مامۆستایان و فەرمانبەران لە پێناو موچەکانیان هانا بۆ بەغدا دەبەن…
مامۆستایان و فەرمانبەران لە پێناو موچەکانیان هانا بۆ بەغدا دەبەن…
ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستاو فەرمانبەری هەرێم، لە رێگای یاداشتێکەوە کە بەهەردوو زمانی عەرەبی و کوردی… نوسراوە و ئاراستەی نوسینگەی سلێمانی ئەنجونی نوێنەرانی عێراقیان کردووە، داوا دەکەن حکومەتی عێراقی ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بدات.
ئەوەی کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناچارکردووە بۆ موچەکانیان پەنا بۆ بەغدا و دەسەڵاتی سیاسی عێراق ببەن، مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کوردە لەگەڵیان. دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان، ماوەی
زیاتر لە هەشت ساڵە، بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری موچەکانیان دەکەن و موچەکانیان دەبڕن، دوای دەخەن، بەناوی پاشەکەوتەوە، موچە نادەن… بەجۆرێک وەکو لە یاداشتەکەیاندا هاتووە، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، موچەی ١٢ مانگیان هەر نەداوە و بۆ ٣٦ مانگیش کەدەکاتە سێ ساڵ تەنها چارەکە موچەو نیوە موچەیان پێدراوە… هەروەها لەساڵی ٢٠١٦ وە، پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان ڕاگرتووە.
ئەو مامەڵە تاڵانکەرانەیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هیچ ڕێگایەکی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران نە هیشتۆتەوە جگە لە نارەزایەتی دەربڕینی وەکو مانگرتن، بایکۆت، خۆپیشاندان و هاوکات پەنا بردن بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی ناوەندیش.
مامۆستایان و فەرمانبەران باش دەزانن دەسەڵاتی سیاسی ناوەند وەکو دەسەڵاتی هەرێم دەسەڵاتێکی داسەپاو و دز و تاڵانچی و گەندەڵە و شانی خۆی لەزامنکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان خاڵی کردۆتەوە، هەلی کار نییە، ئاو و کارەبا نییە… بەڵام دەبینن موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا دەدرێت… ئەوەش دەزانن دەسەڵاتی ناوەندی موچەی بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام دەسەڵاتی سێ کوچکەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، دەستیان ناوەتە ناو دەستی یەکتری، بۆ خۆدزینەوە لە دابەشکردنی ئەو موچەیە بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا. ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژ بەڕۆژ گرانی بازاڕ بە وێنەی ئەژدیهای هەزار سەر دەست دەنێتە قورگی موچەخۆران و جەماوەری و نەدارو بێبەشی کوردستانەوە. دانی موچە لەکاتی خۆیدا بە موچەخۆران و فەرمانبەران، مافێکی هەرە سەرەتاییە و زەوتکردنی ئەو مافە کە بەرهەمی بەشێکی کەم لە بەرهەمی ماندووبوون و خزمەتکردنی موچەخۆران و فەرمانبەرانە، سوکایەتیەکی ئاشکرایە بە مامۆستایان و فەرمانبەران.
داوای موچەکردن لە بەغدا لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە، بەمانای قبوڵکردنی دەسەڵاتی ناوەند نییە، بەڵکو هەوڵێکی ناچارییە بۆ درێژەدان بە ژیان و گوزەرانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان… هەروەها داوای موچەکردن لە بەغدا، بەمانای دەستهەڵگرتن لە نارەزایەتی دەربڕین و خەباتیان نییە لە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی. گومان لەوەدا نییە، مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێکی کارا لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرین و بۆ خواستە دەست بەجێکانیان و هاوکاتیش بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات.