مەملەکەتی تابووت.. شەماڵ بارەوانی

0

مەملەکەتی تابووت.. شەماڵ بارەوانی

ئازیزەکەم

ئێره دەڤەری بڤەو

مەملەکەتی تابووتە

 

ئێرە سنوری نەریت

و

دوورگەی زەقنەبووتە

 

لێرە

ڕۆژ نییە خوێنی دوو ئاشق

نەڕێژن

و

تەرمی دوو لێو بەتاوانی ماچ

نەنێژن

 

لێره

لێناگەڕێن گوڵی ئامێز

چرۆ بکات

و

کەس لە زاراوەی ئیشق

تێناگات

 

لێره

هەر دەیجورە دادەگیرسێت

و

هێشووی تریفەی مانگەشەو

هەرگیز پێ ناگات

 

لێره

گوڵەکان بە گەنجی سەردەنێنەوە

و

وەرزی بەهار بەکاڵی دەکوژێتەوە

 

خۆشەویستی لەسەر نووکی چەقۆ

ڕێ دەکات

و

 مۆرکی مەرگ بۆ ئاشقان

دەبڕدرێتەوە

 

ئازیزەکەم

ئێمە لە ناو قەفەزی

مەزهەب و

لەکیشوەری

خێڵین

 

وەرە باچیتر

شەتڵی گریان

لەزێدی عەزابا نەڕوێنین

و

کێڵگەی خەم نەکێڵین

 

وەره با

ئەم فەسڵی هەڵوەرین

و

مەوتنەی زام

جێ بێڵین

 

وەرەبا لێ نەگەڕێین چیتر

پەڕەی دەفتەری خەندەکانمان

بە تیغی فرمێسک

کون بـێ

 

وەرە با بڕۆین

بۆ دوور دوور

و

ناونیشانمان

لەو نیشتمانەی سەراب

ون بـێ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.