عێراق و هەرێمى کوردستان لەنێوان بەرداشى تورکیا و ئێران دا نووسینی: ئەحمەد هەورامى

0

عێراق و هەرێمى کوردستان لەنێوان بەرداشى تورکیا و ئێران دا

نووسینی: ئەحمەد هەورامى

  تورکیا و ئێران دوو وڵاتى دراوسێى عێراقن، بە بیانوى بوونى نەیارانیان لە خاکى هەرێمى کوردستاندا خاکەکەى دەبەزێنن و سەروەرى خاکى عێراقیش پێشێل دەکەن بەشێوەیەک ئەو دوو وڵاتە زۆرترین بوونى سەربازیان لە عێراقدا هەیە، لەماوەى کەمتر لە چوارساڵدا چەندین جار هەرێمى کوردستانیان مووشەک باران کردووە، بە بیانووى بوونى نەیاران و بنکەى هەواڵگرى ئیسرائیلەوە. ئەم دوو وڵاتە بەهۆى کردەوە سەربازیەکانیان عێراقیان گیرۆدە کردووە لەڕووى سیاسى و سەربازییەکانیان، ئەمەش بە بارمتە گرتنى عێراق ناو دەهێنرێت لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە. بەگشتى تورکیا بەپەنجە و ئێران بە حەشد بە موشەکبارانى لەو ماوەى ڕابردوودا زۆرترین کێشەیان بۆ عێراق و هەرێم دروست کردووە.

ڕۆژنامەیەکى ئەڵمانى (تاکس ئێشپیگل) ئاشکراى دەکات تورکیا بە ئۆپەراسیۆنى سەربازى و ئێران بە چەکدارە شیعەکانى موشەکبارانى هەرێمى کوردستان و عێراقیان بە ئاڕاستە گرتووە. ڕۆژنامەکە بڵاوی کردوەتەوە عێراق بووەتە دیل و بارمتەى دەستى تورکیا و ئێران، چونکە ئەو دوو وڵاتە زۆرترین هێزى چەکدار و بنکەى سەربازیان هەیە لە خاکى ئەو وڵاتە و دراوسێ یان.

تورکیا لە (17ى نیسانى 2022)دا ئۆپەراسیۆنێکى بەرفراوانى لە خاکى هەرێمى کوردستاندا دەستپێکردووە. تورکیا بەهەموو جۆرە چەک و فڕۆکەى جەنگى دەستى بە ئۆپەراسیۆنێکى بەرفراوان کردووە بە بیانووى بوونى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان، بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەى جەنگى و تۆپ هێرشى کردووەتە سەر ئەو ناوچانە، لەکاتێکدا دەیان بنکە و بارەگاى خۆى لە هەرێمى کوردستان جێگیر کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە تورکیا (40) ساڵە دژى پەکەکە شەڕ دەکات و تەنانەت نەیتوانیووە ئەم هێزە لاواز بکات، بۆیە ئەوەى زیانمەندى سەرەکى ئۆپراسیۆنەکەیە هەرێمى کوردستان و وڵاتى عێراقە.

لە ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکەدا هاتووە، هاوکات بوونى ئێرانیش لە خاکى عێراق حاشا هەڵنەگرە. ئەو وڵاتە زیاتر لە تورکیا زۆرترین کاریگەرى سیاسى و سەربازى لە عێراق و هەرێمدا هەیە، بەتایبەت لە هەرکاتێکدا بیەوێت بە بیانووى بوونى چەکدارانى نەیار و هەواڵگرى ئیسرائیلى لەهەرێمى کوردستاندا دەست بە مووشەک باران دەکات.

دواى شکستى گروپە شیعەکانى نزیکى ئێران لە هەڵبژاردنەکانى عێراقدا، هەڵوێستەکانى زیاتر توندبوونەوە بەتایبەت کە زۆربەى هێزە شیعەکان و چەکدارانى حەشدى شەعبى لەژێر کاریگەرى ئەو وڵاتەدا جموجۆڵى سیاسى و سەربازى دەکەن.

تورکیا لەماوەى سێ ساڵدا زیاتر لە دە ئۆپەراسیۆنى سەربازى لە خاکى هەرێمى کوردستاندا ئەنجامداوە و تەواویان بەناوى (چنگ) دەستپێدەکەن، لەو ئۆپەراسیۆنانەشدا بە قووڵایى (50)کم خاکى هەرێمى کوردستانى داگیر کردووە و بنکە و بارەگاى لەو شوێنانە داناوە و جێگیر بوون. ئەوە تێبینى کراوە لەسەرجەم ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا سوپاى تورکیا لەهەر ناوچەیەک جێگیر بووبێت ناوچەکەى چۆڵ نەکردووە، ئەوەش وەک داگیرکارى ئەژمار کراوە.

