ڕاگەیاندراوێک لەسەر دەستگیرکردنی هاوڕێمان حەسەن مارف

0

ڕاگەیاندراوێک لەسەر دەستگیرکردنی هاوڕێمان حەسەن مارف

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی تەنگی بە گەندەڵکارانی ناو تەندروستی سلێمانی هەڵچنیوە و ئەوانیش شپرزە بون و لە گیانەڵادان و بەملاوبەولادا دەست و پێ ئەهاوێژن.

لە تازەترین ڕەفتاری نادیموکراسیانەیاندا، تەندروستی سلێمانی سکاڵایەکی یاسایی دژی کارمەندی تەندروستی دڵسۆز و چاونەترس و کوڕی رۆژانی تەنگانە، حەسەن مارف بەرزرکردوەتەوە. لە سکاڵاکە گەندەڵکارانی تەندروستی سلێمانی بوختانی ئەوە دەکەن کە گوایە حەسەن مارف قسەی ناڕاستی بڵاوکردوەتەوە لەسەریان.

لە گەورەترین سکانداڵ و سەرشۆڕی بۆ تەندروستی سلێمانی، حەسەن مارف ناچارکراوە بە جڵی دەوامی فەرمی ببرێت بۆ بەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوە. سەرباری ئەمانەش، ٥٠٠ هەزار دیناری نەقدیان لێ وەرگرتوە گوایە لە بەرامبەر کەفالەت.

ئەوەش دەپرسین، ئیوە بەچی ڕوویەکەوە دەست بۆ حەسەن مارف دەبەن؟ هەر بە قسەی خۆتان، لە سایەی فەشەل و گەندەڵی ئێوە ئەوەتا نەخۆشخانەکان دادەخرێن، دەرمانخانەکانیان بێ دەرمانن، کارمەندان و پزیشکان موچەیان نادرێتێ. بەڵام سەرباری ئەو هەمو شکستە هێشتا چاو و ڕووی ئەوەتان هەیە دەست بۆ خەڵکانی دڵسۆز و چالاکەوانی خەمخۆری وەکو حەسەن مارف ببەن؟

ئێمە بە گەندەڵکاران و بەرپرسە فاشیلەکانی تەندروستی سلێمانی دەڵێین، ئەم ڕەفتارانەتان یەک زەڕە لە مکوڕیمان بۆ داکۆکیکردن لە مافە تەندروستیەکانی خەڵکی کوردستان ساردناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئێمە لە جاران گەرم و گوڕتر ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەین و پەردە لەسەر گەندەڵی و بێباکی و فەشەلی تەواوەتیتان هەڵدەماڵین.

دڵنیاشبن هەمو دونیاتان لێ ئاگادار دەکەینەوە. هەر ئەمشەو هەرچی سەفارەت و قونسوڵیات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و پەرلەمان و حکومەت هەیە ئاگاداریان دەکەینەوە. دڵنیا بن ئەم دەستدرێژیانەتان هەروا بەسەردا تێناپەڕێت.

سەربەرزی بۆ چالاکەوانان و دڵسۆزانی میللەتەکەمان

سەرشۆڕی و زیندان بۆ گەندەڵکاران

Leave A Reply

Your email address will not be published.