دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز” كاوە عومەر” ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی چەپی عێراق؛ سەبارەت بە ٢٤ هەمین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپور عەبدولقادر و  و قابیل عادلدا …

0

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز” كاوە عومەر” ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی چەپی عێراق؛ سەبارەت بە ٢٤ هەمین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپور عەبدولقادر و  و قابیل عادلدا …

بۆپێشەوە: شاپورو قابیل بەر لەوەی پەیوەست بن بە ڕێكخراوە سیاسییەكان و پاشان حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی، خۆیان دوو رابەری ناسراو جەماوەری بوون، ڕۆڵی ڕابەری ئەوان لە ئاستی جەماوەری بێكاران و ئاوارەكاندا، تا چەندە هاریكار بوو لەوەی ئەو دوو تێكۆشەرە كۆمۆنیستە، ببنە رابەری لە حزبی كۆمۆنیستی كرێكارییدا؟

كاوە عومەر: سەرەتا زۆر سوپاستان دەكەم بۆ ئەو دەرفەتەی پیتان بەخشیم هەتا لەیادی ئەم دوو هاورێ و ڕابەرە خۆشەویستەدا بەشداربم.

 سەبارەت بەوەڵامی پرسیارەكەشتان ڕاستیەكەی پێوستە ئەوە بۆ پرسیارەكەتان ڕاست بكەمەوە كە ئەم دوو هاوڕێیە بەر لەوەی لەناو رێكخراوە جەماوەریەكاندا دەركەون لەناو ڕێكخراوە كۆمۆنیست و چەپەكاندا هەڵسوڕاو بوون، و دواتریش لە ئیمزاكەرانی دامەزراندنی حزبی كۆمۆنیستی كریكاری بوون لە ساڵی ١٩٩٣ دەورو نەخشی جدیان لەناو ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمۆنیستدا هەبووە بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵكی كوردستان بەتایبەت هاوڕێ قابیل عادل، و پاشان دەوریان لەناو ڕێكخراوەی جەماوەریەوە هەر لە بزوتنەوەی شورایی وپاشان ڕێكخراوكردنی ئاوارەكان وبێكاران لە دوای ڕاپەڕین لە شاری هەولێرو بەتایبەتی و هەموو كوردستان بەگشتیدا هەبوو. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم ئەوەی كە جێگەو ڕێگەی جەماوەری و دەركەوتنیان وەك دوو ڕابەر لەمەیدانی ڕێكخستنی بێكاران و ئاوارەكاندا سەرنجی حزبی بۆ ئەوە ڕاكێشا كە جێگەی ئەم هاوڕێیانە ناو ڕابەرایەتی حزبە. ئەم دوو هاورێیە بەهەموو ئەو كارانەی كردبوو كە لەناو ڕابەری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراقدا شوینی شیاوی خۆیان بدۆزنەوە، و لە ڕاستیشدا دەبیت حزبە كۆمۆنیستەكان زۆرینەی ڕابەرایەتیەكانیان هەر لەم ڕابەرە مەیدانیانە پێكبێت.

بۆپێشەوە: شاپورو قابیل، لەناو هەركام لە جوڵانەوە جەماوەریەكاندا نەك هەر زوو جێگای خۆیان دەكردوە، بەڵكو دەبوونە رابەی ئەو بزوتنەوانە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

كاوە عومەر: ئامادەیی مەیدانی و كاری شەوانە ڕۆژیان لەناو ئاوارەكان و یەكێتی بێكاران وەك دوو ئینسانی ماندونەناس و خۆشەویست و نزیك لەدەوروبەرەكەیان هەر زوو وەك ئاماژەتان پێداوە شوێنی خۆیان وەك ڕابەر لەناو ئەو دوو ڕێكخراوەیەدا كردبویەوەو بەدڵنیاییەوە هەر ئەو پێگەیەیان وەك دوو ڕابەری مەیدانی كە هەمیشە لە پێشی پێشەوەی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەكانی یەکێتی بێكاران وئاوارەكاندا بوون ودەوری بەرجەستەیان هەبوو لە ڕێكخستنی دابەشكردنی و دابینكردنی خۆراك وپێداویستی بەشێوەیەكی عادیلانە بەسەر ئاوارەكاندا.

 بۆپێشەوە: تیرۆری هاوڕێیان شاپورو قابیل، خەسارەتێكی گەورەبوو لە بزوتنەوە جەماوەرییەكان، لە بزوتنەوەی دژە بێكاری، بیخانەو لانەو ئاوارەكان، ئاكسیۆنە ئایارییەكان، بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان… چۆن دەكرێ ئەو بۆشایە پڕ بكرێتەوە، یان لاتان وایە ئەو جێگایە پڕدەكرێتەوە؟

كاوە عومەر: ئەڵبەت جێگای ئەو هاورێیانە بەداخەوە هەتا ئێستا كە٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت پڕ نەبوەتەوەو هەموان بارو دۆخی سەردەمی وجودی ئەو ڕابەرانەو ئەم چەند ساڵەی پاش ئەوان دەبێنین كە چۆن ئەو بۆشاییەی ئەوان پڕ نەبوەتەوەو بە دیاریكراویش لەشاری هەولێردا. تیرۆری ئەو دوو هاوڕێیە زەربەیەكی گەورەی لە بزووتنەوە جەماوەرییەكان وحزبی كۆمۆنیستی كریكاریی و چەپ بەگشتی داوە. بەڵام بەدڵنیایی درێژەدان بەڕێگاو ڕێبازو سوود وەرگرتن لە ئەزمونی هەڵسوڕان و ئامادەییەكانی ئەوان لەناو جەماوەردا دەتوانین نەك ئەو كەلێنە پڕ بكەینەوە، بەڵكو بارودۆخی سیاسی وكۆمەڵایەتیش بگۆڕین و ئاوات و ئارەزوی ئەو هاوڕێیانەو هەموو گیانبەختكردوانی ڕێگای ئازادی ویەكسانی بەدی بهێنین.

