یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە. بەشی دووەم و کۆتایی نووسینی: شەماڵ بارەوانی

0

یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە.

بەشی دووەم و کۆتایی

نووسینی: شەماڵ بارەوانی

 خاتوو نەوال لە «یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە. وەک زۆربەی نووسینەکانی تری

باس لە ئازارو نەهامەتی و ناخۆشی و موعاناتەکانی ڕەگەزی مێینە دەکات، بەتایبەتی ژن و کچی عەرەب چۆن هەر لەکاتی زارۆکینییەوە، ڕووبەڕووی چەوسانەوەو نایەکسانی جێندەری و جیاکاری ڕەگەزی و بەزۆر بەشودان دەبێتەوەو یاساکانی نێرسالاری و فەتوای مەزهەب و نەریتی خێڵگەرایی بەسەردا دەسەپێنن،

فێری یاسای کۆیلەتی دەکەن و لەسەر هونەری خۆ بەکەم زانین و خۆ بەدەستەوەدان و ڕاهێنان  مەشقی پێدەکەن و بنەماکانی بیری نێرسالاری بەسەردا دەسەپێنن و مرۆڤ بوونی لێ زەوت دەکەن و ئازادییەکانی لەسێدارەی نەریتەکۆنەکان دەدەن و کەرامەتی ژن بوون و مێ بوونی لەتەنافی ئەقڵیەتی کۆمەڵی پیاو سالاری هەڵدەواسن، هاوشێوەی سوعاد چۆن داپیرەی و دایک وباوک و خانەوادەکەی و کۆمەڵگەکەی ڕەگەزی مێ وا دەبینن تەنها ئامڕازێکە بەدەست پیاوەوەو  ئامێرێکە بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی پیاو بەجێ هێنانی داواکارییەکانی پیاو!

لەکاتێکدا کە ئەو کەس گوێ بە حەزو ویست و مافەکانی  نادات و وەکو مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەو ڕێزو کەرامەت گوێ بۆ ئازارەکانی شل ناکات!

لەجڤاتێکی نێرسالاریدا هەموو شتێک لەبەرژەوەندی نێردایەو مێ جگە لەسێبەرو شوێنکەوتەو پاشکۆی پیاو چیتر نییە،

جڤاتێک هەر لەمنداڵییەوە خێزانەکان ترس و لاوازی لەکەسایەتی کچ دەچێنن و وای حاڵی دەکەن کە تەنها پیاوو نێرینە ڕەگەزێکی بێ وێنەو باڵاو کامڵ و بێ کێماسییەو مێ بە سرووشت و فیزیکەوە، بوونەوەرێکی کەم ئەقڵ و ناتەواو بێ هێزە،  پیاو سەروەرو یاسادانەرو بڕیاردەرە، ژنیش گوێڕایەڵ و جێ بەجێکار.

کوڕ کوڕەو کچیش کچ.

کچ دەبێ لەخزمەتی کوڕدابێت.

خوشک براکەی چی وت نابێ لام و جیمی لێ بکات و دەبێ بێ سێ و دوو جێ بەجێی بکات،

کچ دەبێ هێلکە بۆ براکەی بکاتە ڕوونەوەو چی حەز لێ بوو بۆی ئامادەکات،

جڵەکانی بشوات،

جێگەی بۆ ڕابخات،

پێڵاوەکانی بۆ بۆیە بکات،

براکەی لێی بدات، جنێوی پێ بدات، سوکایەتی پێ بکات. کچ بۆی نییە بڵێ نەخێر، لەبەر ئەوەی براکەی  مافی بەسەریەوە هەیە، کوڕ دەخوێنێ، ئۆتۆمبیل لێدەخوڕێت، دەچێتە خوێندگە، بازاڕ، یاری فوت بۆڵ ئەنجام بکات، گەشت دەکات، ئەو مافەنەو دەیان مافی تر هەمووی بۆ کچ بڤەو هێڵی سورن،

ئەمە بۆژنیش لەبەرامبەر پیاودا هەمان شتە؟

«یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە.

