مامە ئەحە نووسینی: ئارام حەسەن

0

مامە ئەحە

نووسینی: ئارام حەسەن

کڕین و فرۆشی بە توتنەوە دەکرد، پیاوێکی لاواز و درێژکۆڵەی چاو سەوز، جارێک نەمدی جامانە و پشتێنەکەی توندوتۆڵبێ، بەڵام هەتا بڵێی ڕووخۆش بوو، چاوەکانی زوو زوو دەتروکاند، ناوبەناویش بەدەم قسەکردنەوە زیاتر چاوەکانی دەکردنەوە، جاروبار سمێڵە زەردهەڵگەڕاوەکەی لەبن لوتە درێژەکەیەوە بە دوکەڵی جگەرە وندەکرد، لاق درێژێکی کەمەر باریک بوو، هەمیشە بەو گوێنیە بۆرەی، کە لەژێر باڵی چەپیدا بوو کۆڵانە و کۆڵان دەگەڕا..

ساڵی 1990 ئێوارەیەکی هاوین، بە ڕێکەوت لە یەکێ لە کۆڵانەکانی گەڕەکی کارێزەوشک توشی بووم، دوای تەوقە و چاک و چۆنی، کتوپڕ لە زمانی چاوەکانی تێگەیشتم، ڕێک وەک ئەوەی بیەوێ پێمبڵێ ئەزانم کە خەریکی مێبازیت، بەڵام به پێکەنینەوە گوتی:

  ــ “کۆڵانان مەگەڕێ باوە، تۆ کوڕی کێت پێئەڵێن”

لەبەردەم مزگەوتی گەڕەکەکەمان دار توویەکی زڕی گەورە هەبوو، دیسان دوای نیوەڕۆی ڕوژێکی دی، وەختێ بە تەنیا لەبن سێبەری توەکە دانیشتبووم، بەخۆی و گوێنیەکەی ژێرباڵی و بەدەم تووندکردنەوەی بەنەخوێنی شەڕواڵە زەرەدەکەیەوە لە دەرگای مزگەوت وەدەرکەوت، دیاربوو بە پەلەپەل میزی کردبوو، چونکە چەند دڵۆپێک تەڕایی لە ئاستی ئەژنۆی لای ڕاستەوە لەسەر شەڕواڵەکە دیاربوون، بەرەو ڕووم هات، لەدوای چاکوچۆنی لێی پرسیم:

  ــ “ماوێتی بۆ نوێژی عەسر؟”

  ــ “نازانم”

  ــ “چۆن نازانی؟”

  ــ “ئێ نازانم”

  ــ ” نوێژەکەی؟”

  ــ “نەخێر”

بەو وەڵامە، یەکسەر ئەو پێکەنین و خەندە هەمیشەییەی سەر لێوە باریکەکانی نەما، زیاتریش لەسەری نەڕۆیشت، ئەوجا گوتی:

  ــ “ئا با شتێکت بۆ بگێڕمەوە”

  ــ “فەرموو”

  ــ “زەمانی عەبدولکەریم قاسم، بەیانیەکیان من و (حاجی حەمه نەویست)ی چاڵەکۆن، جا ئەوسا حاجی نەبوو هەرزەکارێکی هەزارپێ بوو، چووین بۆ مزگەوت، دوای جەماعەت چاوێکم لێداگرت، ئیتر تێگەیشت ئەڵێم چی، جا لە زستانا زوو زوو ئەچووین بۆ ڕاووڕووت لە باریکە ڕێگەکەی پشت بەردەهەڵۆ، چووینەوه بۆ ماڵ و بڕنەوەکانمان هێنا، حەمە نەویست بەرماڵێکیشی هێنابوو لەگەڵ خۆی، نەمانزانی دوو چەتەی تر پێش ئێمە گەیشتوونە ئەوێ بۆ خاڵیکردنەوەی گیرفانی ڕێبواران، وەڵڵا کاکە هەر کە نزیک بووینەوە سەرو فیشەکیان نا بەبەر پێمانەوە، من ویستم جوابیان بەمەوەو تەقە بکەم، بەڵام ئەو کافربابانە فاسیلەیان نەیاین، نە یەک و نە دوو نە سێ، تاق تەق.. گیڤ.. گیییڤڤڤڤ.. تووق تاق.. جا خوا بەوە ڕوحمی کرد فریای ئەوە کەوتم بە حەمە بڵێم  لەجێی خۆت دانیشە، بە بەرماڵەکە خۆت داپۆشە با وابزانن گابەردی، ئەگینا خوا عەلیمە حەمەیان ئەکوشت، ئەو بەرماڵە بوو بە خێروبەرەکەت بۆی”

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

٭بەنەخوێن: دۆخین

Leave A Reply

Your email address will not be published.