کامەران محەمەد: کادرێکی پارتی پێی وتم: لەسەر بنەماڵە بنوسیت، بەتەمای خۆت مەبە! دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز کامەران محەمەد چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە١٢هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و پرسی ئازادی بیروڕا لە کوردستان.

0

کامەران محەمەد: کادرێکی پارتی پێی وتم: لەسەر بنەماڵە بنوسیت، بەتەمای خۆت مەبە!

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز کامەران محەمەد چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە١٢هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و پرسی ئازادی بیروڕا لە کوردستان.

بۆپێشەوە: تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان هەڵگری چ پەیامێكی دیاریكراو بوو؟

کامەران محەمەد: دەتوانم بڵێم کەیسی سەردەشت عوسمان تەواو جیاوازە لە کۆی کەیسەکانی دیکەی تیرۆر لە کوردستان، چونکە سەردەشت، ئیبراھیم ئاسا ڕاستەوخۆ بەگژ خودی بتەکاندا چۆوە، سەردەشت نەھات بە دارودەستەی پاشا  بڵێت ئێوە پەڕپوتن، بەڵکو ڕوبەڕوو بە پاشای گوت “تۆ ڕووتی”. ئەگەر وردبینەوە لە نوسینەکانی، بۆمان دەردەکەوێت کە سەردەشت باوەڕی بەوە ھەبوو چاکسازی لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەکرێت، نەک بە پێچەوانەوە، ئەو  گەسکێکی لەدەست گرتبوو، خەریک بوو لە پلیکانەی سەرەوە ناشرینی و ستەمەکانی ئەو دەسەڵاتەی بۆ خوارەوە ڕادەماڵی!

بۆپێشەوە: یانی پێتوایە ھۆکاری تیرۆرکردنەکەی ئەوەبوو، کە لەگەڵ لوتکەی دەسەڵات بەرەنگار ببۆوە؟

کامەران محەمەد:  بەڵێ بێگومان، من ئەوکاتەی لە ڕۆژنامەی ئاوێنە کارم دەکرد، کادیرێکی پارتی پێی گوتم، لەسەر ھەرکەسێک لەناو پارتی دەنوسی ژیانت بەو شێوەیە ناکەوێتە مەترسی، بەڵام لەسەر بنەماڵە بنوسیت، بەتەمای خۆت مەبە!

بۆپێشەوە دووساڵ پێش ئێستا لە ململانێی نێوان پارتی و یەكێتیدا دەزگای زانیاری یەكێتی نیشتیمانی لە راگەیاندنێكدا بۆ یەكەمین جار دانیبەوەدانا  كە پارتی سەردەشت عوسمان ی رۆژنامەنووسی تیرۆر كردووە، ئایا ئیستا گومانێك ماوەتەوە لەوەی كە پارتی لەپشت ئەم كردەوە تیرۆریستیەیە؟

کامەران محەمەد: ئەی بۆچی ئەوکات کەتیرۆرەکە ڕویدا،  یەکێتی ھیچ ھەڵوێستێکی نەبوو؟! خۆ سەرۆکی پەرلەمان ئەرسەلان بایز بوو کە مەکتەب سیاسی یەکێتیە؟! یەکێتی لەبەرەی ستەمکارییە و بێدەنگی ئەوکاتیشی نیشانەی ڕازیبوننییەتی، لە باشترین حاڵەت خۆنەبانکردنیەتی لە بابەتەکە، ئینجا ئێمە بۆچی ڕاگەیاندنی یەکێتی بکەینە دەلیلی بابەتێک، کە ھەموو خەڵک دەیزانێت، ئەوان دەیانەوێت لەپەنای سەردەشت عوسمان شەڕی حزبیی خۆیان بکەن و ئەو ڕاگەیاندنەش ھیچ بەھایەکی نییە، ھەر بەبێ ڕاگەیاندنی یەکێتیش، ئەوە یەکلابۆتەوە کە پارتی سەردەشت عوسمانی تیرۆر کردوە، من بەدەیانجار گوێم لە کادیری پارتی بوە لەکاتی گفتوگۆ پاساویان بۆ تیرۆرەکە بەوە ھێناوەتەوە، کە کەسێک لەسەر ناموسی تۆ بینوسی، چی لێ دەکەی؟! ئەمە خۆی ددانپێدانانە بەتیرۆرەکە!