سەرقاڵ بوونى عێراق بەکێشە ناوخۆییەکان و بێ توانایى هەرێمى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکەى، تورکیا ئەوەى قۆستۆتەوە بۆ فراوانکردنى دەسەڵاتى لەو بازنەیەدا. بابەتەکە لە پەلامارى پەکەکە تێپەڕى کردووە، لێدانى گوندە مەسیحیە نشینەکان و گوندى کوردییەکان و چوونە ناوەوە بۆ شەنگال، زیاتر لە (30) بنکەى سەربازى لە کوردستان هەیە. لێپرسراوى ڕاگەیاندنى مەڵبەندى موسڵى یەکێتى نیشتمانى/ ڕایگەیاند تورکیا دەستى بە ڕەوانەکردنى هێزێکى سەربازى گەورە کردووە بەرەو بنکە سەربازییەکانى لە هەرێمى کوردستاندا، ئامێر و کادیرى ئەندازیارى ڕەوانەى هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک کردووە، بەنیازى بوونیادنانى بنکەى سەربازى نوێ لەهەردوو پارێزگاکەدا، کە بنکەى سەربازى هەمیشەیى دەبن، ئەمەش بەمەبەست لێى زیاد کردنى هەژموون و دەسەڵاتى ئەنکەرەیە لەناوچەکەدا.

ئۆپەراسیۆنەکانى پەنجە یا چنگ ئەو ناوەیە کە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان پێى ئاشنان لەهەر کاتێکدا ئەنجام بدرێن، ئەو چنگ و پەنجانە بە جەستەى نیشتمانەکەیانەوە دیارە. سوپاى تورکیا ئەو سوپایەیە کە بەردەوام بە پەنجە و چنگەکانى جەستەى هەرێمى کوردستان و خاکەکەى دەڕوشێنێت و لە هەوڵى بریندارکردنى جەستەى ماندووى کوردستانە.

مێژووى دەوڵەتى تورکیا لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا لە ئەتا تورکەوە بۆ ئوردوغان مێژووى خوێن و شمشێرە، مێژووى هێرش و پەلامارە بۆسەر ئازادى و بوونى کورد وەک نەتەوەیەک. ئوردوغان باس لەوە دەکات لەساڵى 2023 دا دواى تێپەڕبوونى سەد ساڵ بەسەر پەیمانى لوزانى ساڵى 1923دا ئەوکاتە تورکیا مافى گەڕانەوەى خاکە دزراوەکەى هەیە و مەبەستى ولایەتى موسلە کە کوردستان دەگرێتەوە، بەمەش سەرلەنوێ کوردستان دابەش دەکرێتەوە ئەم هێرشانەى تورکیا لەپڕۆسەى سەرلەنوێ دابەشکردنەوەى کوردستانە کە زۆر لە دابەش کردنەکەى دواى جەنگى یەکەمى جیهانى مەترسیدارترە، لەبەرئەوەى ئەمجارەیان جگە لەوەى خاکى کوردستان لە خاچ دەدەنەوە ناوچەکەش لەسەربنەماى دیموگرافیش دادەڕژێنەوە. گەشتە بەردەوامەکانى بەرپرسە باڵاکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ هەولێر و بەغدا بەڵگەى ئەوەیە ئێران ئەو هێزانە و لایەنگرانى شیعەى سەر بەو وڵاتە لە عێراقدا ئاڕاستە دەکات. بەتایبەت دواى هەڵبژاردنەکانى مانگى 10ى ساڵى ڕابردوو، دواى شکستى ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەى سەر بە ئێرانن لە هەڵبژاردنەکاندا. تا ئێستاش فشارەکانى ئەو وڵاتە بەردەوامە و زیاترى کردووە، ئەمەش واى کردووە هاوپەیمانى براوەى هەڵبژاردنەکە لەو وڵاتەدا نەتوانێ تا ئەم کاتەش حکومەت پێکبهێنێت.

مووشەک بارانى هەولێر کە ئێران بەڕاشکاوانە لەئەستۆى گرت و هێرش بۆسەر بنکە سەربازیەکان و باڵوێزخانەى ئەمریکا لە عێراق بەهەوڵى ئێران و لایەنگرانى لەقەڵەم دەدرێت.

