کورتە چیرۆک… نووسینی: ئارام حەسەن

0

کورتە چیرۆک

نووسینی: ئارام حەسەن

دوەمین بێوەژنی ئەو ڕۆژە لەجێی خۆی هەستا، چاوی ڕاستی بە داخکردن کوێر کرابوو، ئەوەندە بە خێرایی هەنگاوینا سەرپۆشەکەی کەوتە خوارەوە، گەیشتە سەر “سەکۆی سێ بەسێ” بەدەم تەماشاکردنی مەزرای بێوەژنە کوردەکانەوە، چاوی چەپی بڕیە گشت بێوەژنەیلی مەزرا، تووڕەیی لە ئاماژەی دەستەکانی دەباری، پەلەپەل بە شنەشنی پەرچەمی ڕەشیەوە دیاربوو، گەرووی پڕبوو لە (بەڵێ) و (نەخێر)ی خنکاو، دەستیکرد بە قسەکردن:

  ــ “سەیی گوندان نەما پێم نەحەپێ، ناوم هەمینە، عومرم بیستوچار سارە، مەحت و سەنای پیاوان لەکنە خۆمە، چزەی حەیاچوون ناچی بە دریاندا، لەمەوە دێنەدەر و دەبی لۆ خۆشمان پێیان بگەینین لۆ گیانی خۆمان، تا لە هێڕی و داماوی و دەرپێی مەدا خۆیان بەتار بکەنەوە، ئەوێ ڕۆژێ عومرم نۆزدە ساران بوو، ئاگام لە هیچ سەینوبەینەکی نەبوو، تا ئەو شەوەی بە بووکی بردیانم لۆ پیاوەک..

هەر ئەووەر شەوی لۆم بەدیارکەت مێردم عەقری ناتەواوە، بەرام بە باشی کردمیه ژن، خەزورم زگ گەورەکی چاوتەنگ بوو، ئەوەندە به شانوپیل خۆی بەدەردەخست لێی دەترسام، لە دوای مانگەک پێیگۆتم کوڕەکەی شێتە و لە ژنهینان و مێردکردن ناحاڵیە، گۆتی پیاوی دیکە دەینم لۆ سەر جێی نوستنت، گەلەک تووڕە بووم، گۆتم قسەکانت لۆ بابم و برایەکانم بگێڕمەوە پارچە پارچەت دەکەن، ئەوجا نەوێرام بمێنێمەوە، قسەکانیم بە بابم گۆت، بەرام بەهیچ جۆرەکی باوەڕی نەکرد، گۆتی ئەو پیاوە دایمە لە مزگەفت کەتیه، لە سڕەی پێشەوەش نەبی نوێژان ناکا، کوو دەتانی قسەی لۆ هەربەستی هەی بێعاری بێحەیا، ئەوجا لە ترسی باب و برایەکانم گەڕایمەوە مارە مێرد، گەلەک لە خەزورم پاڕایمەوە، گەلەک خودام کرد بە گژیا، گۆتم پێراوتان دەخەمە سەر سەر، عازرم هەتاکو مردن خزمەتکاری پێراوتان بم ئیستیفادەی نەبوو، لۆیێ لە ترسی تەراقدان لەگەڵ خەزورم ڕێکەتم، تا ئەو ڕۆژەی نەخۆشکەتم و خین لە ناوگەڕم چۆڕا مەعیشەتیان لە سەر وانێکی من بوو، لە باتی مێرد خەزور تەراقیدام، برایەکانیشم چاوی ڕاستیان کۆرە کردم، دونێ لە مارە باب هەراتم و گەیشتمە کن ئەنگۆ”

Leave A Reply

Your email address will not be published.