ئامانج نوری: بەدیدی من، هێزو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەتایبەت پارتی ویەکێتی، لاوازترین قۆناغ چاوەڕوانیانە لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عیراقەوە تا ئەمڕۆ دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ئامانج نوری چالاکی سیاسی سەبارەت بە بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق…

0

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ئامانج نوری چالاکی سیاسی سەبارەت بە بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق…

بۆپێشەوە: ناو ماڵی “شیعەكان” لێكترازاوە، ئەم لێكترازانە چ كاریگەرییەكی لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەبێت؟

ئامانج نوری: لەتبوون و دابڕان، لەماڵی شیعەدا،  کەبنەماکەی ئایدۆلۆجییەتی جیاوازی دوو جەمسەری شیعیی “حوجەتیی وەلائییە”، ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی هەیە، لەسەر پرۆسەی سیاسی و پێکهاتنی لایەنەکان بەئامانجی دروستکردنی حکومەتی ئایندەی عیراق، دوو ئەجێندای جیاوازن.

بۆپێشەوە: لەهەڵبژاردنەكاندا لایەنە شیعەكانی سەر بە ئێران پاشەكشەیان كرد، و باس لەوە دەكرێت ئەو لایەنانە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، ئایا ئەمە چ كاریگەریەكی لەسەر حكومەتی داهاتوو،  و شەقامی عێراقی دەبێت؟

ئامانج نوری: وەک باسم کرد، ئێستە موقتەدا صەدر وەک عەرەب ئەڵێت؛ بین المطرقة والسندان”. ئەو پێداگرییەی لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی، بۆ لێدانە لەباڵەکەی تری شیعەی سەر بەئێران، کەبەهۆکاری کێشەکانی عیراقیان ئەزانێت. رەنگە خۆشی ئارەزووی بوون بە ناوەندی کۆکردنەوەی شیعەی هەبێت لەعیراقدا، لەدەوری بۆچوون وئەجێنداکانی.. کەلەم قۆناغەدا لەگەڵ خواستی تورکیاو سعودیەو ڕۆژئاوا هاوتەریبە. ئەوەش دژ بەئەجێنداکانی ئێرانە، کەخۆی ئەبینێتەوە لە؛

یەکەم؛ کۆکردنەوەی هەردوو جەمسەری شیعە لەتەحالوفێکی مەییال بۆخۆی، “لەقۆناغی پاش کشانەوەی ئەمریکا لەعیراق”.

دوهەم؛ لاوازکردنی کوردو عەرەبی سوننە.

سێهەم؛ هەمواری دەستوری عێراق، وتێپەڕاندنی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیدراڵی، گۆڕینی ڕیشەیی عیراق وناساندنی وەک ” جمهوریة عراق الإسلامیة”، کەئەوە پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران و قوڵاییەکەی لەخۆرهەڵاتی ناویندا، ئەباتە قۆناغێک، کە ئیتر ئێران وەک زلهێزی ناوچەیی وجیهانی بیهڵێتەوە بەرامبەر هەریەک لەسعودیەو تورکیاو ئیسرائیل…ئەوەش خەون وستراتیژی ئێران بووە، هەر لەسەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران ـ عیراقەوە.

بۆپێشەوە: لەهەڵبژاردنەكاندا لایەنە شیعەكانی سەر بە ئێران پاشەكشەیان كرد، و باس لەوە دەكرێت ئەو لایەنانە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، ئایا ئەمە چ كاریگەریەكی لەسەر حكومەتی داهاتوو،  و شەقامی عێراقی دەبێت؟

ئامانج نوری: وەرگرتنی هەڵوێست وبەشدارینەکردن لەحکومەت یان ئیقصاکردن، هەر بەرەیەک لەو دوو بەرەیە بیکات، ئەرکی حکومەت ئەستەم ئەکات، بەئاڕاستەی باشکردنی دۆخی هاوڵاتییان بەتایبەت و  عیراقیش بەگشتی..چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەحزابی چەکداری سەر بەمەرجەعیەتی قومن لەئێران، خامەنەئی بەمەرجەعی خۆیان ئەزانن، هۆکاری پشێویی ولاوازکردنی حکومەت ئەبن، وەک چۆن لەپەرلەمانی ئەمجارە کردیان. بەهەمان شێوە صەدریەکانیش کەسواری شەپۆلی نارەزاییەتییەکان بوون لەناوەراست وخوارووی عیراق، ئەگەر ببنەوە ئۆپۆزسیۆن ئەوا هەمان سیناریۆی پێش هەڵبژاردن دووبارە ئەکەنەوە. ئەگەر تەحالوفاتیش بکەن لەگەڵ باڵەکەی تری شیعە، ئەوا شەقام لەدەست ئەدەن. چونکە لەسەر بنەمای دژایەتی فەسادو دەستوردانەکانی ئێران، سەروو حەفتا کورسییان مسۆگەر کرد. ئەمجارە ئەکەونە ژێر پرسیاری شەقامی عیراقییەوەو بەدەردەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەچن. بۆیە هاوکێشەکە بۆ هەردوولایان ئاڵۆزەو بەزیانی گەورەی شیعەی عیراقە.

بۆپێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت( پارتی و یەكێتی) لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟

ئامانج نوری: بەدیدی من، هێزو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەتایبەت پارتی ویەکێتی، لاوازترین قۆناغ چاوەڕوانیانە لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عیراقەوە تا ئەمڕۆ، ئەگەر بڵێم تەهمیش ئەبن رەنگە زیادەڕۆیی نەبێت. بەتایبەت دوای ئەو نمایشە سەقەتەی کردیان لەسەر شانۆی سیاسی لەبەغدا لەم خولە نوێیەی پەرلەمانی عیراق و دابەشبوونیان بەسەر هەردوو بەری شیعەدا، بەدوو خیتابی جیاوازو نیمچە دژبەیەک، لەسەر بەشداریکردن لەپرۆسەی سیاسی و وەرگرتنی پۆستی سەرەک کۆمارو دۆسییەی نەوت وگازی هەرێم. کەئەوەش رەنگدانەوەی نێگەتیفی هەبوو لەسەر ئیدارەی هەرێم، باجێکی قورسی ئەبێت. لەعیراقیش دوای یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەبەغدا، لەهەردوو ئەگەرەکەو ئەنجامی کێشمەکێشەکەدا، پێگەیان صفر ئەبێتەوە لەبەغداو دەوریان لاوازەو نامێنێن بەبەهێزی.

بۆپێشەوە: زوربەی خەڵكی عێراق و كوردستان بڕوایان بە حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان نەك نەماوە، بەڵكو لێیان بێزارن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەكرێت كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حزبانە بهێندرێت؟

ئامانج نوری: دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان، کەدەسەڵاتدارن، ئێستە متمانەی خەڵکی کوردستانیان لەدەستداوە، بۆشاییەکی گەورە دروست بوە لەنێوانیان لەلایەک و، لەنێوان خۆیان وخەڵکیش لەلاکەی تر… ئەمانە حزبی چەکدارن وسیستمی حوکمی عائیلی بەتەواویی پەیڕەو ئەکەن، دارایی و وزەو نەوت وبازاڕو  ودەزگای ئەمنی ودۆسییەی عیلاقاتیان تەواو کۆنترۆڵ کردوە. دوای بەشداریکردنی ئۆپۆزسیۆن لەدەسەڵات و شەریکایەتیکردنی یەکێتی وپارتی، شەقامی کوردستانیی بەتەواوی نائومێد بووەو ڕەشبینە، زەحمەتە لەم قۆناغەدا متمانە بەئۆپۆزسیۆنێکی نوێ بکرێ ” کاتی خۆی دوای هەڵکردنی دروشمی بەرەو دەسەڵات ڕووبەڕوو ئەەوەم بەخوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا ووتوە”. ئەگەرەکان وسیناریۆی گوڕانکاریی زۆرن، بەڵام زەحمەتن.

دەریشکەوت بە هەڵبژاردن لە کوردستان “ئینتیخابات”، نەتوانرا گۆڕانکاریی بکرێ لە بارو دۆخەکە، ئەگەر زۆرینەی کورسیەکانیش بهێنن، چونکە دوو حزبی چەکدارن. ئەلتەرناتیڤیش هێشتا نەخەمڵیوە!

بۆپێشەوە: عێراق سیستەمی پەرلەمانییە، لە سیستەمی پەرلەمانیشدا سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتی و رەمزییە و دەسەڵاتی سنوردارە… هۆکاری ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چییە؟ پێتوانیە ململانێکانی نێوانیانە لە کوردستان دەیگوازنەوە عێراق؟

ئامانج نوری: ململانێی دوو هێزە کوردییەکە لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بێمانایەو، لەپێناو دەسکەوتی مادیی و مەعنەویدایە، بۆ مانەوەیانە لەهاوکێشە عیراقییەکەدا، ئەکرێ واش لێکبدرێتەوە کەصیراعێکی عائیلەکانی حوکمە لەکوردستان و رەنگدانەوەی لەبەغدادیش هەیە لەپێناو سڕینەوەی یەکترو هەیمەنەکردندا، ئەوە لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە، ڕەگ وڕیشەی هەیەو ئێستەش لەفۆرمێکی نوێدا بەردەوامە.

هیچ ئیشتباهێکیش نییە گەربڵێین؛ پۆستی سەرەک کۆمار لەسەر ئەرزی واقیع بۆ  کورد هیچی لێ سەوز نەبووە، بەبەڵگەی ئەوەی نەیتوانییوە هیچ کام لەدۆسییە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان یەکلا بکاتەوە وەک؛ یاسای نەوت وگاز، پێشمەرگە، مادەی140، جینۆساید، بودجەی کوردستان و تاد.

Leave A Reply

Your email address will not be published.