 بۆپێشەوە: شاپورو قابیل، هێندە خۆشەویست بوون هەر كەسێك ئەوانی ناسی با، زوو دەبوو بە هاوڕێیان، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

كاوە عومەر: ئەوەش هەر پەیوەند بەو كارو چالاكی و ئامادەیی وەستانەوەیانە لەپاڵ ئێش و ئازارەكانی بێبەشان وكرێكاران وبێكاراندا، ئەوان قسەو كرداریان یەك بوو تەنها لەمینبەرەكانەوە هانی خەڵكیان نەدەدا، بەڵكو مەیدانیەن لە پێش خۆپیشاندان و ڕوبەڕوبونەوەكانی خەڵكی مەحرومیشەوە كەخۆشیان بەشێك بوون لەئەوان دەوەستانەوە و هەر لەو ڕێگایەشدا چەندین جار زیندانی كرابوون و ڕوبەڕووی هەڕەشەی دەسەڵاتداران و لایەنە كۆنەپەرست و دژی ئازادییەكان بوبوونەوە.

 بۆپێشەوە: شاپورو قابیل، چەندین تایبەتمەندێتی ڕابەریان تیا بوو، بەرجەستەترین تایبەتمەندیەكانی رابەری ئەو هاوڕێیانە چی بوو؟

كاوە عومەر: هەروەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئامادەیی مەیدانی و و هەوڵدانیان بۆ ڕێكخستنی بێكاران و ئاوارەكان و ڕێكخستنی ناڕەزایەتیەكانیان و هەوڵدانیان بۆ دابینكردن و دەستەبەركردنی ماف وداخوازیەكانیان و خۆجیانەكردنەوە و وەستانیان لە كەناری ئەوانەی كە ئیدعای بەرگریلێكردنیان لێدەكردن بەشێوەی مەیدانی و نیشاندانی جورئەتی ڕوبەڕووبونەوە لەبەرانبەر دەسەڵاتداران و بەرگریكردنیان لەماف و داخوازییەكان پێگەی ئەوانی بەردەوام بەهێزتر دەكردو خۆشەویستیانی دەبردە سەرەوە.

 بۆپێشەوە: چ بیرەوەریەكی تایبەتیان لەگەڵ هاوڕییان شاپور یان قابیل هەیە؟

كاوە عومەر: ڕاستیەكەی من هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتی بێکاران و ئاوارەكان لە هەولێر ناوی ئەم هاوڕێیانەم بەرگوێ كەوتبوو، بەڵام بەهۆی كاری حزبیەوە لە سلێمانی لە كۆتایی ساڵی ١٩٩٠ كاندا لەگەڵ هاورێ شاپور زۆر نزیك بووین و ئەو كات من لە ڕادێویی حزب كارم دەكرد، ئەویش ئەو كاتە بەرپرسی هێزی سەربازی حزب بوو. لەوكاتەوە ئێمە پەیوەندی نزیكمان هەبوو. هاوڕێ شاپور هەتا بڵێیت لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە مرۆڤێكی كۆمەڵایەتی ڕوخۆش و قسەخۆش و میهرەبان بوو. لەڕوی سیاسیەوە ئینسانێكی پتەو و بەهێزو خاوەن باوەڕی تەواوبوو، دڵێكی پڕ لە هیوا و ئارەزوویی هەبوو هەر لەگەڵی بویتایە نەك هەستت بە بێ ئومێدی نەدەكرد، بەڵكو هەستت بەنزیك بونەوە لە بەگەیشتن بەئامانجەكانت دەكرد، چونكە بەڕاستی مرۆڤی خاوەن قسە و كردار بوو. ئێمە هەر لەو ماوەیەدا چەند جارێك لەگەڵ یەكێتی و ئیسلامیەكان كەوتینە دەرگیری و ڕوبەڕوو بوونەوە، و بنكەی ڕادیۆ بەهۆی هەڵوێست و ڕەخنەو سیاسەتەكانی حزب كەلە ڕادیۆوە پەخشدەكرا. لەهەموو ئەو ڕوبەڕوو بونەوانەدا هاوڕێ شاپور بەردەوام لەگەڵ هێزی چەكدارو هاوڕێیانی حزبدا شەو ڕۆژ دەوەستا، و خۆی بۆساتێكی جیانەدەكردوە. بەهاندان و قسە خۆشەكانی كۆڕوكۆبونەوەكانی پڕجۆش وخرۆشتر دەكرد.

یادویادەوەریەكانی ئەو هاوڕێیانە بۆهەمیشە لە مێژوداو لەدڵی مرۆڤایەتی ئازادیخوازو یەكسانیخوازدا بەزیندویی و بەرزو بەڕێزی دەمێنێتەوە.

تیرۆریستان وبكوژانیشیان لە زبڵدانی مێژودا بە بۆگەنی دەمێننەوە.

دوبارە سوپاس بۆ بۆپێشەوەو ئەم یادكردنەوەیە

Leave A Reply

Your email address will not be published.