لەپێناو مرۆڤایەتیدا، با لێبووردەبین.. نووسینی: شەماڵ بارەوانی بەشی یەکەم

0

لەپێناو مرۆڤایەتیدا، با لێبووردەبین..

نووسینی: شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم

هەڵبەت، لێبوردەیی یەکێک لەهەرە خەسڵەتە بەرز و جوانەکانی مرۆڤە، لێبوردەیی ڕەگی شارستانیەت و ماکی ژیانە. لێبووردەیی ناسنامەی مرۆڤایەتی و پێشەرمەجی ژیان و بنەمای بوونە. ژیان لەسەر بنەمای لێبوردەییەوە وەستاوە. لەهەر شوێنێک لێبوردەیی نەبوو ژیان نابێت، ئازادی نابێت، سۆزو بەزەیی نابێت، مرۆڤ بوون و مرۆڤ دۆستی نابێت، ویژدان نابێت، ئەخلاق و مۆڕاڵ نابێت.

مرۆڤی نالێبوردە، مرۆڤێکی بێ مۆڕاڵە، توندوتیژو بەربەرە، مرۆڤێکی سادیک و نەخۆشەو پێویستی بە چارەسەرە.

دەی تکایە با لەپێناو ژیان و مرۆڤایەتی، لەپێناو خۆشەویستی و یەکڕیزی، لەپێناو ئەخلاق و بەها باڵاکان، لەپێناو یەکترقبوڵکردن و پێکەوە ژیان، با لێبوردەبین، لێبوردەیی بکەین بە ئەقیدە و پڕنسیپمان، لێبووردەیی بکەین به گەوهەر و هەوێن و هەموو شتێکی ژیان. دواجار جگە لە لێبووردەیی هیچ شتێکیتر نامانگەیەنێت بە ئامانج و مرۆڤ بوون. ئەلتەرناتیڤی لێبوردەییش تەنهالێبوردەییە.

لێبوردەیی نەبێت، توندو تیژی لەدایک دەبێت. تیرۆر سەرهەڵدەدات. فێندەمێنتالیزمی ئایینی زاڵدەبێت. جەنگی مەزهەبی ڕوو دەدات. مرۆڤایەتی پێشێل دەکرێت. ئازادییەکانی تاک بن پێدەخرێت. لەسەر دیدو بۆچوونی جیاواز مرۆڤ بە هەرتەقەو تەکفیر دەکرێت و مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونی مرۆڤ بێسەروشوێن دەکرێت.

تەنها مرۆڤی شارستانی دەتوانێت لێبوردەبێت.

مرۆڤی فێندەمێنتالیست و کەسی ئایدیۆلۆژیست و بابای مەزهەبگەرا، هەرگیز ناتوانێت لێبورەبێت. مرۆڤێک دەمارگیری ئایینی و ڕقی ئایدیۆلۆژی و نەخۆشی مەزهەبی کوێری کردبێت، چۆن دەتوانێت لێبوردەبێت!؟ چۆن دەتوانێت مرۆڤ بوونی مرۆڤ ببینێت، بەرلەوەی ئایین، مەزهەب، ڕەنگ و ڕەگەز و هەرشتێکیتری ببینێت.

ئەو جۆرە مرۆڤە بەئایدیۆلۆژیست بووە، ئەو جۆرە مرۆڤە ڕقاویه، ئەو جۆرە مرۆڤە ڕاسیزم و دەمارگیرە،

هەرگیز ناتوانێت، لێبووردەبێت، تاوەکو بڕیار نەدات، تەنها لەڕوانگەیەکی ئەبستڕاکت و پەتییەوە، مرۆڤ بوونی مرۆڤ ببینێت.

تا خۆی بە تەواوی لە پەتاو نەخۆشی دەمارگیری و ڕق و کینەو ڕەگەزپەرستی دانەماڵێت، هەرگیز ناتوانێت لێبووردەبێت و لێبووردەییانە لەژیان بڕوانێت.

ماویەتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.