تیرۆری شیرین ئەبو عەقلە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوڵەتی ملهوڕی سەر کوتگەری ئیسرائیلە… نووسینی: دەشتی جەمال
تیرۆری شیرین ئەبو عەقلە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوڵەتی ملهوڕی سەر کوتگەری ئیسرائیلە…
نووسینی: دەشتی جەمال
١١ی مەی ٢٠٢٢ پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عەقلە لە کاتی ڕوماڵی هێرشی سوپای تایبەتی ئیسرائیلی بۆ سەر شاری جینین لەلایەن یەکینەکانی دۆفدۆفان سەر بە هێزی تایبەتی ئیسرائیلی تیرۆر کرا، ئەم ڕووداوە ناڕەزایەتی و نەفرەتێکی بەرینی لە ئاستی جیهاندا لێکەوتەوە و تەواوی میدیا جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادیخوازان کەوتنە ئیدانەکردنی ئەو تاوانە قێزەونە کە بەئاشکرا و عەمدی بەبەرچاوی زوومی کامێراکانەوە لەلایەن دەوڵەتی ملهوڕ و سەرکوتگەر و تیرۆریستی ئیسرائیلەوە دەستی بۆبراوە.
کاردانەوەی بەرفراوانی خەڵك بەرامبەر بە تیرۆری میدیاکار شیرین ئەبو عەقلە بە جلوبەرگی پیشەکەیەوە نموونەیەکی تر لە تیرۆریزمی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلی نیشاندا، کە ڕۆژانە خەڵکی مەزڵومی فەلەستینی کردۆتە نیشانەی ماشێنە جەنگی و تاوانکارییەکەی خۆیەوە. شیرین ئەبو عەقلە تەنها ئەوە نییە میدیاکارێکی کەناڵی ئەلجەزیرەیە و خەریکە پیشەکەی خۆی بەڕێوە دەبات، بەڵکو هەر خۆشی هاوڵاتییەکی فەلەستینی خەڵکی قودسە کە نکوڵی ئاشکرا لە ناسنامەی هاوڵاتی بوونی لێدەکرێت و بنچینەکەی ئەو زوڵم ستەمەیە کە دەیان ساڵە لە خەڵکی بێتاوانی فەلەستین دەکرێ.
سیاسەتی دووڕووی سەرانی ئەمریکا و غەرب لە کاردانەوەیان بەرامبەر بە تیرۆری شیرین ئەبو عەقلە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی دۆستایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانێتی لەگەڵ ئیسرائیل کە بە درێژایی چەند ساڵ لەپاڵ سیاسەتی داگیرکاری و کوشتاری خوێناوی و ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکی فەلەستیندا، خۆیان لێ لاداوە. دەوڵەتێکی قەومی و یەهودی دەیان ساڵە لەڕێگای کوشتار و خوێن ڕشتن و کاولکاری و ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستین و پایماڵکردنی سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی فەلەستینییەکان و سیاسەتی دروستکردنی مستەوتەنات، باڵادەستی خۆی بەپشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا ڕاگرتوە، هاوکات لە غیابی بزووتنەی سۆشیالیستی و ئازادیخوازانەدا و بەدوای شکستی پڕۆژەی ناسیونالیزمی عەرەبیدا، چەند حزب و دەستە و گروپی ئیسلامی و قەومی فرسەتی ئەوەیان بۆ هەڵکەوت تا خۆیان بەخاوەنی کێشەی فەلەستین ناوزەد بکەن و بیکەنە بابەتێك بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. بەڵام ئەوەی کە لە گشت ئەم مێژووەدا سەنتەرە، ئەوەیە کە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل سەرچاوە و هۆکاری بنەڕەتی و سەرەکییە کە خەڵکی فەلەستینی کردۆتە قوربانی خۆی و هەروەها چینی دەسەڵاتداری ئیسرائیل تەواوی هەوڵی بۆ ئەوە بووە کە ئەم مافە کوێرکاتەوە، هەروەها لە دۆخێکی جیهانیدا کە شەڕی ئۆکرانیا و کێشمەکێشی هێزە ئیمپریالیستەکان لێکەوتەکانی ئاکامێکی زیانباری بەدوادا هاتووە. لە هەلومەرجێکی ئاوادایە کە پەلاماری جەنگی بۆ سەر جینین دەبێتە پێداویستییەکی ڕۆژ بۆ حکومەتی ئیسرائیل. هەربۆیە بەرگرتن و سنوور دانانێك بۆ ئەم بەربەریەت و کوشتارەی دەوڵەتی ئیسرائیل و پاشەکشە پێکردن بە سیاسەتی ڕاستڕەوی و فاشیستی حکومەتی ئیسرائیل تەنها و تەنها لە گرەوی پێکهێنانی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی یەکسان لە مافدایە، ئەمە ئەو ڕێگاچارە عەمەلی و کارسازەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی فەلەستین هاوکات وەڵامی دانشکێنە بە باڵی ڕاستی چینی فەرمانڕەوای ئیسرائیل.
شیرین ئەبو عەقلە یەکەمین و دوایین میدیاکار و ڕۆژنامەنووس و قوربانی نییە کە بە دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلی تیرۆر دەکرێت. پێویستە هەموو بەرەی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستی و هێز و لایەنی سیاسی و جەماوەری و هەموو دەنگێکی میدیای ئازاد، بە دژی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ڕابوەستن و بێدەنگ نەبن، بۆئەوەی کە کۆمەڵگەی فەلەستین دەستی بە سیستەمێکی دادپەروەرانە و دوور لە ستەم و چەوسانەوە بگات. دەبێت خەڵکی فەلەستین دەربارەی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەپێکهێنانی دوو دەوڵەت، سنوورێك بۆ ئەم ژێردەستەیی و خوێنڕێژییە بەردەوامە دابنێت، وە ئەمەش هەردوولا لە پەیوەندێکی دەوڵەتی و قانوونی بە ڕەسمییەت ناسراوی نێودەوڵەتیدا ڕادەگرێ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەو دەورە لە ئەحزابی کۆنەپەرست و نامرۆڤانەیە دەگرێت وە دەکەونە لاوە کە ناسنامەی مەزهەبی و نەژادی بۆ خەڵك دادەتاشن وە پەیکەری نوێی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە تیرۆر و چەوساندنەوە خۆش دەکات.
١٢/٥/٢٠٢٢