کاریگەرى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا و هەناردەى گازى هەرێم بۆ ئەوروپا, لەسەر هەرێمى کوردستان چى دەبێت؟ نووسینی: ئەحمەد هەورامى

0

کاریگەرى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا و هەناردەى گازى هەرێم بۆ ئەوروپا, لەسەر هەرێمى کوردستان چى دەبێت؟

نووسینی: ئەحمەد هەورامى

     شەوى (17)ى ئەم مانگە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى لەناو خاکى هەرێمى کوردستان بۆ سەر پێگەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان لەناوچەکانى چیاى کورەژارۆ و زاب و مەتینا و ئاماشین لە ئامێدى دەستى پێکرد، ئەوەش دواى دوو ڕۆژ بوو لە سەردانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ تورکیا و کۆبوونەوەى لەگەڵ ئۆردوغان و سەرۆکى دەزگاى میتى ئەو وڵاتە. خەونى تورکیا خەونێکى گەورەیە، تورکیا دەیەوێت هەموو باشوورى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان داگیر بکات و ئیمپڕاتۆریەتى گەورە دروست بکات و نەخشەى وڵاتەکەى فراوان بکات.

کەجەکە لە ڕاگەێنراوێکدا ((ئاماژەى بەوە کردووە پەدەکە دەڵێت پشتگیرى لە هێرشى داگیرکەرى دەوڵەتى تورک ناکات، ئەوەتا بەهەموو شێوەیەک لەڕووى هەواڵگرى و لۆجستى پشتگیرى لە سوپاى تورکیا دەکات بۆ گەمارۆدانى ناوچەکانى گەریلا.

سوپاى تورکیا نەیتوانى لە کورەژارۆ لە ئاسمانەوە هێزەکانى جێگیر بکات.

 بەهاوکارى پەدەکە هێزەکانى خۆى گەیاندە شیلادزێ و لەڕووى زەمینیەوە خۆى گەیاندە ناوچەکە، ئەمەش نیشان دەدات تا چ ئاستێک پەدەکە هاوکارى دەوڵەتى تورکیا دەدات)).

بەگوێرەى زانیاریەکانى خەڵکى ناوچەکە سوپاى تورکیا داواى کردووە کە دەبێت ((هێزەکانى زێرەڤانى و هێزەکانى ڕۆژ و لیواى تایبەت)) شان بەشانى هێزەکانى تورکیا لەو زنجیرە چیایانە دابنرێن، هاوکات داوایان لە خەڵکى ناوچەکە کردووە لەناوچە سەربازییەکان نزیک نەبنەوە. لەهەمان کاتدا داوایان لە بەغداد کردووە کە هێز بەکار بهێنێت دژى پەکەکە لە شەنگال. بەگوێرەى ئەو دەستپێکە دەبێت چاوەڕوان بین لەچەند ڕۆژى ئایندەدا هێرشى زەمینى تورکیا بەشێوەیەکى فراوان و بەرنامە بۆداڕێژراو بۆسەر باشوورى کوردستان دەست پێبکات. هاوپەیمانیەتى نێوان پارتى و تورکیا تەنیا لەوەدا گۆشەگیر نابێت کە ڕێکەوتنێکى سیاسى بێت، بەڵکو ئەم هاوپەیمانییەتە هەڵبژاردەى ڕێگاکەیە. زۆر مەترسیدارە بۆسەر بوون و ئایندەى میللەتى کورد، ئەم هاوپەیمانیەتە نزیکە لەوەى کوردستان و پرسى ڕزگارى نەتەوەیى بەرەو چارەنووسێکى زۆر مەترسیدار بەرێت، دوور نییە ئەم وڵاتەش بە دەردى ئۆکرانیا نەبرێت.

 وەزیرى بەرگرى تورکیا ڕایگەیاند ئۆپراسیۆنى سەربازى ((چەنگى قوفل))ى سوپاى تورکیا لەناو خاکى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و درێژە دەکێشێت.

تورکیا لە ئۆپراسیۆن و لەشکرکێشیە داگیرکاریەکەى واى دەبینێت کە باشوورى کوردستان بەشێکە لە خاکى تورکیا و دوژمنایەتى تورکیا بەرانبەر کورد ئاشکرایە لە باشوور و باکور و ڕۆژئاوادا.

