عەلی محەمەد ئەمین: حكومەتی زۆربە حكومەتێكی پرۆ غەربیە و ئەمەش بۆ ئێران قابلی قبوڵ نییە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز “عەلی محمەدئەمین” نووسەر و ڕۆژنامەنووس سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق.

0

عەلی محەمەد ئەمین: حكومەتی زۆربە حكومەتێكی پرۆ غەربیە و ئەمەش بۆ ئێران قابلی قبوڵ نییە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز “عەلی محمەدئەمین” نووسەر و ڕۆژنامەنووس سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق.

 بۆپێشەوە: زۆربەی خەڵکی عێراق و کوردستان بڕوایان بە حیزب و لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان نەک نەماوە، لێیان بێزارن و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەکرێت کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو حیزبانە بهێنرێت؟

عەلی محەمەد ئەمین: ڕاستە بێزاری و ناڕەزایەتیەکی زۆر لە لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان هەیە، و ئەم بێزاری و ناڕەزایەتیە لە نێو ماڵ و کوچەو کۆڵان و شەقام و گۆڕەپانەکاندا بە ئاشکرا خۆ دەنوێنێ، و بەشێوەی جۆراوجۆر ئەم ناڕەزایەتیە دەردەبڕن. ناڕەزایەتیەکە هێندە بەرین و فراوان و بەرجەستەیە، تەنانەت دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەم حیزب و لایەنانەش، بە بینراوو بیستراوو نووسراوەوە، نەک هەر ناتوانن خۆیانی لێ لادەن، بەڵکو ناچارن کەم تازۆر بیخەنە ڕوو! هەندێ جار لە ڕکابەری یەکتریشدا، بە خستنەڕووی ناڕەزایەتیەکان، زیاترو زیاتر خۆیان ناشرینترو ڕسواتر دەکەن، بەڵی ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئاستێک دایە، زۆرێک خواستی ڕاماڵینی ئەم لایەنە سیاسیانەی هەیەو  هەمووشمان دەزانین کە ناڕەزایەتیەکان ئاکامی ئەو قەیران و ڕۆژڕەشیە یەک لەدوای یەکانەیە، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی سیاسەتی شکستخواردووی ئەم لایەنانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام سەرەڕای ئەم خواست و ویستە هاوبەشەی زۆرێک. سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچان بۆ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕو نادادوەرانە، دەبینین هەر تەمەنی دەسەڵاتداریان درێژتر دەبێتەوە، هەرجارە قەیران و تەنگ وچەڵەمەیەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تر ڕووبەڕوی زۆرینەی گەلانی عێراق بە کوردستانیشەوە  دەبێتەوە.

لەڕووی ئەمن و ئاسایشیشەوە، نەک هەر توانای دابینکردنی ئارامی و هێمنی یەکی بەردەوامیان نییە کە سەرو سامانی خەڵکی و ژیانیان پارێزراو بێت، بەڵکو لە بەرامبەر هێرش و پەلاماری دەوڵەتانی وەک تورکیاو ئێران و دەستێوەردانە بەردەوامەکانیان هیچ هەڵوێستێکی ڕۆشن و جدی و کاریگەریان نییە .

بەڕای من بەردەوامی ئەم دەسەڵاتە تایەفی و ڕەگەزپەرستی و عەشایەری و حیزبیانە، دەبێ زۆرینەی خەڵکی ناڕازی، بەتایبەت لایەن و ڕێکخراوو گروپ و کەسانی پێشڕەو ڕاچڵەکێنێ، و بەدوای وەڵامی پرسیارگەلێکدا بگەڕێن، بەتایبەت کە زۆرێک بەردەوام لەسەر شەقام و لەنێو گۆڕەپانەکاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕێ، بۆچی دەسەڵات ناڕووخێ؟ بۆچی لە کاتێکدا فشارو کاریگەریەکانی ناڕەزایەتییەکان دەگاتە ئاستێکی باڵا، کەچی تاوناتاوە خامۆش دەبنەوە، دەسەڵاتداران بە نمایشی ریاکارانەو چەواشەکارانە، یاخود سەرکوت و تۆقاندن درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆیان ئەدەن.

