ئازادی ژن ئازادبوونی كۆمەڵگەیە ” نووسینی: بێریڤان مەحمود

0

ئازادی ژن ئازادبوونی كۆمەڵگەیە “

نووسینی: بێریڤان مەحمود

بیرمەندێك دەڵێت: بۆ ئەوەی ئازادی و دیموكراسیی هەر كۆمەڵگەیەك هەڵسەنگێنین، دەبێت سەیری ئازادبوونی ژن بكەین لەناو ئەو كۆمەڵگەیەدا، بەو مانایەی ژنانی هەر كۆمەڵگەیەك چەندە ئازاد بوون، ئەوا كۆمەڵگەكەیان هێندەی ئازادبوونی ژنانیان ئازادە و بە پێچەوانەوە.

كەواتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت دیموكراسیی كۆمەڵگەی كوردستان هەڵسەنگێنین، دەبێت سەیری ئازادبوونی ژنانی بكەین. دەبێت ئازادیخوازانی ئەم كۆمەڵگەیە بزانن، ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەی كوردی پێش بخەین و بەرەو دیموكراسیی ببەین، پێش دیموكراسیی سیاسی و قبووڵكردن و ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لە لایەن سەركردەكانی كوردەوە دەبێت كار بۆ بڵاوكردنەوەی دیموكراسی و ئازدبوونی كۆمەڵگە خۆی بكەین، چونكە ئەوە دیموكراسیی و ئازادی كۆمەڵگەیە دواجار كاریگەری لەسەر دەسەڵاتە سیاسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتیش دەبێت. ئەگەر دیقەتی كۆمەڵگەكانی رۆژئاوا بدەین، لە كاتی دۆڕاندنی هەڵبژاردندا سەرۆكی وڵات یان پارتی دەسەڵاتدار بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات دەبێت و تەنانەت وتاری شكست پێشكەش دەكات و بە چەپكە گوڵ پێشوازی لە پارتی براوە دەكات! بەڵام بۆچی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا پارتی دەسەڵاتدار لە دوای تەواوكردنی دوو خولی دەسەڵات، سەرۆك یاخود پارتی دەسەڵاتدار دەستبەرداری كورسیی سەرۆكایەتی نابێت و بە دوای حیلە شەرعیدا دەگەڕێت و ماوەی نایاساییی كورسییەكەی درێژ دەكاتەوە. كەواتە تێدەگەین نووسانی سەركردەكانی رۆژهەڵات بە كورسییەكانیانەوە، دەرئەنجامی پێنەگەیشتنی كۆمەڵگەكانیانە لە رووی بنەماكان و پێوەرەكانی دیموكراسی. ئەگەر كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بنەماكانی دیموكراسییان هەزم بكردایە، ئەوا لایەنە سیاسییەكەشی هەزمی بردنەوە و دۆڕانی هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی دەكرد. كەواتە وڵاتانی رۆژهەڵات بیانەوێت بیر لە پێكەوەژیان و كولتوورێكی دوور لە توندوتیژی بكەنەوە، دەبێت سەرەتا بیر لە رەنگڕێژكردنی كۆمەڵگەكانیان بە پێوەرە دیموكراسییەكان بكەنەوە و لەو چوارچێوەشدا ژن ئازاد بكرێت.

 ئازادبوونی ئێمەی ژنانیش بە چوونە دەرەوەی ژن لە چێشتخانە تایبەتییەكانی ماڵاكاندایە. دەبێت ئەو زەهنییەتە بگۆڕین كە ژن وەك ئامێرێكی چێشتلێنەر و بەخێوێكردنی منداڵ و بۆ زاوزێكردن لێی بڕوانرێت، بەڵكو ژن لە بوارەكانی پەروەردەیی و بازاڕ و كارگە و كۆی جومگەكانی كۆمەڵگە و تەنانەت ناوەندەكانی دەسەڵات ژن رۆڵی خۆی هەبێت. بەرپرسیارێتی جێبەجیكردنی ئەو میكانیزمەی كە ژن رۆڵی هەبێت، بەشێكی لە ئەستۆی پیاوانە كە هاوكاریكردنی ژنان لە ئەستۆ بگرن و بەشێكی تریش لە ئەستۆی ژنان خۆیانە كە دەبێت چاوەڕوانی ئەوە نەبن هەر دەسەڵاتیان پێ بدرێت و مافیان پێ بدرێت، بەڵكو قۆڵی لێ هەڵبماڵن و شۆڕشێكی پەروەردەیی و زەهنی و كردەیی ئەنجامبدەن.

بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە كوردستان دەبینرێت، چالاكوانی مەدەنی ژنان و ئەو كەسانەی كە خۆیان بە نوێنەرانی ژنان دەزانن، تەنیا لە رۆژانی هەشتی مارس یاخود لە كاتی كوشتنی ژنێكدا چالاكی و دەنگە دەنگێكیان لێوە دێت، بەڵام باقی رۆژەكانی تر چالاكانی ژنان كە خۆیان بە خەمخۆر و نوێنەرانی ژنان دەزانن، سەرقاڵی ژیانی تایبەتی خۆیانن، ئەگەر چالاكانی ژنان و نوێنەرانی ژنان ئەم قسەیە رەت دەكەنەوە، كەواتە بۆچی تا دێت رێژەی كوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێم ئەگەر زیادی نەكردبێت، ئەوا وەك خۆیەتی؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.