 بۆپێشەوە: دوای هەموو كردەوەیەكی تیرۆریستی، دەسەڵاتی سیاسی سیناریۆی ساختە وەڕێدەخات، كەسانێك وەكو تۆمەتبار دەخاتە ڕوو، لەهەموو ئەو سیناریۆیانەشدا مایەپوچ دەبێت، كەچی دەستبەرداری ئەم سیناریۆ پوچانە نابێت… چۆن دەڕواننە ئەم مامەڵەیە؟ تەنانەت لە دواترین کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان هەمان سیناریۆ دووبارە کرایەوە.

کامەران محەمەد:  لە ھەندێک  ڕووەوە پارتی حزبێکی بەھێزە، چونکە خاوەنی ھێز و پارەیە، بەڵام سیناریۆی تاوانەکانی  زۆر بێھێزە، خاڵی بێھێزیەکەی ئەوەیە کە سیناڕۆکە ناڕاستە، بۆیە لە شوێنێک پەتی ئەو ناڕاستیە دەپسێت، لەبیرمە جارێک ھەر لە پڕۆسەی دادگاکەی سەردەشت عوسمان، حاکم دۆسیەکەی ڕەتکردەوە؟! دژیەکییەکی زۆر لە قسەکانی تۆمەتباردا ھەبوو! ئەم بابەت و جۆرە سینارۆیانە  لەھەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار ڕوودەدات، بۆ نمونە کەیسی تیرۆری خاشقچی لەناو بالوێزخانەی سعودیە لە تورکیا، سەرەتا سیناریۆیان بۆ ڕێکخست و تەواوی دەوڵەتی سعودی خەریکی چنینی سینارۆکە بوو، بەلام دواتر مایەپوچ دەرچون، ئەوەی سەردەشتیش ئەنخامەکەی ھەمان شێوە بوو.

بۆپێشەوە: لاتان وایە دەبێ چ بكرێت تا ئەو دۆسیەیە بەئاكامی خۆی بگات، بەو مانایەی بكوژانی، نەخشە دارێژەرانی ئاشكرا بكرێن و رادەستی دادگا بكرێن؟

کامەران محەمەد: ڕاستیەکەی ئەو دۆسیەیە لای خەڵکی ھەرێم بەئاکام گەیشتوە و ئەوەی ماوەتەوە سزادانی بکوژانە، ئەمن پێموایە تا ئەو دەسەڵاتە حوکم بکات، تاوانبارانی ھەقیقی ئەو تاوانە نادرێنە دادگا، ئەو حاڵەتە چەند تاڵ بێت، بەڵام ئازادیخوازان بێئومێد ناکات لەوەی ئەم کەیسە بە زبدوویی بھێڵنەوە، ئەگەر سەیر بکەین، سەردەشت عوسمان وەکو مۆتەکە بەدوایانەوەیە، کەم ناڕەزایی ھەیە لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوە، وێنەی سەردەشتی تێدا بەرز نەکرێتەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لەدادگایی کردنی بکوژانی و سزای یساییش لەسەر کات وەستاوە.

بۆپێشەوە: دنیای دەرەوە مەبەستمان میدیا و ناوەند و كۆڕوكۆمەڵە نێودەوڵەتیەكانە، چ رۆڵێكیان لە پەیوەند بە دۆسیەی تیرۆرەكانی كوردستانەوە هەیە؟

کامەران محەمەد: دونیای دەرەوە زۆر باش ئاگاداری کەیسی تیرۆر و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسانە، کاتێک عێراق دەکەوێتە ناوچەی سوور بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، خۆ ھەر لەخۆوە نییە، بەیاننامە و ڕاگەیاندنەکانی ھیومان رایت و ڕۆژنامەوانانی بێسنوور و ئەمنستی و دەیان ڕێکخراوی تر، بەسە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری شێوازی حوکمڕانی ئەم ھەرێمە ببن. ئەمن پێموایە ئەم ھەڵوێستانە کاریگەرییەکی زۆریان ھەیە لەسەر لادانی ماسکی ئەم دەسەڵاتەی کە بەھەزار شێوە لە دونیای دەرەوە خۆی ماکیاژ دەکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.