ڕۆژنامەى ((ئیکسپریت ڕۆ))ى ڕوسى ڕاپۆرتێکى “لەژێر ناونیشانى پێشێلکارى سەروەرى خاکى عێراق لەلایەن تورکیا و بێدەنگى ڕۆژئاوا لەبەرانبەریدا بڵاوکردەوە، دەڵێت وەک ئەوەى دەسەڵاتدارانى تورکیا ئاماژەیان پێکردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەى بە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانیەکان ئەنجام دەدرێت، مەبەستیش لەوە وەک دەردەکەوێت حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى. ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوە کردووە لەهەمان کاتدا وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین ڕایبگەیەنن کە ئەنقەرە پێشێلکارى بەرانبەر بە سەروەرى وڵاتێکى تر و بەرانبەر یاساى نێودەوڵەتى ئەنجامدراوە، دەشڵێت تورکیا هێزى ڕەوانەى ناو عێراق دەکات وەک ئەوەى نیشتمانى خۆى بێت، سەروەریەکەش پێشێل دەکات، لەبەرانبەریشدا ڕۆژئاواییەکان هیچ جۆرە سزایەکى بەسەردا ناسەپێنن بەڕوونى دیارە تەنیا لەبەرئەوەیە کە تورکیا ئەندامى ناتۆیە. لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە لەبەرانبەر دەستێوەردانى سەربازى ڕوسیا لە ئۆکرانیادا هەڵوێستى زۆر توندیان پیشانداوە”.

ئۆردوغان لەکۆبوونەوەى فراکسیۆنى پارتەکەى لە پەرلەمانى تورکیادا سوپاسى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى کرد بەرانبەر ئەو هاوکاریەى کردوویانە لە ڕوو بەڕوو بوونەوەى تیرۆردا و ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکە بەهاوکارى حکومەتى عێراق و هەرێم ئەنجامدراوە.

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق وەڵامى لێدوانەکانى ئۆردوغانى دایەوە و ڕەتیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنى سەربازى تورکیا لەخاکى هەرێمى کوردستاندا بەهەماهەنگى و ئاگادارى حکومەتى ناوەند کرابێت، لەهەمان کاتدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنى سەربازى تورکیا پێشێلکردنى زەقى سەروەرى خاکى عێراقە و هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیى خاکى عێراق و زیانیش بە هاوڵاتى سڤیل دەگەیەنێت.

 بەڵام وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى ڕەتى نەکردەوە هاوکارى تورکیا کرابێت بۆ ئەنجامدانى ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر خاکى هەرێم و تائێستاش حکومەتى هەرێم بەڕەسمى ئیدانەى هێرشەکانى سوپاى تورکیاى نەکردووە بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان. ئەم ئۆپەراسیۆنەى سوپاى تورکیا جگە لەوەى پێشێلکردنى ڕوونى سەروەرى خاکى کوردستان و عێراقە و بێ بەها کردنى یاساى نێودەوڵەتییە، گومان دەکرێت ئەم ئۆپەراسیۆنە لێکەوتە و ئەجینداى ترى لەپشتەوە بێت.

دەوڵەتى تورکیا سەد ساڵە نایەوێت بە عەقڵانى سیاسەت بکات و لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگات چیتر پەلامار و هێرشى سەربازى و زمانى چەک و قین و توڕەیى بەرەو بەدیهێنانى ئامانجە ستراتیژییەکان نایەتەدى.

جێگەى داخە تورکیا توانیوویەتى “یەکڕیزى کورد” تێک بدات و هیچ متمانەیەک لەنێوان هێزە کوردییەکان نەهێڵێت.

دەبێت خەڵکى کوردستان بەگشتى و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان هەست بە مەترسیەکانى پشتى هەنگاوەکانى سوپاى داگیرکەرى تورکیا بکەن و هەڵوێستى نیشتمانیان هەبێت بەرانبەر نیازەکانى تورکیا لە هەرێمى کوردستاندا.

