خەمەکانم بوون بە کۆمەڵێک ڕستەی تێنەپەڕ.. شەماڵ بارەوانی
خەمەکانم بوون بە کۆمەڵێک ڕستەی تێنەپەڕ.. شەماڵ بارەوانی
بەهۆی تۆوە
خەمەکانم بوون بە کۆمەڵێک ڕستەی تێنەپەڕ و
ئۆگری مانەوەبوون لەنێو ڕێزمانی
خۆشبەختیم
بەهۆی تۆوە
تادێت و ملی ئازارەکانم
ئەستوور تر و
قەبارەی خەمەکانم
مەزنتر دەبێت
بەهۆی تۆوە
هەموو ڕۆژێک
لەم مەملەکەتەی دەروونم و
لەو سنوورەی لێوەکانم دالەگەڵ ناژتنی تەرمی دەیان خەندەی
بێ ناز
كۆمەڵە خەمێكی تری جەلاد
لەدایک دەبن
تۆ
بە چەقۆی خەیانەت
ڕووباری ئیشقت
ژاراوی
و
لاشەی خەونەکانمت
نەزیفکرد
دەماری خۆشباوەڕیت
بڕیم و
هەموو بەڵێنەکانت
لەبیرکرد
چیتر
لێ ناگەڕێم شەوانی تەنیاییم
وەکو چیرۆکە غەمگینەکانی
نێو ڕۆمانەکان درێژ بن
لێ ناگەڕێم
هەوری دڵ تەنگی
لە ئاسمانی تامەزرۆییم
گەواڵە بکات
و
قەدەر بەو زاراوە زبرە بمدوێنێ
لێ ناگەڕێم
کۆتری گریان لەسەر لووتکەی
هیوام بنیشێتەوەو
گمەی ناسۆری بخوێنێ
ئیتر ئەشک
بۆ ئیشقێکی ئەتکراو
ناڕێژم و
تەرمی درۆیەکانت لە گۆڕستانی دڵم
نانێژم
هەموو بیرەوەرییەکانت
دەتفێنمەوە
و
تەمی چاوەڕوانی
لە دەڤەری دڵپاکیما
دەڕوێنمەوە