ئاشکرابوونی تاڵانییەکی تر لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەوە…
ئاشکرابوونی تاڵانییەکی تر لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەوە…
گۆڤاری (ذه ئەمەریكان پرۆسپێكت)، جارێکی تر دۆسیەیەکی تری تاڵانی خستەوە ڕوو، ئەم دۆسیەیە تایبەتە بە سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی نێچیر بارزانی. بەپێی بەدوا داچوونی ڕۆژنامەنووس زاک کلوپن، سەرۆکی هەرێم نزیکەی ٣٠٠ عەقاری لە ولایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا وڵاتی دوبەی هەیە، کە بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەروەها گۆڤارەکە ئاماژە بە فێڵ و پلانەکانی سەرۆکی هەرێم دەکات بۆشوێن بزری و شاردنەوەی ئەم تاڵانییە ئاشکرایە لەچاوی خەڵکی کوردستان و رای گشتی، ئەو موڵکانە کە پێشتر بەناوی نەبیلە بارزانی هاوسەری سەرۆکی هەرێم بووە، گواستراوەتەوە سەر ناوی” دان ویزەرس” کە پارێزەری خۆدی سەرۆکە و یەکێک لە ئەرکەکانی پەردەپۆشکردنی ئەو تاڵانییە ئاشکرایەیە… بەجیا لەو پارێزەرە ناوی چەند کەسی تر هاتووە، کەلەم دۆسیەدا تێوەگلاون.
لە کاتێکدا ڕۆژانە هەواڵی بیستنی تاڵانی و ئاشکرای پلە یەکی بەرپرسەکانی هەرێم و بنەماڵە دەستڕۆشتووە حزبیەکان دەبین، کە خەڵکی کوردستان بەگشتی و چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، لە هەلومەرجێکی یەکجار سەختدان و ژیان و گوزەرانیان خراپتر و خراپتر دەبێت، خزمەتگوازرییەکان، لە تەندروستیەوە بۆ سلکی پەروەردە و فێرکردن لە بەین دەبرێن و چەندین رێگاوبان ناویان نراوە ڕێگای مەرگ!!… خەڵک لەسەرەی موچەدا بۆ بڕێکی زۆر کەم لە موچە گیان لەدەست دەدەن. کێشەی ئاو و کارەبا بۆتە نەخۆشی گولی بێچارەسەر ماوەتەوە…. هەروەها گرانی و بێکاری تا دێت زۆرتر دەبێت. موچەی فەرمانبەران لێی دەقرتێنرێت و دوادەخرێت.
ئەم دزیی و تاڵانییە ئاشکرایە، کە ماوە ماوە لەسەر بەرپرسەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ئاشکرا دەبێت، هێشتا تەنها گۆشەیەکە لە دزی و تاڵانیەکی فراوانتر، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەرپرسانی حزبی و حکومی درێژەی پێدەدەن. بەشێکی زۆری برسێتی و بێکاری و نەداری و نەبووی ریشەی لەو دزییە و تاڵانیەدایە، سەروەت و سامان بە رێگای جۆراو جۆر و هاوکات بەو دزییە، لەلای ژمارەیەکی کەم بەرپرسی حزبی و حکومی مۆڵ دەبێت و لەبەرامبەردا گیرفانی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستان و سفرەکانیان خاڵی تر دەبێت… جەماوەری توڕەو برسیکراوی کوردستان، نەک لەم دزی و تاڵانییە خۆش نابن، بەڵکو لە خەباتی هەر ئێستای خۆیاندا، بەدژی دزی وگەندەڵی و نابەرابەری قوڵی ئابوری لە مەیداندان و لەگەڵ یەکەمین هەنگاوەکانی خرۆشان و ڕاپەرینی بێبەشاندا، دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو بەرپرسانەدا دەگیرێت و بۆ هاوڵاتیان و داهاتی گشتی دەگێردرێتەوە…
ئەوە جێگای ڕامانە، بەرپرسانی تاڵانچی بە بڵاوبونەوەی راپۆرتی ئەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایە، راهاتوون و تەنانەت توانای بەرگری لە خۆکردنیان نییە… ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم دۆسیانە چیتر ناتوانرێت، پەردەپۆش بکرێن.