ئۆکرانیا و باوەشێن کردنی جەنگ … عەبدوڵا مەحمود

0

ئۆکرانیا و باوەشێن کردنی جەنگ

عەبدوڵا مەحمود

هیرشی دەسەڵاتی بۆرژوا/ناسیونالیستی روسیا، بۆسەر ئۆکرانیا بەردەوامە، هاوکات کۆمەک و هاوکاری چەک و تەقەمەنی و فراوان بۆ ئۆکرانیا و خستنەگەرێ ماشێنێکی جەنگی راگەیاندن لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ و بەشی هەرەزۆری وڵاتانی ئەوروپاوە، دریژەی هەیە.

هەرکەسێک کە چاودێری جەنگی ئیمپریالیستی و نیوان روسیا و هاوکارەکانی لەلایەک و ئەمریکاو ناتۆ و ئەوروپا لەلایەکی ترەوە لە ئۆکرانیا بکات، بەسادەیی ئەوە دەبینێت، کە ئەمریکا و غەرب و ناتۆ، باوەشینی جەنگ لە ئۆکرانیا دەکەن، دەیانەوێت دریژە بکێشیت و فراوانتر بێتەوە. لەبەرامبەردا روسیاش دەیەوێت ئیدامە بەجەنگ بدات.

 چ ئەمریکا و ناتۆ، و چ روسیا بە باوەشینکردنی جەنگ و فوکردن بە گڕی جەنگدا، و دریژەپێدانی، بەدوای ئامانجی دیاریکراوەوەن. ئەمریکا کە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا توشی شکست و ناکامیەکی ئابڕوبەرانە بوو، دەیەوێت بە دنەدان و پشتیوانی کردن لە جەنگی ئۆکرانیا، ئابڕوی شکستخواردوی لە رۆژهەلاتی ناوەراست، بە زاڵکردنی باڵادەستی بەسەر ئەوروپادا، قەرەبووبکاتەوە. خوازیارە خەونی زڕاوی بۆ سازدانی دنیا یەک قوتبی، بە هەژموونی سەپاندن لە رێگای جەنگەوە بەسەر ئەوروپادا زامن بکات. دەمێکە ئەوروپا لە ئەمریکا دورکەوتۆتەوە و قڵشتی لەگەڵیان زۆترو زۆتر بووە، هیرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا و هەرەشەکردنی لە بەشیک لەوڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ، لەوەش زیاتر راگەیاندنی ئەوەی کەخوازیاری نیزامێکی نوێی جیهانییە، بواری کردۆتەوە کە ئەمریکا وەکو فریادرەس و بەرگری لە ئەوروپا، نمایشی رۆڵی خۆی بکات و ئەو دوورکەوتنەوەیەی ئەوروپا لە خۆی، نزیک بکاتەوە، و بەربگرێت بە رەوتی هەژموونگەرایی و پاوانخوازی روسیا و گەڕانەوەی بۆسەر شانۆی نێودەوڵەتی. هەروەها ئەگەر رۆڵی ناتۆ وەکو ماشێنیكی هیرش بەرانەو گوێ لەمستی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا، ئامادەیی سەربازی لە دەیان وڵاتدا، تا ئیستا بەرجەستە و دیارە، بەڵام رۆڵی ناتۆ لە ئەوروپادا، کە بریار بوو بەرگری لە ئەندامەکانی و ئەو وڵاتانە بکات کە ئەندامی ناتۆن و دەکەونە بەر هەرەشە، نەک هیچ رۆڵێکی نەبوو، بەڵکو ڕێکخراوەیەکی تۆپیوی بێ ڕۆڵ بوو، هیچ جێگاو ڕیگایەکی دیاری نەبوو. جەنگ و هیرشی روسیا بوسەر ئۆکرانیا بواری کردۆتەوە تا ناتۆ وەکو گوێ لەمستی ئەمریکا ئەمجارە لە ئەوروپادا، رۆڵی خۆی بگێرێت و ئابڕو بۆخۆی بگێڕێتەوە. ناتۆ خوازیاری دریژە کیشانی جەنگە، نەک هەر ویستی بەرین بوونەوەی هەرەشەکانی روسیا بۆسەر ولاتانی ئەوروپای هەیە، بەڵکو تامەزرۆی ئەوەیە روسیا هەرەشەکانی زۆرتر لە ولاتانی ئەوروپا بکات، تا لەو رێگایەوە و بەناوی بەرگری لە ئەندامەکانی پیگەی خۆی بگێرێتەوە و وڵاتانی ئەوروپا و هەرەشەلێکراو ناچار بە خواستی ئەندامەتی لە ناتۆدا بکەن. بەکردەوەش ئەم دۆخە پێکهاتووە و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای دەرەوەی ناتۆ، لەبەپاساوی بەهیزکردنی هیزە بەرگریان، خواستی پەیوەست بوون بە ناتۆیان هەیە. جیا لەوانە ئەمریکا و ناتۆ بە گێرانی رۆڵی خۆیان، دەیانەوێت بەبە هیزکردنی ناتۆ و جێگە پەیداکردنی، رێ لەوە بگرن کە ئەوروپای یەکگرتوو، بیر لە پیکهێنانی بەکردەوەی سوپای یەکگرتووی خۆی بکاتەوە، کە دەمێکە لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپاوە لەسەر مێزی هێنان و بردنە. بۆیە ئەمریکا و ناتۆ، بە هەموو شیوەیەک باوەشێنی جەنگ دەکەن و بەنزین دەپژێنە ئاگری جەنگ، ترسی روسیا بۆسەر ئەوروپا و دنیا، چەند بەرابەر زڵ و گەورە دەکەن، تا ویستەکانی خۆیان لە ئەوروپادا بەجێ بهێنن.

