شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت

0

شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت

 

باڵی چەپم دێشێت

پێدەچێت وەك جاران نەتوانم بفڕم

وەك ئەوسا ئەستێرەكان بەسەر نەكەمەوەو

بەچۆلەكە بەتەمەنەكان نەڵێم

جوكە جوكی تەنیایتان باش

جوكە جوكی نەفڕینتان باش

 

باڵی چەپم دێشێت

پێدەچێت وەك جاران بەناو كۆڵانی

شیعرە بێ ستیانەكانی خۆمدا

دانەگەڕێم و هەڵنەگەڕێم

سڵاوم لەو ژنە ڕەشپۆشە بۆناكرێت

دەستی ئەو مناڵە سواڵكەرەم بۆ ناگیرێت

دڵتەنگیی و زەردەخەنەی كچەهەڵەبجەییەكم بۆ ناخرێتە ڕستەوە

 

نازانم ئێمەی مرۆڤ چەندساتێك بەرلەمردنمان چۆن چۆنی بیردەكەینەوە

چۆن چۆنی ڕەنگەكان دەبینین

بەچیدا ئاو دەناسینەوە

بەچیدا دەزانین كەبەرەو دوونیایەكی

ئەبەدی دەڕۆین

دوونیایەك كەباگەمەی تیادەكات و

باران بەبێ سەرپۆش بەشەقامەكانیا پیاسەدەكات

 

باڵی چەپم دێشێت

پێدەچێت ئەمە خۆم نەبم دەنائاوا

هۆگری گەڕان نەدەبووم بەناو گۆڕستانەكاندا و گوێم بۆدەنگی مردوەكان

هەڵنەدەخست لەكاتی سوتاندا

نائەمە هەرگیز لەمن ناچێت

كەی من شەڕەجنێوم لەگەڵ پیاوە دووڕوەكاندا كردوەو كەی من لەدەرگای

ژنەجادووگەرەكانم داوە

 

ئەمە من نیم

یەك مسقاڵ لەجەستەی خۆمم

بۆناناسرێتەوە

بەم هەموو دڵەڕاوكێیەوە چۆن دەتوانم

گوێ لەبانگی بەیانیان بگرم

ئەو دەنگانە سترێسم دەكەن كەوەك بایەكی نەعلەتی پەنجەرەی ژوورەكەم

ڕادەوەشێنن

 

پەردەكە دادەرەوە

ئەو لەودیوەوە سەیرمان دەكات

حەزدەكات خەنجەرمان لەسەر ڕاكێشێت

پێیخۆشە بزمار بەچاومانا داكوتێت

پێدەكەنێت ئەگەر خوێنمان بەسەر پێڵاوەكانمانەوە ببینێت

 

باڵی چەپم دێشێت

پێدەچێت وەك ئەوسا نەتوانم بفڕم

وەك ئەوسا دراوسێكانم بۆ نەناسرێتەوەو

پێیان نەڵێم بێدەنگیتان باش

پەردەی پەنجەرەكە دادەرەوە

ئەو لەودیو دیوارەكەوە تەماشامان دەكات

گاڵتەی بەپێكەنینمان دێت

بیرلەوە دەكاتەوە

ئاوێنەكەمان بشكێنێت

…………

میرزا

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.