دەسەڵاتى سیاسى هەرێم بەمەبەستى ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم ئەزمە سیاسى و ئابوورى و ئیدارییە قووڵە هەموو هەوڵى خۆى خستووەتەگەڕ تا کاریگەرى لێکەوتەکانى ئەم هەلومەرجە تازە و ئەزمەکانى بەسەر جەماوەرى بێبەشى کوردستان بشکێتەوە.

لە هەرێمى کوردستان و عێراقیشدا گازى سروشتى بووتە بابەتێکى گەرم و جێى ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسەکان و حکومەتى هەرێم و عێراقى فیدراڵ. ئەم بابەتە تەنها لەچوارچێوەى عێراقدا نەماوەتەوە، بەڵکو هەردوو جەمسەرە هەرێمییە خاوەن بەرژەوەندییەکانى هێناوەتە قسە و ململانێ کە ئێران و تورکیاى دراوسێى عێراقن. هەردوو وڵات بە ئاڕاستەى جەمسەربەندى جیهانیە لە ململانێیەکى توندن بۆ کۆنترۆڵکردنى ڕزگارى هەرێمى کوردستان و عێراق، لەم نوێوەندەدا هەرێم کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشى بەهێزى ناوچەیى ئەگەر بە وریایى مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نەکات دوور نییە ببێتە مایەى هەڕەشە و دەستێوەردان. ئاڕاستەکردنى موشەکەکانى پاسدارانى ئێران بۆسەر هەولێر ئاگاداریەکى توند بوو بۆ حکومەتى هەرێم لەوبارەیەوە.

مەسرور بارزانى لەسەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا ئاماژەى بەوە کرد دەتوانن ببنە جێگرەوەى دەوڵەتى ڕوسیا لە هەناردەى گازى سروشتى بۆ یەکێتى ئەوروپا، ئەم دڵنیاکردنەوەى مەسرور بارزانى بە هەناردەى گازى هەرێم لەڕێگاى تورکیاوە بۆ ئەوروپا کاردانەوەى توندى چاودێران و شارەزایانى سیاسەتى نێودەوڵەتى لێکەوتەوە بەشێوەیەک بە کێشەیەکى ناڕەوا و ناشارەزایانە لێکدرایەوە، بەهەر نزیک بوونەوەیەک لە یەکێتى ئەوروپا بەواتاى بەدژایەتى ڕوسیا دەبینرێت. نیشاندانى غازى کوردستان وەک بەدیلى گازى ڕوسیا بۆ وڵاتانى ناتۆ هەرێمى کوردستان دەخاتە نێو شەڕێکى نێودەوڵەتیەوە کە هیچ کات هەرێم کەرەستەى بەرگریکردنى لە خۆى نییە.

کارتى بەهێزى ڕوسیا بەرانبەر یەکێتى ئەوروپا و وڵاتانى ناتۆ کارتى وزەیە بەتایبەتى گاز، هەوڵدانى هەرێم بۆئەوەى کارتى گاز لەجێگەى ڕوسیا بسوتێنێت ئەوە ئەوپەڕى کورتبینى سیاسیە، هەرێم نەپێگەى جیو سیاسیە و نە بەتواناى ئابوورى و سەربازیەکەى و نەڕەوایەتى دەستوورى یاساییەکەى هى ئەوەبێت بچێتە ململانێیەکى نێودەوڵەتى گەورەوە!

ئەم هەنگاوەى حکومەتى هەرێم و خودى مەسرور بارزانى… مەترسى گەورە لەسەر بارى ئابوورى هەرێم بەتایبەتى مووچە خۆرانى هەرێم دروست دەکات، چونکە وەزارەتى نەوتى عێراق پەرچە کردارى دەبێت لەسەر ئەو وەڵامەى هەرێم بەتایبەتى سەرۆکى حکومەت کە بڕیارەکە لەلایەن ئەوەوە دەرکراوە، ئەوکاتە هەنگاوەکانى داهاتووى وەزارەتى نەوت دەتوانێت کێشە بۆ بازرگانى نەوتى هەرێم دروست بکات بەشێوەیەک نەتوانێ نەوتەکەى بەڕەسمى ساغ بکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى نەوتى هەرێم لە بازاڕەکانى دەرەوە بە قاچاغ بفرۆشرێت.