چۆن دەکرێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو حیزب و لایەنانە بهێنرێت؟ ڕاستە دەسپێکی هەوڵ و تێکۆشان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی دڵخواز، دەبێ کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حیزب و لایەنە دەسەڵاتدارانە بهێنرێت، بەڵام پێش وەخت پێویستە ئەوە بزانرێت، کە دەسەڵاتی ئەم لایەنانە، تەنها لەچەند کەسێک و دام و دەزگاو بارەگاو چەند چەکدارێکدا نییە، دەسەڵاتی ئەمانە لە زۆر مەیدانی گرنگی وەک ئابوری سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەکداریشدا بەرجەستەیە. ئەمە پێویستە بمانگەیەنێتە ئەوەی کە خواستی ڕاماڵین دەبێ پشت بەستووبێ بە کۆمەڵێ تواناو تاقەت و هێزو هەلی لەبار بۆ سەرکەوتن، تا لایەنەکانی دەسەڵاتدار توانای ڕێگرتن یا پاشەکشەپێکردن یا شکستپێدانی خەبات و تێکۆشانی خەڵکانی ستەمدیدەو زۆرلێکراوی نەبێ، ئەمە بەو مانایە ناڵێم کە خەڵکانی ناڕازی و ڕابەرانی ڕاستەقینەو پێشڕەوان دانیشن و چاوەڕێی پێکهاتنی ئەو تواناو هێزو فرسەت و زەمینەی سەرکەوتنە بکەن، نەخێر هەرگیز، دەکرێ بە دڵنیایی بڵێم هەندێ لەم هێزو توانایانە لە ناوەندی ئەو خەبات و تێکۆشانە بەردەوامانەدا بەدەست دێت، بەڵام بە پێویستیشی دەزانم بە ڕاشکاوی بڵێم کە راماڵینی دەسەڵاتدارانی ئێستاو هەڵپێچانی دام و دەزگای سەرکوتیان و هێنانەکایەی حکومەتێکی مەدەنی کە وەڵامدەرەوەی داواکارییە ئەسڵیەکانی زۆرینەی خەڵکی ستەملێکراو بێت، بەم هێزو توانای ئێستاوە، نەک هەر ناکرێت، بەڵکو دەشێت بەشێک لە وزەو تواناکانی خەڵکی خەباتکار و ڕاپەڕیویش دەرخواردی دوژمنە ڕەنگاوڕەنگەکان بدرێت، کە بەناوی ئۆپۆزسیۆن و چاکخوازی و سەربەخۆیی و ڕزگاری عێراق  و هێنانەدی داواکاریەکانی خەڵکی ناڕازیەوە، دەخوازن لە ئاوی لێڵدا ماسی بگرن و لە نێو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێستاو داهاتوودا شوێن و ڕێیەکیان هەبێ و لە ملهوڕی نواندن و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی مرۆیی و مادی گەلانی عێراقدا برابەشبن.

بۆپێشەوە: درەنگ یازوو خەڵکی عێراق دەست دەدەنە ڕاپەڕین و شۆڕش، سەرکەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕش لە گرەوی چی دایە؟

عەلی محەمەدئەمین: ناکرێ لەباری ئێستادا من ناوی ڕاپەڕین، بەتایبەت شۆڕش بنێم لە سەراپای ناڕەزایەتیەکان، بەڕای من شۆڕش بەدوای ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەییەوەیە لەسەرجەم بوارەکاندا. جێگای نیگەرانیە سەرەڕای بوونی چەندین دروشم و داواکاری پێشڕەوانە لە نێو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام هێشتا زۆرێک لەم داواکاری و دروشمانە، تەنها لە زاری هەڵبژاردەیەک لە ئەندامانی ئەم و ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتی سەربەخۆوە دێ، و هەمووانی ناڕازی سەرسەختانەو بەردەوام نەبوونەتە داکۆکیکار لەو خواستانەو لە ژێر پەرچەمێکی یەکگرتوودا خۆیان ڕێک نەخستووە. ئەوەتا هێشتا دەبینین لە ئاکامی ناهوشیاری زۆرێک و نەبوونی ڕابەرایەتیەکی بەهێزو یەکگرتوو، هەندێک لایەن لە نێو دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیونیشدا بەهرەمەندن لە پشتگیری زۆرێک خەڵک، و یاخود توانای فریودان و چەواشەکردنی نەک بەشێک لەخەڵکی، بەڵکو توانای کڕینی هەندێ کەسایەتی بەرهەڵستکارو تێکدانی ڕیزەکانی خەباتکارانیان هەیە. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین وێڕای ڕەوایی تێکۆشانی بەردەوام بۆ راماڵینی ئەم هێزو لایەنە دەسەڵاتدارانە، پێویستە هەمووان بەدوای جێخستنی بەرنامەیەکی ڕۆشن و ئاڵوگۆڕ بەخشەوە بین لە نێو خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەڕینەکاندا، بەرنامەیەک تەواو جیاواز لەبەرنامەی لایەنەدەسەڵاتدارەکان و بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان، کۆبوونەوەی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو یەکگرتووانە لە دەوری ئەو بەرنامە ڕۆشنە کە خواستە هەنوکەیی و دوورماوەکانی خەڵکی ناڕازی تیا نەخشابێت، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت لەسەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان و لانەدانیاندا لە ڕاستە ڕێگای تێکۆشان. بەڕای من حسابکردنی وردیش بۆ هێزو توانای لایەنەکانی دەسەڵات و هاوشێوەکانیشیان لە بەناو ئۆپۆزسیۆندا مەرجێکی تری سەرکەوتن و بە ئەنجام گەیشتنی ناڕەزایەتیەکانە، هەرلەپەیوەند بەمە کات و ساتی ڕاپەڕینەکان و شێوازی خەبات وبەرزکردنەوەی دروشم و داواکارییەکان وردبینی ئەوێ و ناکرێ یاری بەمانەوە بکرێ وبەبێ ئاگایی و خۆڕسکیەوە هەنگاو بنرێ.

