هیوا عومەر: موقتەدا مەبەستیەتی لەرێگەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بازنەی كۆكردنەوەی هێز و سامان لە چنگی كەمینەیەكی كەمتر لە جاران كۆبكاتەوە … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ”هیوا عومەر“ رۆژنامەوان و نووسەر  سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق.

0

هیوا عومەر: موقتەدا مەبەستیەتی لەرێگەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بازنەی كۆكردنەوەی هێز و سامان لە چنگی كەمینەیەكی كەمتر لە جاران كۆبكاتەوە …

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ”هیوا عومەر“ رۆژنامەوان و نووسەر  سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق.

بۆپێشەوە: ناو ماڵی “شیعەكان” لێكترازاوە، ئەم لێكترازانە چ كاریگەرییەكی لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەبێت؟

هیوا عومەر: ماڵی شیعەكان بە گشتی ناكۆكی تێكەوتووە، ئەم ناكۆكییە تاچەند دەگاتە لێكترازان ئەوە روون نییە، بەرژەوەندی چینایەتیشان لە پچرانێكی هەمیشەیی نییە. بەڵام ئەم ناكۆكییە كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر دروست بوونی ناسەقامگیری سیاسی، ئەمەش كاریگەری جێ‌ دەهێڵێت لەسەر پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری و شێوەی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و كابینەی تازە، تەنانەت ئەم كاریگەرییە لێكەوتەی هەرێمیشی دەبێت لەسەر ناوخۆی عێراق و كوردستانیش، وەك چۆن ناكۆکییەكان كاریگەری هەرێمی و دەرەكی بەسەرەوەیە.

بۆپێشەوە: موقتەدا سەدر پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زوربە دەكات و دەیەوێت كۆتایی بە حكومەتی تەوافوقی بهێنێت، چۆن دەڕواننە ئەو پێداگرییەی موقتەدا سەدر؟

هیوا عومەر: موقەتەدا مەبەستیەتی لەرێگەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بازنەی كۆكردنەوەی هێز و سامان لە چنگی كەمینەیەكی كەمتر لە جاران كۆبكاتەوە، دیارە لێرەدا زۆرترین ئەو (چركردنەوەی سامان و هێز) بە پێی نەخشەو توانای هێزەكان بەر موقەتەدا دەكەوێت.  چ حكومەتێكی تەوافوقی بە شێوەی پێشوو و چ  حكومەتێكی زۆرینە كە بەشێوەیەكی سەرەكی لە هێزەكانی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی پێكبهێنری، ناتوانێت سەدریـیەكان و ئەو قەیرانانەی ئەمرۆ لە ئاستی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە بەرۆكی عێراقییەكانی گرتووە دەربازبكاتن. ئەمرۆ عێراق وەك دەوڵەت ئیشكالیەتی بونیادی هەیە، وەك سیستەمی سیاسی و ئابوریش دەبینین رووبەرووی نەبوونی سەقامگیری و بەیەكەوە ژیان و دابینكردنی مافە سەرەتاییەكانی هاوڵاتی بوون و مرۆڤیش دەبێتەوە، ئەم دوو قەیرانە بەجۆرێك لە جۆرەكان دابراونین لە یەكتری، هەروەها بە دابڕاویش ناتوانین بیخوێنینەوە لە قەیرانەكانی سیستەمی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا .

بۆپێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی) لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟

هیوا عومەر: بەگشتی پێگەی هەردوو پارتەكە لە ئاستێكی لاواز دەبێت، لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەمرۆدا باشتر لە جاران دەتوانن كاریگەرییان هەبێت بەسەریانەوە. ئێستا لە ڕێگەی ئەو هەڵمەتە راگەیاندنەی هەیانە دەیانەوێت تەركیزی هەموولایەك و ڕای گشتی بە ئاراستەی ئەوەبەرن، ئەگەر كاندیدی (یەكێتی یان پارتی)  دەربچێت لە قازانجی گەلی كوردستاندایە، لە كاتێكا جەوهەری یارییەكە لەوە گەورەترە، ئەوان دەیانەوێت لە رێگەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە جارێكی تر هەیمەنەی حزبی خۆیان بەسەر هەرێمی كوردستان فەرز بكەن، لە كاتێكا شەرعیەتی میللی ئەوان دەمێكە لە هەرێم لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدایە. هەروەها بەهۆی لاوازبوونی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی فیدراڵی كە سەرچاوەكەی لە شكستی دەسەڵاتداریەتی هەردوو حزبەوەیە، لەكابینەی داهاتوو زیاتر بە ئاراستەی ناوەندێتی (مەركەزیەت) دەروات، ئەمەش بەزیان بۆ خەڵكی كوردستان تەواو دەبێت.

