مردن لەسەرەی موچەدا، بەڵگەی مەرگی دەسەڵاتە…
مردن لەسەرەی موچەدا، بەڵگەی مەرگی دەسەڵاتە…
لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین خانەنشین، لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیاندا مردن. خانەنشینان ئەو ئینسانانەن کە هەموو تەمەنی لاوی خۆیان تەرخانی خزمەتکردن بە کۆمەڵگە کردووە، زوربەی ئەو خانەنشینانە کرێکار و کارمەند بوون، واتە بەکردەوە ئەمانە ڕۆڵی سەرەکیان لە چەرخاندنی کۆمەڵگەو بەرهەمهێناندا، گێراوە. کەچی لە جێگای ئەوەی موچەی گونجاویان پێبدرێت کە بەشی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خێزان و پێداویستەکانیان بکات، موچەیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت کە بەشی تەنها هەفتەکیان ناکات. ئەو موچە کەمەش کە پێیان دەدرێت، بەجیا لەوەی بەپاساوی جیاجیا لێیان دەبڕدرێت، هاوکاتیش موچەکانیان دوادەخرێت. لەهەموو ئەوانەش زیاتر، خانەنشینان بۆ موچەکانیان، دەبێ چەندین ڕۆژ لە سەرەی دورودرێژ لە سەرمای زستان و لە گەرمای هاویندا بوەستن… کە ئەمەش بۆ تەمەنی خانەنشینان لەتوانادا نییە. هەر بەهۆی ئەم سەرە دورودرێژە و ماندوبوونیان لە راوەستان و چاوەڕوانیدا، توشی لەهۆش خۆچوون و لەوەش زیاتر گیان لەدەست دەدەن. لەم ماوەیەدا چوار لە موچەخۆران سیانیان لەسلێمانی یەکێکی تر لە سۆران گیانیان لەدەستداوە. گیان لەدەستدان بۆ وەرگرتنی موچەیەکی کەم، نیشانەیەکی ئاشکرایە بۆ سەختی ژیان و پێداویستیەکانیان. ئەم دۆخە کە خانەنشینان تیادا بەسەر دەبەن، پەڵەیەکی یەکجار نەنگە بەناوچەوانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە، ئەو دەسەڵاتەی موچە و خانەنشینی خەیاڵی بۆ وەزیر و گزیرەکان، بۆ ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و دەزگا سەرکوتگەر و جاسوسیەکانی سەرف دەکات، بێ ئەوەی هیچ رۆڵێکیان لە خزمەت کۆمەڵگەدا هەبێت، لەبەرامبەریشدا لەبەرامبەر بەو ئینسانانەی چەندین دەهە کاریان کردووە و بەواقعی ئەوان خاوەنی کۆمەڵگە بوون، موچەیەکی ناچیز و کەم و سواڵکەرانە دەدات، ئەویش بەو شێوازەی کە بۆموچەکانیان و لەسەرەی وەرگرتنیدا گیان لەدەست دەدەن… بەڕاستی مردنی ئەو خانەنشینانە لەسەرەی موچەدا، نیشانەیە بۆ مەرگی دەسەڵات، لەلایەن لاوان و نەوەی نوێوە. مەرگی دەسەڵاتێک کە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی وەڕێکەوتووی جەماوەری، دەبێ بەسەمەر بگات.