ئەدرێسەكەم ڕیشی سپی بوو

0

ئەدرێسەكەم ڕیشی سپی بوو

 

هەموو شتێك دەكەوێتە خوارەوەو

ڕۆحمان دەئاڵێت لەم گوناهە شەرابیانەوەو دەستمان لەشپرزەیی

خۆمان نابێتەوە

پیاوێكی سەرخۆش بەتەوسەوە پێم ئەڵێت

نەخشەدانان بۆژیان وەك ئەم پێكەی من وایە كەهەڵیدەدەم گاڵتەم  پێدەكات

كە سەرخۆش دەبم كەسێك دەست ناداتە باڵم

من دەستم لەژیان بەرداو خۆم لەهەموو شتێك تەكاند

بەقەسیدەكانم وت ئەوەی زوتر بگاتە 

لام و سەرم  بنێت بەسنگیەوە

بەیانی دەیبەم  بۆلای خەیات و قاتێك زەردەخەنەی بۆ دەدەم بەكرد

 

من دەستم لەژیان بەرداو

ئەدەرێسە تازەكەم بەسەردەرگاكەوە

خەریكە ڕیشی سپی دەبێت و

هەموو شەوێك تایەكی گەورە دای دەگرێت و عارەقێكی سارد ساردی پێدەكاتەوە

  شپرزەییم بەقاچێكی شكاوەوە

بیانوی هاتوچۆی گۆڕستانم پێدەگرێت

پێم دەڵێت تۆلەدوامەوە بڕۆ و من نوسینی

سەرهەموو كێلەكان دەخوێنمەوەو بۆشت

تەرجومە دەكەم

 

هەموو شتێك دەكەوێتە خوارەوەو

ئەم  كۆكە كۆكەیەی منیش یەك گەڕەكی

هەراسان كردوەو كەسێك ناوێرێت

سەردانێكم بكات

ئەدرێسەكەم بەتەواوی بێتاقەت بوەو

لەدورەوە خێسەم لێدەكات

دەستم بۆبەرز ناكرێتەوەو

ناتوانم تاكێكی پەنجەرەی ژوورە تاریكەكەم بكەمەوەو دەنگم  ناگاتە

هیچ  كۆترە  باریكەیەك

 

سەرم لەم  قەسیدە  توڕەو تڕۆیە نابێتەوە

لەدوو تەوتەم دەچین

دەبێت وەك یەك خۆمان بگۆڕین

وەك یەك بەڕێگادا بڕۆین

یەك ئەدرێسێشمان هەبێت

 

ئەم ژوورە پڕەلەئاوێنەو كەچی چاوم بۆهەڵنایەت

بەم هەموو دڵتەنگیەی خۆمەوە

دڵخۆشی كەروێشكێكی پێكراوم بۆنادرێتەوە 

نازانم بەچ زمانێك قسە لەگەڵ ڕاوچیەكاندا بكەم

گوناهی هەموو ماسیەكانم گرتە ئەستۆی خۆم و پێمووتن

لەڕۆژی حەشردا من بەرپرسم لەكوشتنی

ئێوە

 

هەموو شتێك دەكەوێتە خوارەوەو

وەك پەرداخەكەی ناودەستی تۆ پارچە

پارچە دەبێت

دایكم چاوی پڕدەبێت لەفرمێسك و

بەدزی خواوە تەماشایەكم دەكات و

لەبەر خۆیەوە شتێك ئەڵێت

شتێك كە سوكناییەك بەگیانما دێنێت و

لەم غەڵبەغەڵبەی ژیان دوورم ئەخاتەوە

تۆش هەرچی ئەڵێیت بڵێ

هەرچی دەنوسیت بنوسە

بەس مەنوسە خۆشمدەوێیت

…………….

میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.