هەروەها موشەک بارانى ناحیەى کەور گوسکى قەزاى خەبات کە لەسنوورى ناحیەى بەرتەلەى سەربە قەزاى حەمدانیە لە پارێزگاى نەینەوا ئاڕاستە کرابوون و یەکێک لە کایتوشاکان بەر کۆگاکانى پاڵاوگەى کار کەوتبوو لەلایەن لیوایەکى حەشدى شەعبى سەر بە ئێرانەوە ئاڕاستەى سنوورى پارێزگاى هەولێر کراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپاى تورکیا بەهاوکارى پارتى پەلامارى هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان دەدەن.

پێدەچێت هێرشە موشەکیەکە بۆسەر بنکەى سەربازى تورکیا لە زلیکان هەڵکشانى ئاستى گرژیەکان بێت لەلایەن ئێرانەوە دژ بە تورکیا لە عێراقدا.

بەڕاى چاودێرانیش ئەو هەوڵانە ئێران لەپێناو وەرگرتنى پشکى زیاترە لەبوارى سیاسى و ئابوورى لە عێراقدا هەست دەکرێت ململانێکانى نێوان تورکیا و ئێران لەم کاتانەدا لە پەرەسەندندا بێت لەپێناو چەسپاندنى هەژموون و دەسەڵات لەناوچەکەدا.

هێرشە موشەکیەکە بۆسەر بنکە سەربازییەکەى تورکیا پەیامى ئێران بۆ ئەنکەرە بۆئەوەى ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانى بەرەو شەنگال و ناوچەکانى تر فراوان نەکات، پێدەچێت عێراق کەوتبێتە ژێر کاریگەرى فشارەکانى تورکیا لەداگیرکردنى ڕاستەوخۆى شەنگال وەک بەکارهێنانى کارتى ئاو و پەڕینەوە بۆناو قوڵایى هەرێمى کوردستان و داگیرکردنى موسڵ شەنگال بووە. شەنگال بابەتێکى هەرێمى کاریگەرە لەڕووى دیموگرافییەوە و گرنگیەکى تایبەتى هەیە، بۆیە تورکیا و ئێران بەهەر هۆیەکى جیاوازەوە هەبێت دەیانەوێ شەنگال داگیر بکەن. ئێران لەڕێگەى شەنگالەوە دەتوانێ دەسەڵاتى خۆى لەناوچەکەدا بسەپێنێت.

ئێران و تورکیا لەسەر پرسە جیاوازەکان ناکۆکى قوڵیان هەیە بەتایبەت لە عێراق و سوریا، بەڵام لەهەر حاڵەتێکدا ڕوونە عێراق و هەرێمى کوردستان بەشێکى سەرەکی گۆڕەپانى ململانێ یانە.

ئاماژەکانى پشت ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا بۆ تێکدانى بەرنامەکانى ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەت عێراق و ئێران وەک ئیمپراتۆریەتێکى مەزهەبى گەورە و کاریگەر خۆى بە هاوشانى تورکیا نازانێت. لەهەمان کاتدا تورکیا دەوڵەتى ستراتیژى جەنگى مێژووییە و سێ یەم هێزى ناتۆیە و لەڕووى تەکنەلۆژیاى سەربازییەوە. ئێران دەیەوێت بزانێت تورکیا بە فورمى شاراوەى ئیخوانى سوننە چى دەکات؟

سەردانەکەى سەرۆکى ئیسرائیل بۆ تورکیا چەندین کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە لەناویشیاندا میدیاکانى ئێران بە ئاشکرا هێرشیان کردە سەر دەوڵەتى تورکیا و ئوردوغان، هەواڵى سەحەرى ئێرانى کە بەچەند زمانێک هەواڵ و بەرنامە بڵاودەکاتەوە، نووسیویەتى ئوردوغان خەنجەرى لەپشت فەلەستینیەکان داوە.

هەرکات ئەگەرى ڕێکەوتنى ئێران و وڵاتانى ڕۆژئاوا لە دۆسیەى ناوەکیدا زیاتر بوو، بە هەمان کات ڕێژەى نیگەرانییەکانى سعودیە و تورکیا و ئیمارات و بەتایبەتى ئیسرائیل لەبەهێز بوونى پێگەى ئێران زیاتر دەبێت.

تورکیا و ئێران وەک دوو نەیارى دراوسێ عێراق و هەرێم کە مێژوویەکى دوور و درێژیان لە ململانێدا هەیە زۆرجار پەنا بۆ ئۆپەراسیۆنى سەربازى لەوڵاتانى دراوسێیان دەبەن، ئەوەش وەک ڕوو بەڕوو بوونەوەى نەیارانیان دەکەنە بیانوو پاساو بۆ هێرش کردنە سەر خاکى وڵاتان، ئەو بابەتەش ڕەنگدانەوەى لە پەیوەندییەکانى تاران و ئەنکەرەدا هەبووە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.