پێنجەسەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە نرخی سەرو ١١٥ دۆلار… بەڵام موچە نییە!

0

پێنجەسەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە نرخی سەرو ١١٥ دۆلار… بەڵام موچە نییە!

بەپێی دانپیانانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان!!، هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە لەوماوانەی دواییدا نرخی هەر بەرمیلێک نزیک بۆتەوە لە ١٢٠ دۆلار… کەچی مووچەی موچەخۆران لە کاتی خۆیدا نادرێت و دوا دەخرێت، خزمەتگوازییەکان لە ئاو و کارەباوە، بۆ کەرتی…

پەروەردەو تەندروستی و شارەوانی… تاد، بەتەواوەتی پشت گوێ خراون. زۆرێک لە ڕێگاو بانەکان ناویان لێنراوە ڕیگای مەرگ. بێکاری و هەژاری و بێمافی بێداد دەکات… خانەنشینان بۆ موچەیەکی کەم لەسەرەی دوورو درێژ و سیستەمی دابەشکردنی موچەی دواکەوتوانەدا، گیان دەبەخشن. بەشێکی زۆری لاوان بەهۆی نەبوونی هەل و کارو سەختی ژیانەوە، ڕێگای هات و نەهاتی رزگار بوون لەدۆزەخی نیشتیمان!! هەڵدەبژێرن و بەرەو ئەوروپا مل دەنێن.

دیارە بەجیا لە فرۆشی نەوت، ٢٠٠ ملیار دیناری بەغدا و داهاتی ناوخۆی دائیرەو فەرمانگەکان تا دەگاتە داهاتی باج لەسەر هاوڵاتیان، کە بەسەدان رێگە کۆدەکرێتەوە لەگەڵ داهاتی خاڵەسنوری و گومرگەکان، هێندە زۆرە کە نەک بەشی موچە و زیادکردنی موچە، بەڵکو بەشی پەرەدان بە خزمەتگوازرییەکان… تاد، دەکات. ئەوەی کە وای کردووە موچە نەبێت و دوابکەوێت، خزمەتگوزارییەکان وێران بن… نەبوونی داهات و بودجە نییە، بەڵکو ئەو دزی و تاڵانە ئاشکرایەیە، کە لەلایەن سەرانی پارتی و یەکێتیەوە بەچەندین ڕێگا بەردەوامەو بەشێکی تریشی دەچێت بۆ بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، و لیستی خانەنشینانی پلە باڵاکان و بن دیوارەکان، ئەو بندیوارانەی لەشکری حزبن، بۆ دەنگدانی کاتی هەڵبژاردنەکان و بۆ سەرکوتی دەنگە ئازادەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەییەکان.

 جەماوەری توڕەو بێبەشی کوردستان، پێویستە ناڕەزایەتییە ڕەواکانیان بۆ موچە و نان و ژیان و خزمەتگوازییەکان، ڕێکخراو بکەن، تواناکانیان لەگەڵ یەکتری تێکەڵ بکەن، خواستە هاوبەشەکان بکەنە مەبنای شەپۆلێکی هاتنە مەیدانی فراوان و سەراسەری، لە ڕاستای ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە. مانەوەی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییە، بەمانای مانەوەی برسێتی و نەبوونی و هەژاری و بێکاری و دەیان دەردو موسیبەتی ترە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.