تاكە زەمانەتی سەركەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕش، تەنها یەكگرتوویی و هاتنەمەیدانی هێزی ملیۆنیی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستانە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ستاری چیمەنتۆ هەڵسوڕاوی كۆمۆنیست سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەت لەعێراق

0

تاكە زەمانەتی سەركەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕش، تەنها یەكگرتوویی و هاتنەمەیدانی هێزی ملیۆنیی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستانە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ستاری چیمەنتۆ هەڵسوڕاوی كۆمۆنیست سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەت لەعێراق

سەرەتا سوپاس بۆ پەیوەندیەكەتان و ڕێزم بۆ بەهەند وەرگرتنی ئەم بابەتە زیندووە..

بۆپێشەوە: زوربەی خەڵكی عێراق و كوردستان بڕوایان بە حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان نەك نەماوە، بەڵكو لێیان بێزارن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەكرێت كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حزبانە بهێندرێت؟

ستاری چیمەنتۆ: بەڵێ هەروەك خۆتان دەڵێن، تەواو دروستە، كەخەڵكی كوردستان زۆر بێزارو تووڕەن لەم دەسەڵاتەی هەرێم و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن، كە ڕایان بماڵن! بەڵام پێش ئەوەی بگەڕێین بەدوای ئەوەدا، كە چۆن كۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنرێت، دەبێ بزانین كێشە بنەڕەتیەكانی خەڵكی كوردستان چییە؟! دەسەڵاتی ئەم حیزب و بنەماڵانە، چۆن توانیویانە ٣٠ دانە ساڵ درێژە بەتەمەنی بدات؟!!

  بنەمای مانەوەی ئەم دەسەڵاتە، دەستبەسەرداگرتن و قۆرخكردنی تەواوی سەروەت وسامانی كوردستانە، كە كەمینەیەكی ملیاردێر هەموو قووتی خەڵكی بێمووچە، بێكار و برسی كوردستانیان لەژێر دەستدایە.!

 ئەم دەسەڵاتە قەومی- ئیسلامییە جگە لە هێزی زەبەلاحی سەربازیی و چەكداری بنەماڵەیی و سیخوڕی كە بەدژی ژنانی ئازادیخواز ویەكسانیخواز و بۆسەركوتی كرێكاران وخوێندكارانی ناڕازی بەكاریان دەهێنێ، میدیایەكی زەبەلاحیشی، خستووەتە گەڕ لەپێناو فووتێكردنی مەسەلە قەومیی ودینی وكۆنەپەرستیەكانەوەو.!

 هەموو ئەو پیرۆزكردنە بێ بنەماكانی نەتەوەو دین و ئاڵاكەشی، لەپێناو جووڵاندنی ئیحساساتی خەڵكیدا بووە، تا بیانكاتە هێزی پشتیوانیكردن لە حیزب و بنەماڵە و دەسەڵاتی بەناو حكوومەتی هەرێم و لەوێوە درێژەدان بەتەمەنی نەگریسی خۆی.

بۆپێشەوە: درەنگ یان زوو خەڵكی عێراق و كوردستان دەست دەبەن بۆ راپەرین و شۆرش، سەركەوتنی راپەرین و شۆرش، لە گرەوی چیدایە؟

ستاری چیمەنتۆ: كەواتە لەپێناو كۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە و دەستڕاگەیشتنی خەڵك بە ژیانێكی ئارام، دوور لەو هەمووسەركوتگەرییە، تێگەیشتنە لەو باروودۆخە سەختە، و هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك، كە چیتر سەرمایەداران و مفتەخۆران ژیانی ملیۆنەها ئینسانی ئەم كوردستانەیان بەدەست نەبێت.

بۆیە بە پشتبەستن بەو تێگەیشتنەی كە لەوەڵام بە پرسیاری یەكەمدا زۆر بەكورتی ڕوونم كردەوە، دەتوانم لەوەڵام بەپرسیاری دووەمتاندا ئەوە بڵێم؛

كە تاكە زەمانەتی سەركەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕش، تەنها یەكگرتوویی هاتنەمەیدانی هێزی ملیۆنیی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستانە.

ئەوە ڕاستە، كە خەڵكی كوردستان لەدژی نەبوونیی مووچە و گرانیی و بێکاری و برسیەتی، خوێندكاران لەدژی دۆخی خراپی ژینگەی خوێندن، نەبوونی دەرماڵە و پێداویستییەكانیان دەیان وسەدان جار ڕژاونەتە سەرجادەكان، كەچی دەسەڵاتیش جگە لەوەی زۆر خەم سارد بووە و تەواوی داواكارییەكانی خەڵكی پشتگوێ خستووە!

