتەوە و رابەری بۆ ئامانجەکانی دەستەبەر دەکات… لەو نێوەدا رۆڵی چینی کریکار و بزوتنەوەی کرێکاریی لە پێشرەویەکی بەچاودایە. چینی کریکار لە ئێران بە کردەوە بۆتە زمان حاڵی سەرجەم بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لە چەشنی بزوتنەوەیی دژە بێکاری، بزوتنەوەی موعەلیمان و خانەنشینان و لاوان و ژنان و خوێندکاران…تاد.
لەگەڵ ئەوەدا ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەلایەکەوە هەمیشە خەریکی پیلانگێری و دوبەرەکی نانەوەیە لەناو بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری ئیراندا و لەلایەکی تریشەوە حەربەی سەرکوت و ترس و تۆقاندنی بەدەستەوە گرتووە، بەڵام بزوتنەوەی روولەپیشی کرێکاری و جەماوەری لەوە واوەتر رۆشتووە پاشەکشەی پێ بکرێت یان توشی وەستان بکرێت… لەوەش زیاتر مۆرکی سیاسی بە بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەرییەوە لکاوەو جەماوەری بێبەشی ئێران بەو راستیە گەیشتوون کە بەدیهێنانی کەمترین ئاڵوگۆڕ لەژیان و گوزەرانیاندا، بەکردەوە لە گرەوەی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی رەشی ئاخوندەکان و سەرمایەدایە. خواستەکانی خەڵکی ئیران تادێت بەرینتر دەبیتەوە و خودی مۆرە گەورەکانی دەسەڵاتی کردۆتە نیشانە، دروشمەکانی ئەم دوایە بەدژی خامەنەیی باشترین بەڵگەی ئەو راستیەیە.
ئەو بزوتنەوە فراوانە جەماوەرییەی لە ئیراندا لە ئارادایە، سەرەتایەکی ئێکجار ئومێد بەخشە نەک تەنها بۆ خەڵکی ئیران، بەڵکو بۆ سەرجەم بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری لەسەرتاسەری ناوچەکەدا، بۆیە پێویستە ئەو بزوتنەوەیە پشتیوانی فراوانی لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ناوچەکەوە لێبکرێت… یەک رۆژ زوتر کۆتاییهینان بەدەسەڵاتی رەشی جمهوری ئیسلامی، بەمانای دەستراگەیشتی زوترە بە ئازادی و خۆشبەختی و دنیایەکی باشتر، بەتایبەتیش ئەگەر رابەری ئەم جوڵانەوە فراوانەی خەڵکی ئێران بەدەست چینی کرێکاریی رێکخراو خاوەن ئاسۆی رزگاری خۆی بێت.