چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی (دلێر)

0

چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی (دلێر)

 

کە ڕۆیشتی

پەنجەرەی تەنیایی ماڵەکەم

سواخ ڕێژ کرد

تاکوو هیچ کات

بەرەو کوڵانی بەهار نەکرێتەوە

………………………………………..

سەرماو سوڵ

وەها جەستەمی

داگیر کردووە

کە هەرگیز!…

درەختە پشکوەکان

نیگاکانم

ناکەنە بەهار

…………………………………………

لە وڵاتێک دەژیم

کە ڕۆژ بە ڕۆژ

بەهای خوێن دادەبەزێت

وە نرخی نانیش لە بەرزبونەوە

ئاخۆ دەبێ …

ئەمڕۆ خوێنەکەم

بەشی نانی ماڵ و مناڵەکانم بکا ؟

ئاخر هەواڵەکان دەڵێن:

نان ئەوەندە بەرز بۆتەوە

گەیشتووتە لوتکەی مەرگ

ژنێک

بەدەست نێرەپیاوێک

خەڵتانی خوێن کرا

گوڵێکی سوور

بە بەرۆکی بەهار

سیس بوو

مانگ پشتی قەموور بووە

ئەستێرەیەکیش

بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپروکا

کۆترێکی سپی گریا

بەهاریش دەستێکی لەسەر

شانەکانی داناو وتی:

بە کوشتنی گوڵێک

هەرگیز!

کۆتایی بە بەهار نایە

………………………………….

شەم شەمە کوێرەکان

ژن دەکوژن

تاکوو جیهان پڕ بێ لەتاریکی

بەڵام نازانن

کە مانگ و ئەستیرە و خۆر

هەرگیز ناکوژرێن

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.