لەهەمان كاتیشدا تەواوی هێزە چەكدارەكانی بەدژی خەڵكانی ناڕازی و خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، دەیان كەسی كردووەتە قوربانیی لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەكەی خۆیدا كە لەئاكامدا لەگەڵ چەندین وەعدە و وەعیدی پڕ لەدرۆ توانیویەتی دووبارە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان سەركوت بكات.

بەڵام لەپێناو بەسەركەوتن گەیاندنی شۆڕشدا، تاكە ڕێگە هاتنە میدانی هێزی یەكگرتووانەی خەڵكی كرێكارو زەحمەتكێشە بەدژی ئەم دەسەڵاتە.

 دروست ئاوایە، لەكاتێكدا ژنانی ئازادیخواز ویەكسانیخواز بەدژی سەركوتی كۆنەپەرستانە دێنە مەیدان، ئەوا نەك هەر گرنگە، بەڵكوو پێویستییەكی حەتمییە، كە پیاوانی ئازادیخواز بۆ تەواوكردن و بەهێزكردنی ئەو ناڕەزایەتیانەی ژنان بێنە مەیدان وببنە پشتیوانییەكی بەهێز.

هەروەها ئەو كاتەی خوێنكاران لەسەر جادەن، پێویستیان بە پشتیوانیی جیددی دایك باوكانێكە، كە بێ مووچە و بێكار وكەمدەرامەتن و ناتوانن ژیانی خوێندنی ڕۆڵەكانیان دابین بكەن.

 لەهەمان كاتیشدا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی كرێكاران و فەرمانبەران و خانەنشینان، پێویستیی جیددییان بە پشتیوانیی خوێندكاران و گشت توێژە زەحمەتكێشەكانی تر هەیە، تا ببنە زەمانەتی بەدەستهێنانی ئەو خواستانەی، كە كۆی ژیان و گوزەرانی هەر هەموویانی پێوەبەندە، بكات.!

ئەمە یانی تاكە ڕێگەی زەمانەتی بەسەركەوتن گەیاندنی شۆڕش٫ جگە لە تێگەیشتن وهوشیاریی چینایەتیی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان بە بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوپشتی و یەكگرتوویی وبەردەوامیان بەوناڕەزایەتیە چینایەتییانە، هیچی تر نییە!

بۆپێشەوە: ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتی ئێستا چ سیستەمێكە؟ بە واتایەكی تر دەبێ چ سیستەمێكی سیاسی جێگەی دەسەڵاتی ئێستا بگرێتەوە؟

ستاری چیمەنتۆ: ئەو كاتەی زۆربەی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان، بەدژی ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆر و قەومپەرست هاتنە مەیدان، بڕوایان وابوو كە ئەگەر ڕژێمی ڤاشیی بەغدا بڕووخێت، ئیتر لەسایەی دەسەڵاتێكی كوردیدا، ژیانێكی  ئاسوودە و ئارام، دوور لەهەر سەركوت وهەڵاواردنێك وتێر وتەسەل فەراهەم دەبێت!

بەڵام ئەوە ماوەی سی ساڵە، ئەم بزووتنەوە ودەسەڵاتە قەومی – ئیسلامییە، بەخەڵكی كوردستانی سەلماند كە ئەو بیركرنەوەیە، تەنیا وەهمێك وپەرچە كردارێكی سەركوتگەرییە قەومی وفاشیستانەكەی ڕژێمی بەغدا بوو!

 بۆیە بەبڕوای من تاكە ئەڵتەرناتیڤی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە، تەنها و تەنها هاتنە مەیدانی دەسەڵاتی یەكگرتوانەی خودی ئەو خەڵكە كرێكار و زەحمەتكێش و دامەزراندنی سیستەمێكی ئازاد و یەكسان، سیستەمێكی سۆشیالیستیە كە تیایدا خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش، ژنان وپیاوانی ئازادیخواز و یەكسانیخواز لە ڕێگای یەكەكانی بەڕێوەبردنی خۆیانەوە، تەواوی كۆمەڵگە ئیدارە بدەن و هیچ كەس بەعنوانی ژن بوون، غەیرەكورد بوون سوكایەتی پێ نەكرێت وسەركوت نەكرێت، چیتر كەمایەتیەكی ملیادێر و ملیۆنەهاش برسی نەكرێن.!

Leave A Reply

Your email address will not be published.