 ئەگەر تەماشابكەین هەموو ئەو رێكەوتننانەی حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم كردویانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق لە چوارچێوەی دابەشككردنی پۆستەكان، رێكەوتنێكە بۆ مانەوەو بەهێزكردنی پێگەی حزب و بنەماڵەكانیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی خەڵك و قەوارەی هەرێمی كوردستان .

بۆپێشەوە: زوربەی خەڵكی عێراق و كوردستان بڕوایان بە حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان نەك نەماوە، بەڵكو لێیان بێزارن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەكرێت كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حزبانە بهێندرێت؟

هیوا عومەر: مانەوەی هێزی دەسەڵاتداران لەلایەك پەیوەندی بەئاستی خۆرێكخستنی چین و توێژە پەراوێزخراوەكانی كۆمەڵگە و چینی كرێكارو زەحمەتكێشانەوە هەیە، لە لاكەی تر، چۆنیەتی بەهێز كردنی تواناو بنیاتنانی هێزی ئەو (زۆرینەی كۆمەڵگ)ەو بەشدارییان لە ئاستی خۆبەرێوەبەری و كاری هەرەوەزی و چوارچێوەی كاری بەیەكەوەیی و چەپ و كۆمۆنیست و ئازادیخوازەكان، بابەتێكی بنچینییە وەك هێزێكی جێگرەوە.

 واتە لێرەدا پرۆسەیەك دەبێت هەبێت لە دوو ئاستدا ئەگەر بمانەوێت و باوەرمان بە گۆرانكارو پرۆژەی بەدیل هەبێت، یەكەم لە ئاستی خۆرێكخستن. دووەم بنیادنان و كاری هاوبەشی  و بەیەكەوەیی .

بۆپێشەوە: خەڵكی عێراق و كوردستان لە هەلومەرجێكی سەخت و ناخۆشدان، خواستی نان و كار و خزمەتگوزارییەكان، خواستی زوربەی هەرەزۆری خەڵكی عێراقە… تا چەندە لاتان وایە حكومەتی داهاتوو دەتوانێت وەڵام بەو خواستە سەرەتاییانەی هاوڵاتیان بداتەوە؟

هیوا عومەر: شوناسی هێزە ناكۆكییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق وەك هێزێكی  ئۆلیگاریشی مەزهەبی پاشكۆی ناوەندە سەرمایەدارەكانی جیهان، هەموویان تا ئاستێكی زۆر لە یەك نزیكن، ئەمرۆ لەسەر دەستی ئەو هێزانە رەچەتەكانی لیبراڵیەتی نوێ‌ بە شێوەیەكی زۆر وەحشیگەرانە لەسەر خەڵك فەرزدەكرێت.

كاتێك كازمی پرۆژەیەكی بەناوی (كاغەزی سپی) بۆ جێبەجێكردنی رەچەتەكانی لیبرڵیەتی نوێ‌ پێشكەشكرد هەموو ئەو هێزانە پاڵپشتیان كرد، رێژەی هەژاری و بێكاری و پەراوێزخستن و خراپتر بوونی ژینگەی كاركردن بە پێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و خودی بانكی نێودەوڵەتی لە ئاستێكی ئێجگار مەترسیدایە، هیچێك لەو هێزانە خاوەنی بەرنامەیەكی ئابوری سیاسی جیاوازنین، بۆیە بە پێی هەموو ئاماژەكان قەیران و كێشەكانی هاوڵاتیان زیاتر دەبێت نەك باشتر .

بۆپێشەوە: عێراق سیستەمی پەرلەمانییە، لە سیستەمی پەرلەمانیشدا سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتی و رەمزییە و دەسەڵاتی سنوردارە… هۆكاری ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، چییە؟ پێتوانیە ململانێكانی نێوانیانە لە كوردستان دەیگوازنەوە عێراق؟

هیوا عومەر: هۆكاری ململانێیان پەیوەندی بە تەماعی بەدەستهێنانی پۆست و هێز و سامانەوە هەیە، ئەوان (لێرەو لەوێش) بەپێی رەچەتەی بەرژەوەندییەكانیان درێژە بە رێكەوتن و ناكۆكییەكانیشان دەدەن .

Leave A Reply

Your email address will not be published.