پێشکەش بە ماریا سام ئەو کچەی کە بە تاوانی یاخی بوون لە کومەڵگەی پیاو سالار کوژرا

0

 

 

 

لەچکەکەی لە سەری لابرد

قەلە ڕەشەیەک

پەنای بۆ منارەکان برد

هاواری کرد

کەرامە تی ژن ئەمڕۆ تێکشکا

پەردە لەسەر مانگ لادرا

فتوا درا

بە حوکمی اللە

دەبێ بەردە باران بکرێ

………………………….

سووکایەتی بە ژن

لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا

هەر لە کاتی لە دایکبوونی دا

دەست پێدەکا

ئایەتی نائومێدی بە گوێچکەی دا دەخوێنن

کۆیلەتی و چارەڕەشی لە ناخیدا دەچێنن

………………………….

کە ژن نەبێ

گوڵەکانی بەهار هەڵدەوەرن

باڵندەکان لە چریکە چریکەی بەهاری دەوەستن

جیهان زستانێکی بێ وەخت داگیری دەکا

هەتاوی ئەوین و خوشەویستی

لە ڕوحی ئینسان خٶر ئاوا دەبێ

شاعیر و گورانیبێژ

شیعرو گۆرانی پێ نامێنێ

بە کوشتنی ژنێک

جیهانێک دەکوژرێ

………………………….

خوزگایە!

توانی بایەم

بە جگەرەکەی ماریا

کۆمەڵگەی پیاو سالاریم

گڕ دابا….

ئەوکات پڕ بە دڵ

هاوارم کردبا

ماریاکان ئازاد بن

لێو بەپێکەنین و شادبن

کۆمەڵگە

لێواو لێو کەین

لە ئەوین وخۆشەویستی

مافی گشت ژنانی جیهان بستینین

بێڕێزی بە هیچ ئینسانیک نەهێڵین

……………………………………………….

چ قەرەباڵغێکی تەنیایە

ئەم جیهانە…

خوزگایە!

کٶچمان کردبا

بۆ هەسارەیەکی تر

…………………………………………..

منیان !

لە چۆڵ و دەشتێکی

قاقڕدا چاند

هەر بۆیە هەمیشە

خوزگەم بەڕێژنە بارانێکی

بەهاری دەخواست

…………………………………………..

کە دەنووسم:

ژن

هەموو وشەکانم

تەم ومژ دەیان گرێ

پێنوسەکەم

بە هەواڵی بیستنی کوشتنی ماریاکان

پشتی قە موور دەبێتەوە

ئەژنۆی شل

وەک هەوری بە اران

بۆگوڵە سوورەکەی لە خوێن خەڵتانی بەهار

دەریا دەریا  دەگری

ماسی یە بچکۆلەکان

لە چاوە دەریایەکانی دا

وەک پەری دەریا

سەما دەکەن بە کوێرایی

پەری کوژان

 

 

خالید بایەزیدی “دلێر”

Leave A Reply

Your email address will not be published.