بۆپێشەوە: ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتی ئێستا چ سیستمێکە؟

عەلی محەمەد ئەمین: پێموایە لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەیەکی خێرام بە وەڵامی ئەم پرسیارەکرد، بەڕای من دەبێ سیستمێک بێت تەواو جیاواز لەو سیستم و حوکمڕانیەی کە لایەنە دەسەڵاتدارەکان و بەناو ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکارو هێزە میلیشیاکان دەیخوازن، سیستمێک بێت کە ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و هەلومەرجی یەکسانی ژنان و پیاوان و کارو نان و گوزەرانی شایستەی سەردەمیانە و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و فێرکاریەکان…تاد بۆ زۆرینە فەراهەم بکا. سەروەت و سامانە مرۆیی و مادیەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە، لەو مەبەستانەدا بەکار بهێنێت کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، وێرای ئەمەش حسابی ورد بۆچەسپاندنی ئارامی و ئاسایش و داهاتووی گەلانی عێراق و نەوەی نوێ بکات.

بۆپێشەوە : ئاکامی دواکەوتنی پێکهاتنی حکومەت لەلایەنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە چییە؟

عەلی محەمەد ئەمین: ئەگەرچی من لام وایە حکومەتیش پێک بێت و سەرکۆماریش هەر کەسێک بێت و کاری خۆی بکات و پەرلەمانیش کۆبوونەوە بەردەوامەکانی سازبدات، شتیکی ئەوتۆ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت و وەڵامدەرەوە بە خواست و مافە سەرەتاییەکانی گەلانی عێراق نابن، بەلام کە هەلومەرجەکەش درێژە دەکێشێ و حکومەت پێکنایەت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێ و دەستێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکەو جیهانی دوور لەعێراق لە هەموو روویەکەوە زیاتر دەبێ و بێکاری و گرانی و قات وقڕی و کەمبوونەوەو نەمانی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان، زیاتر بەرۆکی خەڵک دەگرێت و برسێتی و هەژاری زیاترو زۆرتر بڵاو دەبێتەوە، و نەخۆشیە جەستەیی و دەرونی و کۆمەڵایەتیەکان زیاتر پەرەدەسەنن. هاوکات لە هەلومەرجێکی وادا وێرای بڵاوبوونەوەی هەوڵی خۆکوشتن و گیان لەدەسدان، کۆچی بەکۆمەڵی لاوان زیاتر دەبێت، و بەم هۆیەوە کارەساتی دڵتەزێنی زیاتر ڕوودەدات. هەر لەم نێوەدا دیاردەی چەکداری و سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەدانی نایاسایی و هەڵکوتانە سەر ماڵان و شوێنی کاری هاوڵاتیان زیاتر دەبێ … هەروەها دەشێ ناکۆکی نێوان لایەنەکان و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ درێژەپێدانی دەسەڵاتی نەگریسیان بگاتە ئاستی پێکدادانی چەکداریش لە هەندێ ناوچەو شارو شارۆچکەدا. لە ئاکامدا وێرای گیان لەدەسدانی ژمارەیەکی زۆر، ئاسایش و ئارامی و هەموو سەروەت و ماڵ و حاڵی  هاوڵاتیان و ئایندەیان  دەخاتە مەترسی نەمان و لەناوچوونەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.