ئینجانەیەك لەباوەشی باراندا

0

ئینجانەیەك لەباوەشی باراندا

 

شەومان لەشەو جیاكردەوە

باخەكانمان پڕكرد لەدرۆی ڕەساسی و

ماچی بۆگەن

هەموو ئێوارانێك بەدرۆوە ئینجانەكانمان

ئاودەدا سەرمان بەدیواری ماڵەدراوسێكانما شۆڕدەكردەوە درۆمان بەدەم هەتاوەوە دەكرد

بەردمان دەگرتە پەنجەرەی ئەوماڵانەی

كەبەدزی خواوە لەژوورەوە ئازاریان دەبێژایەوە

ئێمە ئاومان لەسەر مێزی قومارخانەكان دۆڕان

بەستیانێكی مۆری نیشتیمانەوە سەمامان

بۆدوژمنەكانمان دەكرد

پەرداخمان بۆپڕدەكردن لەشەراب

 

شەومان لەشەو جیاكردەوە

بوختانمان بەدەم بارانەوەكرد

سوێندی درۆمان خوارد بەدەستێكی پیسەوە بزمارمان بەتابوتەكاندا داكوتا

بەدرۆوە شیوەنمان بۆنیشتیمان دەكرد

دڵخۆشی مناڵە بێباوكەكانمان دەدایەوەو

لەدواشەوە چەمۆڵەمان لێدەنان

 

ئێمە گوناهمان لەسەر گوناه مووتوربە كرد

خەتێكی ڕەشمان بەناوچەوانی بارانا هێناو

كەچی دڵمان بۆنەكرا بەچوار پارچەوە

هەموو شتێكمان جیاكردەوە

جنێومان بەو ژنانەدەدا كەوێنەیەكی

مریەم و سەڵیبێكی خوێناویان بەسنگیانا

هەڵواسیبوو

هەتادەستمان گرتی ئاگرمان لەقورئانوو ئینجیلەن  بەردا

بەدرۆوە خۆمان دەكرد بەشێت و

جنێومان بەخوا دەدا

 

هەموو شتێكمان لەخۆمان جیاكردەوە

ئەدرێسەكەی خۆمان گۆڕی

بەهەڵەوگێڕاوی كراسمان لەبەردەكرد

پێڵاومان تاكەو تاك لەپێدەكرد

شێتی خۆمان بەمەزاتخانەكاندا دەگێڕاو

هاوارمان دەكرد

ئەم شێتە بۆفرۆشتن بەشەرتی دەست نەوەشاندن

 

ئێمە سەریشمان لەئاو شێواند

ڕووبارەكانمان فێری درۆكرد

پایزمان لەڕەنگەكان جیاكردەوە

ماڵی كۆترە شینكەكانمان ڕوخاند

ئای خودایە

ئێمەی مرۆڤ چەندە درۆزنین

لەگەڵ خۆمان

……………

میرزا

٢٨/٣/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.