وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی نوینەرانی سیستەمی سەرمایەداری نووسینی: سالار حمەسەعید

0

وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی نوینەرانی سیستەمی سەرمایەداری

نووسینی: سالار حمەسەعید

سەرمایەداری لەڕێگەی پارێزەرکانیەوە بەردەوام داکۆکی لێدەکرێ وەک باشترین و کاراترین سیستەمی سەرڕووی زەوی. ئەگەرچی هەر چەندساڵ جارێک سیستەمە تەواو کامڵ و بێ خەوشەکەیان دەکەوێتە پرتەپرت و ناڵەناڵ ومەکینە کۆنە ژەنگاویەکەی بە گۆڕینی ڕۆنی تازەو موحەسەن تازەو سەرحاڵ نابێتەوە و تەواوی ئەم سیستەمە لەبەردەم دارووخانێکی ناوخۆیی بەردەوام و بێوچان دایە.

لێدوانەکانی چەند رۆژ لەمەوبەری وەزیری پاراستنی حکومەتەکەی جۆنسن ناڕەزایەتیەکی زۆری لێکەوتەوە. خەڵک وتە و لێدوانەکانی ”ڕەیچڵ مەکلین” ی وەزیری پاراستنی بە سووکایەتی بە خەڵکی کرێکار وکەمدەرامەت لەقەڵەم دا. وەزیری ناوبراو پیشنیاری ئەوەدەکات بە کرێکاران وکەمدەراتان کە پەلەقاژەدەکەن لەژێر باری قورسی ژیان وگوزەران و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و سووتەمەنی و شتی تر کە پەنابەرنە بەر کاری تر، کارێک کە دەرامەتەکەی زیاتر و باشتربێت هەروەها سەعات کارەکانیان زیادبکەن. ئەمە گاڵتەکردنە بەباروڕەوشی ئێستای کریکاران، نەک چارەسەرکردنی دەرد و کێشەکانیان، ئەمە بێ ئەهەمیەت زانینی کێشەکانیانە و بە گەوج زانینی کرێکارانە.

خەڵکانێک دەڵێن ئەمە تێنەگەیشتنە یا تێگەیشتنێکی کەمە لە ژیان و گوزەرانی کرێکاران وکەمدەرامەتەکان. هەندێکی تریش دەڵێن: ”ئێوە تەنها لەبیری هاو چینەکانتان و ئاگاتان لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە نییە”. هەروەها دەڵێن: ”ئێوە تەنها لەبیری کەمکردنەوەی زەریبەو ماڵیاتن بۆسەرمایەداران و لەبیری دانانی زەریبەو ماڵیاتی گونجاو دا نین کە بەسەریاندا بیسەپێنن، لەبەرامبەردا مالیات بۆسەر کریکاران و کەمدەرامەتەکان زیاد دەکەن”. ئاشکرایە کە بۆچی وایە؟ لەبەرئەوەی ئەوان سەربەو چینەن و نوێنەرایەتی ئەوان دەکەن لە هەردوو حکومەت و پەرلەماندا.

وەزیری پاراستن دەیەوێ پاساو بۆ حزبەکەی وسیستەمەکەی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکات بهێنێتەوە کە گوایە کەموکوڕی لەسیستەمەکەوە نییە و هەڵە لەوانەوە نییە. سیستەمەکە تەواوە و کێشەکە لە خەڵکەوەیە. وەک ئەم کێشانە هەن لە سیستەمی سەرمایەداریدا،  خەڵک هاوکاری ناکەن تا ڕەورەوەی سیستەمەکە بەباشی بەرەوپێش بچێت. خەڵک کەم کاردەکەن و بەدوای کاری ئاسان و بێ کێشەدا دەگەڕێن. ئەگینا ئەگەر سەعاتی کارەکانتان زیاد بکەن و بەپێێ داواکاری سیستەمەکە هەوڵ بدەن و تێبکۆشن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم تەگەرەو دژواریانەدا ئەوا زۆر بە باشی و ڕەوانی ئەم قۆناغە تێپەڕدەکەین. کێشەکە ئێوەن ئەی کرێکاران هاوکاری ناکەن بەپێێ پێویست و هەوڵی کاری پڕ شارەزایی نادەن و تواناکانتان ناخەنەگەڕ، ئەگینا سیستەمەکەمان کامڵە و بێ دەردی سەرەو دەتوانێ دوبارە بەم گوزەرە تەنگەدا تێپەڕێ وەک جاران.

کاپیتالیزم دەیەوێ دوبارەبێتەوە سەرپێی خۆی و دوبارە دەسەلاتی خۆی بەسەر کۆمەلگەی بەشەری دا  زاڵ بکاتەوە لەسەر حسابی هێز و توانا وئیرادەی کرێکاران و کەمدەرامەتەکان. سەرمایەکەی دوبارە بە شێوەیەکی سامناک کەڵەکەبکاتەوە لەسەر شانی کرێکاران وقازانجە خەیاڵیەکانی لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و کرێکاران بێبەش بکات لەکەمترین رێژەی قازانجەکانی. ئەمازۆنێک قازانجی بلیۆنی دەکات و کرێکارەکانی لەخراپترین باروڕەوشی کاردا رۆژ بەڕێ دەکەن و تەنانەت سەعات کارە تاقەت پڕوکێنەکانیان دەرفەتی پشوویەکی کورتیشیان پێنادەن و کاتی چوونە تەوالێتیان لێ زەوت دەکەن و دەیان بەربەست و تەگەرە دروست دەکەن لەبەردەمیاندا. لەکاتێکدا کەمترین هەقدەست وەردەگرن و لەسەر حسابی ئەم کرێکارە مافخوراوانە ئەمازۆن قازانجی بلیۆنەها دۆلاردەکات لە سەردەمی کۆرۆنادا. حکومەتی جۆنسن ئامادەنییە زەریبەو ماڵیات بخاتە سەر سەرمایەداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی کارەبا وگاز، بەڵام وەزیرەکەی داوادەکات کرێکاران توند تر و زیاتر کاربکەن تا کو ئەوان قازانج زۆرتر بکەن. ئەمەیە جیهانی لنگەوقووچی سەرمایەداری.

١٩ی مەی ٢٠٢٢ لەندەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.