دادگاى باڵاى فیدراڵى  بڕیارى ژمارە (2019) لە (15/2/2022) دەرکردووە، کرۆکى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بەم شێوەیەیە:-

1-نا دەستورى بوونى یاساى نەوت و غازى هەرێم ژمارە (22)ى ساڵى (2007) هەروەها هەڵوەشاندنەوەى یاساکە لەبەرئەوەى پێچەوانەى مادە دەستووریەکانى (110،11،112،115،121،130)یە.

2-پابەندکردنى حکومەتى هەرێم بە ڕادەستکردنى سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان دەریهێناون بە وەزارەتى نەوتى عێراق.

3-سکاڵاکار مافى ئەوەى هەیە بەدواداچوون بۆ پوچەڵکردنەوەى ئەو گرێبەستە نەوتیانەى کە حکومەتى هەرێم و نوێنەرەکەى (وەزارەتى سامانە سرووشتیەکان) لەگەڵ لایەنە دەرەکى و دەوڵەت و کۆمپانیاکان سەبارەت بە دۆزینەوەى نەوت و گاز گرێبەستیان کردووە.

4-هەرێم ڕێگەبدات بە وەزارەتى نەوتى عێراق و دیوانى چاودێرانى دارایى بەهەموو گرێبەست و مامەڵەیەکى نەوتیدا بچنەوە بۆ وردبینى و دیاریکردنى پابەندییە داراییەکان کە دەکەونە سەر حکومەتى هەرێم کە لە بودجەى فیدراڵى دیارى دەکرێت.

وەزارەتى نەوتى عێراق لە نوسراوێکدا داواى گرێبەستەکانى هەرێم بۆ ئەم مەبەستانەیە:.

1-تەماشاکردنیان لەلایەن تیمێکى پسپۆڕ و ڕاوێژکارانى وەزارەتى نەوتى عێراقەوە بە ئامادەکردنى نوێنەرى ڕێگەپێدراوى هەرێم.

2-گونجاندنى گرێبەستەکانى هەرێم و هەموارکردنیان بەپێى یاسایى بەرکارى عێراق و بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق.

وەزیرى نەوتى عێراق لەبارەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى یەوە دەڵێت / بڕیارەکە دەسەڵاتى بە وەزارەتى نەوت داوە بە هەڵوەشاندنەوەى ئەو گرێبەستەى کە هەرێمى کوردستان کردوویەتى، هەروەها دەسەڵاتى پێداوین بگەڕێین بەشوێن لێکەوتە داراییەکانى پڕۆسەى فرۆشتنى نەوت و غازى هەرێم لە ساڵانى ڕابردوودا، لەهەمان کاتدا بۆڕى نەوتى عێراق لەڕێگەى تورکیا لە دادگاى نێودەوڵەتییەکاندایە، تورکیا بە شێوەیەکى نایاسایى بۆریەکەى بەکارهێناوە.

دادگا ڕێگەى پێداوین کە نەوتى هەرێم بە نرخى سومۆ بفرۆشین و هەروەها دادگاى فیدراڵى دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستە نەوتیەکانى هەرێمى پێداوین و قبوڵى ناکەین کە نەوتى هەرێم کەمتر لە نەوتى عێراق بفرۆشرێت.

بەپێى زانیارییەکان حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنامەیەک وەڵامى وەزارەتى نەوتى عێراقى داوەتەوە تیایدا ئەو بڕیار و میکانیزمانەى وەزارەتى نەوتى عێراقى ڕەتکردۆتەوە کە تایبەتە بە جێبەجێکردنى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى و ڕادەستکردنى دۆسیەى نەوت بە بەغداد.

هەر هەنگاوێکى لەم جۆرەى ئێستاى هەرێم کارێکى ناپەسەند و هەڵەشەیە لە کاتى بوونى ململانێ و ناکۆکیدا، پێویستە حکومەتى هەرێم نەبێتە بەشێک لە کێشە و ململانێکان کە ڕەنگە داهاتووى قەوارەى هەرێم و سەروەرى خاکەکەى بخاتە ژێر مەترسییەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.