کۆمەڵگەی کوردستان لە ئاستانەی ڕاسانێکی جەماوەرییدا… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

کۆمەڵگەی کوردستان لە ئاستانەی ڕاسانێکی جەماوەرییدا…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، رووبەرووە لەگەڵ قەیرانێکی سیاسی و ئابوری و ئیداری چارهەڵنەگر. لەباری سیاسیەوە، تا دێت پێگەی سیاسی لەسەر ئاستی عێراقدا بەرەو لاوازی دەروات و لە ئاستی کوردستاندا دەسەڵات و سەڵاحیەتەکانی سنوردار دەکرێت. بریاری دادگای فیدرالی بەنایاسایی ناساندی فرۆشی نەوت و غاز، وەکو بریارێکی سیاسی لەچوارچێوەی کورتکردنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، سەرەتای دەورەیەکی نوێیە کە هێندەی تر دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کوردی توشی بن بەست، کردووە و بۆرژوازی کوردی ناچار بەوە کردووە تا هەموو هەوڵێک بخاتە گەر بۆ خۆگرێدانەوە بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە. لەناوخۆی کوردستانیشدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لای چینی کریکار و جەماوەری بەشمەینەت هیچ شەرعیەتێکی نییەو جەماوەری کوردستان بڕیاری کۆتاییهێنان بەو دەسەلاتەی داوە.

لە باری ئابورییەوە، توانایی ئابوری دەسەلاتی هەرێم، بە پلەی یەکەم پشتی بەستووە بە دەسەڵاتی ناوەند و فرۆشی نەوت و غاز، لەدەست دەرهێنانی ئەو دۆسیانە و چرکردنەوەی پەیتا پەیتای چاودێری دەسەڵاتی ناوەند بەسەر خاڵە گومرگیەکانی کوردستان، فرۆکەخانەکان،…تاد. ئەزمەی ئابوری چەند بەرابەر قوڵ کردۆتەوە.

لەباری ئیدارییەوە، بۆرژوازی کورد دەرگیرە لەگەڵ دووئیدارەو دوودەسەڵات کە دابەشی سەر دوو زۆن بوون و ریزەکانیان لە ئاستی کوردستان ئاڵۆز و دەروازیەکیش بۆ بەیەک ئیدارەبوونی کوردستان نەک نییە، بەڵکو ئەم ئیدارە کردنە توشی ناکامی شکست بۆتەوەو بەکردەوە دەسەڵات توانایی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەی لەهەموو ئاستەکاندا لەدەستداوە.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بەمەبەستی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم ئەزمە سیاسی و ئابوریی و ئیدارییە قوڵە، هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەر تا کاریگەری و ڵیکەوتەکانی ئەم هەلومەرجە تازەیە و ئەزمەکانی بەسەر شانی چینی کریکارو جەماوەری بێبەشی کوردستاندا بشکێنێتەوە. هێنانە گۆڕی باسی ئەوەی کە “قەوارەی هەرێمی کوردستان” لەژێر هەرەشەدایە، لە بنەرەتدا دان نانە، بە هەرەشەی بەکۆتا گەیشتنی دەسەڵاتی بۆرژازی کورد.

ئەم هەلومەرجە و ئەزمە قوڵە سیاسی و ئابوری و ئیداری و حقوقییە، کاریگەری قوڵی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و چینی کریکار و جەماوەری بێبەش بەتایبەتی، داناوە. بزوتنەوەی نارەزایەتی هەموو چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە.

کرێکاران و کارمەندان بۆ موچەکانیان و بەشێوەی بەردەوام لە نارەزایەتی دەربڕین و کۆبونەوە و مانگرتن و بایکۆتکردندان. کرێکارانی ژینگەپاریز بۆ موچە دواکەتوەکانیان و بۆ زیادکردنی موچەکانیان، لە مەیداندان. مامۆستایانی وانەبێژ، داوای دامەزراندن و بەهەمیشەیی کارەکانیان، دەکەن. خوێندکاران لەپێناو خزمەتگوازرییەکان و باشکردنی بەشەناوخۆیەکان و بۆ داواکاری دەرماڵە، بەبزوتنەوەی نارەزایەتییەوە پەیوەست بوون، شوفێرانی پاس و تەکسیەکان، خەریکی نارەزایەتی دەربڕینن بەدژی نەبوونی سوتەمەنی. خانەنشینان بۆ موچەکانیان لەسەرەی دوورو دریژدان گیان لەدەستدەدەن، بزوتنەوەی ژنان بەدژی شەپۆلی ژن کوشتن و بێدربەستی دەسەڵات و پیاوسالار بوونی ئەو دەسەڵاتە و لێنەپرسینەوە لە بکوژی ژنان، لە مەیداندان، کاسبکارو دوکاندارەکان بەدژی باج و سەرانەی بەردەوام و بێ پاساو، نارازین…. بەکورتی تەواوی چین و توێژە بیبەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە نارەزایەتی دەربریندان بەرامبەر بەو هەلومەرجە سەختە ئابورییە و هیرشی بەردەوامی بۆرژوازی بۆسەر ژیان و گوزەرانیان.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەبەرامبەر بەو بزوتنەوە نارەزایەتییە هەمە لایەن و سەراسەرییە، دەستەوەستانن، تونای وەڵامدانەوەیان بە خواست و داواکارییەکانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی نییە. تەنانەت ئەم دەسەلاتە لەبەرامبەر بە خواستی زۆر سەرەتایی وەکو دابینکردنی ئاو کارەبا، دانی موچە لەکاتی خۆیدا، زامنکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوازی  لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و شارەوانی و … بە بن بەست گەیشتووە و لەپاڵ ئەوانەشدا، گرانی و بێکاری و هەژاری بێداد دەکات.

