درزێک کەوتۆتەوە ڕوحمەوە

0

درزێک کەوتۆتەوە ڕوحمەوە

 

شتێك ڕودەدات

بەبێدەنگی چۆلەكەكان و نەفڕینی كۆترە شینكەكاندا دەزانم

شەقامێك غەرقی قەرەباڵغی دەبێت

شتێك ڕوودەدات

درزێك دەكەوێتە ڕۆحمەوەو

پارچەیەك لەدڵم دەبێتەوە

بەگریانی كچە هەڵەبجەیەكدا دەزانم

كاتێك لەسەرگۆڕی براكەی بەكوڵ دەگری

شتێك ڕوودەدات

بەئاسكێكی پێكراودا دەزانم

كەبەلای كانیەكی داپۆشراوەوە دەگری

شتێك ڕوودەدات

 

زۆر سترێسم زۆر قەلەقم

بەگۆڕانی لێدانی دڵما دەزانم كەهەموومان مردوین

هەموومان لەسەر دووقاچ نەوەستاوین

بەڵام هەرئەڕۆین بەڕێوەو

شانمان بەشانی یەكتری دەكەوێت و

یەكتری ناناسینەوە

 لەبەردەمی یەكتریدا دەكەوین و یەكتری بەرزناكەینەوە

 

شتێك ڕوودەدات

ماتەمینێك ئەمناوە دادەگرێت

كونێك دەكەوێتە ئاسمانەوەو خوێن دەبارێت

زۆر قەلەقم وەك ئەوەی دڵم پێمبڵێت

دونیا ئاخرەو هەمووشتێك كۆتایی دێت

سەرم دێشێت ئەڵێی شێتێكی بەدبەختم

قۆپچەی كراسەكەم بۆداناخرێت

ئاوڕم لەدواوە بۆنادرێتەوە

شتێكم لەسەر بێزاری خۆم بۆ نانووسرێت

ئەزانم شتێك ڕوودەدات

شتێك لەهیچ شتەكانیتر ناچێت

شتێك نەڕەنگی لەڕەنگەكانی تردەچێت و

نەدەنگی لەو دەنگانە دەچێت كەباوەك شمشاڵێك دەیژەنێت

 

زۆر قەلەقم

سەرم لەوەرزەكانیش شێواندووە

دەستم بەدڵمەوە دەلەرزێت

ساتە ناساتێك چاوم لەسەرم دەكەوێتە خوارەوەو

جەستەم دەكەوێتە شینوو شەپۆڕ

پێدەچێت دوونیا ئاخربێت و

مردووەكان زەماوەند بگێڕن

 

زۆر سترێسم

دەستم بەپەرداخە ئاوەكەوە دەلەرزێت

دڵم لەدەرەوەی سنگم لێدەدات

 شێتەكان پێم پێدەكەنن

مناڵە سواڵكەرەكان بەدیارمەوە دەگرین

هەموو گیانم نیشتۆتە سەر ئارەق

بەپێوەم و خەوتوم

بەپێوەم و تەماشای تەرمەكەی خۆم دەكەم

ئەبینم بەچەند كەسێك ئەمدیوەو دیوم دەكەن

زۆر قەلەقم ئەزانم شتێك ڕودەدات

شتێك لەهیچ شتەكانیتر ناچێت

……………

میرزا

٩/٥/٢٠٢٢

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.