یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار لە کوردستان بە ڕێپێوان و مەراسیمی شکۆدار بەڕێوەچوو!

0

یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار لە کوردستان بە ڕێپێوان و مەراسیمی شکۆدار بەڕێوەچوو!

بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێو نەتەوەیی چینی کرێکار، ئەمساڵیش کرێکارانی کوردستان بە دەستپێشخەری حزب و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری، بە ماوەیەک لەوەپێشەوە ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە یەکی ئایار کرا. زۆربەی شارو شارۆچکەکان، بە دروشمە چینایەتییەکانی ئایار و داخوازییەکانی کرێکاران، لە… رێگای بڵاوکردنەوەی دەیان و سەدان لافیتەو تراکت و بانگەوازەکان بۆ بەرز راگرتنی یەکی ئایار ڕازێنرایەوە. هەروەها تیمەکانی بڵاوکردنەوەی پۆستەرو لافیتەکان، لەگەڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش گفتۆگۆیان ئەنجامدا. هاوکاتیش مەراسیم و ڕێپیوانی ئایار خرایە رۆژی جیهانی سەلامەتی شوێنی کار کە دەکاتە ٢٨/٤/ .

هەربەو بۆنەیەوە بۆنەی یەکی ئایار و ڕۆژی جیهانی سەلامەتی کار، لە شاری سلیمانی لەکاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ ڕێپیوانێک لە سەهۆڵەکەوە بەرەو باخی گشتی سازکرا، رێپیوانەکە بە بەشداری کریکاران و کارمەندان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کریکاری و جەماوەری و بە بەرزکردنەوەی دروشم و داخوازییەکانی کرێکاران، ڕازاێنرابۆوە، پاشانیش بەرنامەی یەکی ئایار لە مەراسیمێکی شایستەدا لە پارکی نالی بەڕێوەچوو… مەراسیم بە سرودی ئەنتەرناسیونال و بە دەقیقیەک بێدەنگی بۆ قوربانیانی شوێنی کار دەستی پێکرد. پاشان بەوتاری کۆمیتەی مەراسیم و خستنەڕووی داخوازیەکانی کرێکاران، چەندین وتار و پەیام  درێژەی پێدرا. دواتر چەندین وتەو وتار لەلایەن ئامادەکارانی رێپێوانەکەو و ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و کۆمۆنیست و چەپەوە پێشکەش کرا…

هاوکات لە شاری کەرکوکیش بەمەبەستی بەرزراگرتنی یەکی ئایار رۆژی جیهانی چینی کریکار، رێپیوانێکی تر بەرێوەچوو، کە کرێکاران و کارمەندان و چالاکوانانی بزوتنەوەی کرێکاریی وجەماوەری لەڕێگای لافیتەو دروشمەکانەوە داخوازییەکانی کرێکارانیان خستەوە ڕوو…

لەهەردوو مەراسیم و رێپیوانی یەکی ئایاری سلێمانی و کەرکوکدا، “نان و کار و ئازادی و خزمەتگوزارییەکان” سەرەکی ترین داخوازی کرێکارانی کوردستان بوون…

شایانی باسە، هەموو ساڵیک کرێکارانی کوردستان لە پاڵ هاوچینەکانیاندا لەسەراسەری دنیا، بۆ رێزگرتن لە یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کریکار، لەدەوری یەکتری کۆدەبنەوە، مەراسیم و ڕیپێوان ساز دەکەن، داخوازییەکانیان دەخەنە ڕوو، بە کۆمەڵگەی نیشان دەدەن کە ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە چینی کریکاریی جیهانی، کە دنیا بەهۆی کارو رەنجی ئەوان دەچەرخێ و هەرکاتێک ئەوان چەرخەکانی بەرهەمهێنان، رابگرن، کۆمەڵگە لە جوڵە دەکەوێت…

بژی یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار

Leave A Reply

Your email address will not be published.