لەدڵی ئەم هەلومەرجەدا بەشیک لە بۆرژوازی نارازی وەکو ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ و دەیانەوێت لەژیر ناوی “بەرەی ئۆپۆزیسییۆندا” کوببنەوە بە مەبەستی خۆ هەڵواسین بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کوردستانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیسلامیەکان” کۆمەڵ و یەکگرتوو” دەمێکە ئەزموونی دەسەڵاتی خۆیان کردووە بەشدار لەو دەسەڵاتە تاڵانچییە بوون و نەوەی نوێش، وەکو کۆمپانیایەک بە روپۆشی سیاسی و حزبیەوە، کە خۆی بەرهەمی ناو گەندەڵستان و تاڵانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە، دەیانەوێت بزوتنەوەی نارازایەتی جەماوەری بەلارێدا ببەن و بۆ ئامانجەکانیان خۆیان بە تورەییی و نەفرەتی جەماوەییەوە هەڵبوسن.

ئەوەی تا ئێستا ئەو دەسەڵاتە ملهور و تاڵانچیەی بۆرژوازی کوردی هیشتۆتەوە، و بواری داوە رەوت گەلی وەکو کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ، درۆی بەرگری لەخواستەکانی خەڵک بەدەستەوە بگرن، ڕیکخراونەبوونی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و توێژە زەحمەتکیشەکانن، پێکنەهێنانی رێکخراوە جەماوەریی سەربەخۆی خۆیانە، لێک هەڵنەپیکرانی بزوتنەوە نارەزایەتییەکانە لەگەڵ یەکتری، کۆنەبوونەوەیە لەدەوری خواستە سەراسەری و هاوبەشەکانیان، پێک نەهێنانی دەستەکانی بەرەو پیشەوەبردنی بزوتنەوەکانیانە.

نارەزایەتییە فراوان و بەرین و هەمەگیرەکانی ئێستای جەماوەری کوردستان، پێویستە بەسەر ئەو لاوازیانەدا زاڵ بێت و هەرچی زووە، رابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کریکاری و بزوتنەوە جەماوەرییەکان، دەست ببەن بۆ کاری رێکخراوی ئامانجدارانە و ریکخراوە جەماوەرییەکانی خۆیان پێک بهێنن، دەستەکانی بەرەوپیش بردنی نارەزایەتیەکان ساز بدەن و لەدەوری خواستە سەراسەری و هاوبەشەکانیان وەکو” نان، ئازادی وخزمەتگوازارییەکان” و بۆ موچەو پیداویستییە ژیارییەکان کۆببنەوە.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، توانایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی بەتەواوی و لە هەموو زەمینەو بوارەکاندا لەدەستداوە، کاتی ئەوە هاتووە رابەران و هەلسوڕاوانی کریکاریی و جەماوەری، نەخشەی وەرێخستنی بزوتنەوەی راستەوخۆی جەماوەری بەدەستەوە بگرن و لەهەر کارگە و ناوەندێکی کار و ئیدارەو و ناوەندە خزمەتگوزارییدا، کە هاوسەنگی هێز بوار دەدات خۆیان بەرێوەبردنی ئەو جێگایانە بەدەستەوە بگرن و چیتر چاوەروانی دەسەڵات نەبن. بەرهەمی کاری کرێکاران لە کارگەکان و لە ناوەندەکانی تری کاردا، زۆر لە پێداویستی دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییەکان زیاترە. ئەوە دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و کۆمپانیاکانیان، دەستیان بەسەریدا گرتووەو تاڵانی دەکەن، پێویستە دەستی دەسەڵات و ئەم کۆمپانیا چاوچنۆکانە بەسەر کارگەو کارخانەو ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێناندا کۆتا بکرێت. بۆ سەرکەوتن لە خەباتێکی ئاودا رۆڵی رابەرانی کرێکاری و جەماوەری و چەپ و کۆمۆنیستەکان، میحوەرییە، ڕێکخرابوون و هاوئاهەنگی و کۆبونەوە لەدەوری خواستە دەست بەجێکانیان، زامنی گۆرانکاری و گوڕێنی هاوسەنگی هێزە بەسودی بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری و لاوازکردن و پاشەکشە پێکردن بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد.

با خۆمان بۆ ئەو نەبەردە ئامادەبکەین، کاتی ئەوە هاتووە ئێمە چینی کریکار و جەماوەری بێبەش بە خەباتی ڕێکخراو یەکگرتوانەمان، بەخستنەگەری ئیرادە نواندنی خۆمان، توانای یەکگرتوانەمان بۆ پاشەکشەپێکردن بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بەدەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنەوە ئامادە بکەین.

یەکی ئەپریلی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.