ژیانی سوعادو چیرۆکی هەموو کچ و ژنێکی کۆمەڵی پیاو سالارییە، ئەو کۆمەڵانەی هێشتا بە بیری یەکسانیخوازی و پڕنسیپەکانی ڕۆشنگەری ئاشنانەبوون و نەریتەکانی خێڵ و یاساکانی مەزهەب  تەحەکوم بە بوون و بەژیانیانەوە دەکات و بەڕێوەیان دەبات، نەریت و یاساگەلێک، کە هەڵهێنجراوو هەڵقوڵاوی مینتاڵییەت و ئەقڵیەتی پیاوسالارین. یاساو نەریت گەلێک لەسەر جیاکاری ڕەگەزی و نایەکسانی جێندەری ڕۆنراون و دژ و پێچەوانەی بەهاکانی فێمێنیزم بوون و پێشمەرجەکانی مرۆڤ بوونن.

یاساو نەریتگەلێک دەسەڵات و ماف و هێزو کوتەک بە پیاودەدات و ژن وەکوو بوونەوەرێکی بێ هێزو بێ ماف و بێ ئازادی و ناتەواو خزمەتکاری نێر سەیر دەکات.

چیرۆکی سوعاد چیرۆکی هەموو ئەو کچانەیە کە هەر لەمنداڵیەوە جیهانی منداڵێتی و مرۆڤ بوونیان دەست بەسەردادەگیرێت، لەتەمەنێکی زۆر زووەوە دەیان خەنە بەر پرۆسەی هاوسەرگیرییەوەو  بەزۆرو بێ ویست و  ئامادەیی و لەدەرەوەی تەمەن و کات و حەزی خۆیانەوە بەشوو دەدرێن و کچێنییان پێشل دەکرێت و منداڵییان تیرۆر دەکرێت و لە پیاوانێک مارە دەبڕێن لە تەمەنی باپیرەیانن!.

«یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە….پێمان دەڵێت:

چیرۆکی سوعاد. چیرۆکی هەموو ئەو کچ و ژنانەیە، ژیانیان بە تەڵبەندی نەریتە کۆن و باوەکان دەور دراوەو ناتوانن لێی دەرچن، بەسەرهاتی هەموو ئەو ژن و کچانەیە کە بوونەتە قوربانی تونێلە تاریکەکانی بیری نێرساڵاری و بوونیان بە قامچی پیاوگەرێتییەوە دەور دراوە.

«یادداشتەكانی منداڵێك بە ناوی «سوعاد»ەوە.

یەکەم ڕۆمانی خاتوو نەوال سەعداویە،ڕۆمانێک نەوال تێیدا بەوردی باس لە هەموو وردوو درشتێکی ژیانی “سوعاد “کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەی دەکات و پرسیارە تابووکان و مرۆڤ بوون و ژن و وجود و میتافیزیکاو ئایین و سروودەکانی، پەتای نێرسالاری، ئازادی، پەروەردەی توندو داخراوی ئایینی،  جیاکاری ڕەگەزی و جێندەر،دەمارگیری ئایینی و ڕقی مەزهەبی ..تاد. گەنگەشە دەکات لەبارەیانەوە دەدوێت و نەوال لەم میانەدا ڕووبەڕووی  سیستەمی بیری نێرگەرێتی و کومەڵی نێرسالاری دەبێتەوە،

ئەو کۆمەڵەی بە چەقۆی نەریتە کۆنینەکان  ڕۆحی ژن پارچە پارچەدەکات و کەسایەتی ژن دەکوژێت و بەدەستاڕی نێرسالاری ئازادیەکانی ئافرەت دەهاڕێت و جامی نەفرەتی مەزهەبگەرایی بەسەر مێ دا دەڕێژێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.