خەریكە ڕەنگی دایكم دەگرم

0

خەریكە ڕەنگی دایكم دەگرم

 

ئەگەر دەمتوانی

لەوبەرو لەخوار خۆمەوە

وێنەیەكی ڕەش و سپیم لەگەڵ بادا دەگرت

بەدەستەكانی خۆم

هەموو جەستەی خۆمم بزمار ڕێژ دەكرد

بەهەر پەلە قاژەیەك بوایە

خوایەكم لەقوڕ بۆخۆم دروستدەكردو

وەك ئاو دەمنوسان بەخۆمەوە

وەك برسێتی سەرم بەكۆشیا شۆڕدەكردەوە

ئەگەر دەمتوانی لەوبەر خۆمەوە

خۆم فێری سەمایەكی شێتانە دەكرد

بەڕوتو قوتی بەناو هەورەكاندا ڕامدەكرد

بەردم دەگرتە پەنجەرەی ئەوماڵانەی

كەشەرەف بەنرخی تۆڵەكە دەفرۆشن

نامەوێت ئیتر لەمەولا وەك جاران

خۆمم خۆشناوێت و بەلای سێبەرەكەی

خۆمەوە ناگریم

ناچمە بەر ئەو ئاوێنانەی كەدەموو چاوم

بەهەڵەو گێڕاوی و بەسەر جەستەمدا شۆڕدەكەنەوە

دایكم لەژێر چاوەوەو بەدزی خۆیەوە

سەیرم دەكات و ئەیەوێت بڵێت كوڕم

جیكە جیكی دەرگاكەی دەرەوە هەراسانی كردوم و

سەرم پڕپڕبووە لەگۆرانی ناسازو

لەقسەی هەڵیتو پەڵیت

دەرگاكە بكەرەوە وابزانم ئەوە باوكتەو

بەسەردان لەمردن گەڕاوەتەوەو

ئەیەوێت بتباتە بەرئاوێنەكەو پێت بڵێت

تەماشایەكی خۆت بكە

بزانە كامان ڕەنگی مردومان لێنیشتووە

 

ئەگەر دەمتوانی

باوكم لێرە دادەناو خۆشم بەپێخاوسی

بەكۆڵانەكانی مردنا ڕامدەكرد

هەتاهێزم تیابوایە هاوارم دەكردو

دەمگوت من بەدوای مریەمێكدا دەگڕێم

فێری فڕینم كات

فێری گریانم كات

فێری مردنم كات

……………

 

حەکیم میرزا

١٢/٤/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.