دیارە بۆ روسیاش، کە لەلایەکەوە لەسەر لاشەی شکستخواردووی رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، هاتە گۆرەپانی روداوەکانی ناوچەکە، و بەکردەوە بووە کاراکتەرێکی دەخالەتگەر لەچوارچیوەی سیاسەتی خۆی و نەیار بە تەماح و ئامانجەکانی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە بە پشتبەستن بە توانای سەربازی و جبەخانەی وێرانکەری جەنگی و بەو بوژانەوە رێژەییەی لە مەیدانی ئابوری و بە پشتیوانی و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ چیندا، بۆ پیکهاتووە، بواری بۆ کرایەوە تا نمایشی خۆی وەکو قودرەتێکی جیهانی، لە هەلومەرجی تازەی دنیادا بکات و  فاتیحا!! بۆ ناکامی هەوڵی ئەمریکا بۆ سازدانی دنیای یەک قوتبی بخوێنێ.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کە ناتۆ و تا دەهات سنوری قەڵەمرەوی خۆی لە ئەوروپا زیاتر دەکرد و بازنەی ئابلۆقەدانی روسیای لەڕێگای هاوپەیمان و دۆستەکانیەوە لەگەڵ سنورەکانی روسیا تەسک تر دەکردەوە، بۆرژوازی روسیا و نوخبە ئۆلیگاریشەیە پاوانخوازیەکەی کە خەونی دوبارە سازدانەوەی ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتیان، لەسەردایە، بە کەڵک وەگرتن لە ئەزمە سنورەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیا، پیویستیان بەجەنگ بوو.  هیرشی بۆسەر ئۆکرانیا کاردانەوەی بۆرژوازی روسیا بوو بەدژی فراوانکردنی قەڵەمرەوی ناتۆی گوێ لەمستی ئەمریکا و هاوکاتیش بۆ هاتنە مەیدانی وەکو قوتبێکی جیهانی، لە دنیای دوای شکست و ناکامی ئەمریکا بۆ سازدانی دنیای یەک قوتبی.

روسیا لەشەر لە ئۆکرانیا، پیویستی بەوەیە تواناییە سەربازییەکەی، رادە و ئاستی چەکە وێرانکەرەکانی، ریزی هاوپەیمانیەتیەکانی لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا… بخاتە ڕوو. وە ئەمریکا و ناتۆ لە پیگە و تونایی ئیستای روسیا، بێدار بکاتەوە. بۆیە روسیا بە پێداگری لەسەر داواکارییە زەبەلاحەکانی لە ئۆکرانیا، کە کلک و گوێکردن و کردنی ئۆکرانیایە بە تەیرێکی عەنتیکە، پیویستی بە دریژەدانی جەنگ و خستنە رووی چەکە وێرانکەرە بێ وینەکانە، تا لەو رێگایەوە توانایی خۆی نیشانی ناتۆ و ئەمریکا بدات و وەکو بلۆکیكی دانپیانراو لە دنیای ئیستادا، پیگەی بەرەسمی بناسرێت. روسیا و چین هیزو قوتبێکی نوێن، ئیتر فەرامۆش کردنیان، یاری کردنە بە ئاگر.

بێگومان قوربانیانی ئەم جەنگەی لە ئۆکرانیا بەڕێوەدەچیت و لە بنەرەتدا بۆ دوبارە سازادانەوەی ئارایشی تازەی دنیایە، بەجیا لە خەڵکی بێتاوانی ئۆکرانیا و وێران بوونی ژیرخانی ئابوری و داروخانی ئەو وڵاتە بەسەر یەکدا، چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی دنیایە. هەر ئیستا دنیا بەدەست هەرەشە و ئاکامەکانی جەنگەوە هەناسە سوار بووە. چوونەسەری خێراو بێ وێنەی نرخی سوتەمەنی و خۆراک، قورسایەکی زۆری خستۆتە سەرشانی جەماوەری ملیاردی دنیا. خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری و ملیۆنی لەزۆر وڵات و شوێنی دنیادا، بەرامبەر بە چونەسەری نرخی سوتەمەنی و خۆراک و بەدژی پیشبرکێی خۆ پڕچەک کردن و بردنە سەری بودجە بۆ بواری سەربازی، پەیامی دژە جەنگی ئۆردوی ملیۆنی چینی کرێکار و جەماوەری بیبەشە بەدژی ملهوری نوندانی بلۆکە بۆرژوازییەکانی دنیا. بێگومان بەرین بوونەوەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی ملیۆنی لە وڵاتەکانی دنیادا، بەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی وڵاتەکان، لە بنەرەتدا “نا” وتنە بە جەنگ و لێکەوتەکانی لە میلیتاریزم و کوشتار و ئاوارەیی و گرانی و بەینبوونەوەی هەژاری.

Leave A Reply

Your email address will not be published.