کۆمەڵی ماسک.. نووسینی: شەماڵ بارەوانی بەشی یەکەم
کۆمەڵی ماسک..
نووسینی: شەماڵ بارەوانی
بەشی یەکەم
کۆمەڵی ماسک، ئەو کۆمەڵەیە: لێناگەڕێت تاکەکان بەپێی حەز و ئازادی و ئارەزووی خۆیان بژین. لە کۆمەڵی ماسکدا، ئازادی مرۆڤەکان بە کۆمەڵێک تابووی ئایینی و بڤەی مەزهەبی و هیڵی نەریت و تەلبەندی خێڵ و تابووتی نێرسالاریەوە، دەور دەدرێت. لە کومەڵی ماسکدا، مەرج نییە، تاکێک کە ماسک دەبەستێت، حەزی بەو بەستنەی ماسک بێت و بە ویست و ئازادی و ئیرادەی خۆی ئەو ماسکەی بەستبێت، نەخێر، بەڵکوو ئەو ناچاری بەستنی ماسک کراوە.
لە کۆمەڵی ماسکدا، کاتێک لێناگەڕێن تۆ خۆت بیت، بە ویستی خۆت هەڵبژێریت و بە حەزی خۆت و بەپێی خەون و خولیا و ئاواتەکانی خۆت بژیت، بە پێی بیروباوەڕ و قەناعەتی خۆت ژیان هەڵبژێریت و بە پێی ئازادی خۆت بژیت، هەموو شتێکت دەبێت بەپێی هەڵبژاردنی ئەویتر و لەسنووری حەز و ئارەزووی ئەوانیتر بێت، بۆ ئەوەی بژیت، ژیانێکی بێ حورمەتکرا و ئەتکراو.
ژیانێکی لەمانا بەتاڵ کرا و بە قەفەس کراو. ژیانێکی دەستبەسەرداگیرا و بێ بەهاکراو، ئەوە دەبێت ڕەگەڵ مێگەڵ بکەویت و تۆسەر بە ئایینی دەوڵەت بیت، هەڵگری ئەو ئەقیدە و بیروباوەڕە بیت، کە هەموان لەسەری دەڕۆن.
لەسەر مەزهەبی گشتی بیت و وەکو پەندە کوردیەکە دەڵێت (تەبای عامێ، دەچمە شامێ) بژیت و، ڕێک هاوشێوەی ئەوانیتر بیربکەیتەوە و کۆپی پێستی تێگەیشتن و دۆگم و سێبەری ئەوانی تر بیت.
بە هەمان شێوەی ئەوان بپۆشیت و ڕێگا بکەیت و ڕێک نوسخەیەکی قەناعەتی ئەوانیتر بیت. هەرگیز، بوێری ئەوە نەکەیت جیاواز ببینیت و بیربکەیتەوە و هەنگاو بهاوێژیت و خاوەنی ڕوئیا و بیرو باوەڕێکی تر و دیدێکی تر بیت، گەرنا لە کۆمەڵی ماسکدا، هەرگیز، تۆ جێگات نابێتەوە.
لە کۆمەڵی ماسکدا، ناچار دەکرێیت لە ئاشکرایی و لە بەردەم هەمواندا، شتێک بکەیت و بڵێیت، کە بڕوات پێی نییە، لە کۆمەڵی ماسکدا، شتێک بە سەرتاکدا دەسەپێندرێت، لەناخەوە قەناعەتی پێی نییە.
لەبەر لۆمەی خەڵک و سەرزەنشتی ئەویتر و پێوەرەکانی نەریت و ڕێساکانی خێڵ و سیاسەتی باو ترسی خێزان و تابووی ئایین و هەڕەشەی مەزهەب، ئەنجامی دەدات.
کۆمەڵی ماسک، بە زۆری مرۆڤەکان دەکات بە دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵ، مرۆڤێک لە ترسی یاسا توندەکانی دەوڵەت، سەرزەشت و لێ پێچینەوەی خێزان، لۆمەی کۆمەڵ و ئەوانیتر، کەڵبەی مەزهەب و ئەقڵیەتی بابسالاری و لە دەرەوە و لە بەرچاوی هەمواندا، لەچک و باڵاپۆشی بکات.
نموونەی: کۆماری ئێرانی ئاخوندەکان، دەوڵەتی ئیسلامی داعشی تیرۆرست، ئەفغانستانی تاڵیبانی فۆندەمێنتالیست، سیستەمی وەهابیزمی سعودیا، دواجار تاک، هەرکە لەو قەفەسی ماسک و تونێلی مەزهەب و دەوڵەتی ئایینی و بۆتەی دیلێتیەدا، ئازاد بوو و بواری بۆ ڕەخسا و ترسەکە نەما، ئەو لەچک و باڵا پۆشیە بە زۆر بەسەردا سەپێندرا و پێکراوە، خێرا فڕێدەدات و دەیان سوتێنێت. ئیتر ئەو هەموو کەپتەی چەند ساڵەی ناوەوەی دەتەقێتەوە و ئەوە دەکات خۆی حەزی لێیەتی و چەندین ساڵە، بەهۆی بت و هێڵ و قەدەغە و ڕێگری و فشارەکانی کۆمەڵی ماسکەوە، بەهۆی تابووی ئایین و کەڵبەی مەزهەب و هەڕەشەی خێڵ و نەخۆشی و جەهل و دواکەوتوویی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ترسی خێزانەوە، لە ناخیدا کەپتی کردووە و پەنگی خواردووەوەتەوە و لێی قەدەغەکراوە..
ماویەتی