چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی(دلیر)

0

چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی(دلیر)

 

لەتفەنگەکان!

شانە دروست کەین

بۆ زوڵفی ئاوریشمی کیژە جەنگاوەرەکان

مۆسیقا بژەنین

بەڵکو…گۆرانی

تۆزی ئاوێنەکان لابەرین

………………………………..

وانەی یەکەم

درۆ دوژمنی خوایە

بابە نانی دا

بابە ئاوی دا

مەگەر نەی دەزانی؟

خوانەکانمان خاڵییە

….مامۆستا

………………………………..

بە پارووە نانێک

تێرمان دەکەن

بە پاروویە نانێک

برسی….

بەشی ئێمە بوو

لە مناڵیەوە

هەتاکوو مردن

………………….

ئەوەندە نەژیاوم

ژیانم

لە بیرچۆتەوە

هەر بۆیە….

هەرکات ڕوبەڕوی یەک دەبین

ڕوو لەیەک وەردەگیرین

………………………………………….

چاوم کە لێدەکەی

لە چاوە دەریایەکانتدا

دەبمە ماسی

بە شەپۆلی قژەکانت

سەما دەکەی بە دڵم

………………………………..

پیریم!

لە بێشکەی تەمەن

لایە لایە دەخوێنی

کازیوەی بەری بەیان

سەرینەکەم

لە گریانی مناڵیم دا

تەڕ تەڕ دەبێ

……………………..

دارێکی ماندوو

لقەکانی دەشکێنێ

لە قریوە قریوەی …

قەلەڕەشەکان

هەر بیرەوەریەکمان

باڵندەیەکە

لە قەفەسی تەنیایی مان دا

کە بۆ ئازادی

پەڕو باڵ لێدەدا

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.