هیوا بۆ بەردەوامی نەخۆشخانەی هیوا بگێڕنەوە!
هیوا بۆ بەردەوامی نەخۆشخانەی هیوا بگێڕنەوە!
خەستەخانەی هیوا، ناوێکی دیارو خۆشەویستە. تاکە خەستەخانەیە کە بەخۆرایی چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە دەکات و لەسەراسەری عێراق و تەنانەت ناوچەکەشەوە خەڵکی گیرۆدەی شێرپەنجە سەردانی دەکەن. ئەم خەستەخانەیە بەهەوڵی ژمارەیەک دکتۆر و پەرستار و کارمەند و کرێکاری دڵسۆزو خۆبەخش، تا ئێستا ژیانی سەدان و هەزاران نەخۆشی شێرپەنجەی ڕزگارکردووە، و بۆتە نوای گێرانەوەی ژیان بۆیان.
خەستەخانەی هیوا، بە مانای وشە بۆتە شوێنێک بۆ هیوا گێرانەوە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەو ئازیزانیان، کەچی ئەم ناوەندی هیوایە، لەجێگای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە پشتیوانی لێبکرێت و هاوکاری و پێداویستی بەردەوامی بۆ دابین بکرێت و کارمەند و پەرستار و دکتۆرو کرێکار و هاوکارەکانی خەڵات بکرێن، پشتگوێ دەخرێت، هەڕەشەی داخستن لەسەری وەکو مۆتەکە بەسەریەوەیەتی… ئەگەر نارەزایەتی جەماوەری و هەوڵی دڵسۆزان و هاوکارانێکی ئینسان دۆست نەبوایە، دەمێک بوو ئەو خەستەخانەیە داخرابوو.
وا ئێستاش جارێکی تر لەچوارچێوەی هێرشی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەی چاوچنۆکدا، بۆسەر موچەی کرێکاران و کارمەندان، بۆسەر کەرتی خوێندن و پەروەردە، بۆسەر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بۆسەر ماف و ئازادییەکانی ئینسان، دەیانەوێت بە پشتگوێخستن و خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە تەندروستیەکان و دابین نەکردنی موچە و بودجەی پێویست، خەستەخانەکە بەرەو داخستن بببەن. هەروەکو چۆن دەیان خەستەخانەو بنکەی تەندروستی گشتیان بەهۆی پشتگوێ خستنەوە وێران کرد، تا خەڵکی ناچار بن بچنە خەستەخانە تایبەتییەکانی کۆمپانیا دزو ویژدان مردوەکان و گیرفانیان خاڵیتر بکەن.
پشگوێ خستنی خەستەخانەی هیوا، تاوانکارییەکی ئاشکرایە، کوشتنی بە ئەنقەستی سەدان و هەزاران نەخۆشی بێدەرەتان و هەژارە، کە توانای چارەسەریان لە خەستەخانە تایبەتیەکان نییە. کوشتنی هیوای نەخۆشەکان و سەدان و هەزاران خێزانە، بۆ ڕزگاری لە نەخۆشی و گێرانەوەی هیواو خەندە بۆ خێزان و ئازیزانیان.
هەموو ئەو هەوڵانەی لەلایەن بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان و ئینسان دۆستان و کەمپەینی” دەستەی داکۆکیکار لە نەخۆشخانەی هیوا” وەرێخراوە، نیشانەی هوشیاری و ڕاوەستاوی کۆمەڵگەیە، بۆ بەرگری لە نەخۆشانی شێرپەنجە و لەوەش زیاتر لە ئینسان و ئینسانیەت و “نا” وتن و نارەزایەتییەکی فراوانی لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ نارەزایەتییە جەماوەرییە بەرینەکانی بەش و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بەدژی تاڵانی و دزی و بێدەبەستی دەسەڵاتی سیاسییدا. دەسەڵاتی سیاسی عێراق و کوردستان و بەرپرسن لە گیانی هەر ئینسانێکی نەخۆشی شێرپەنجە کە بەهۆی پشتگوێخستنی خەستەخانەی هیواوە، هیوای بۆ ژیانیان دەکوژێتەوە گیان دەبەخشن.
تاکە ڕێگا بۆ ناچارکردنی دەسەلاتی سیاسی عیراق و دەسەلاتی هەردوو زۆنی تاڵانچی لە کورستاندا، بۆ ئەوەی پێداویستیەکانی خەستەخانەی هیوا دابین بکەن، بەرینکردنەوە و ریکخراوبوونی نارەزایەتیەکانی ئێستایە لەلایەن جەماوەری ئازادیخواز و ئینسان دۆستان و دکتۆر و پەرستارە دڵسۆزەکان و کەسوکاری نەخۆشەکانی شێر پەنجەوە. پێویستە لە ژێر ئەو گوشارە جەماوەری و ئینسانیەدا دەسەڵات ناچار بکرێت، بەڵیننامەی دابینکردنی داو و دەرمان و پێداویستیەکانی خەستەخانەکان و خواستی دکتۆرو کارمەندو پەرستارەکان و بەشێوەی بەردەوام، ئیمزا بکات و دەست هەڵبگرێت لەوەی ئەو خەستەخانەیەش بەدەردی خەستەخانە گشتیەکان ببرێت.