سەمیر نوری: حكومەتی زۆربە حكومەتێكی پرۆ غەربیە و ئەمەش بۆ ئێران قابلی قبوڵ نییە دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سەمیر نوری سكرتێری كۆمیتە ناوەندی حزبی كۆمۆنستی كرێكاریی چەپی عێراق سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی تازە لە عێراق …

0

سەمیر نوری: حكومەتی زۆربە حكومەتێكی پرۆ غەربیە و ئەمەش بۆ ئێران قابلی قبوڵ نییە

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سەمیر نوری سكرتێری كۆمیتە ناوەندی حزبی كۆمۆنستی كرێكاریی چەپی عێراق سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی تازە لە عێراق …

بۆپێشەوە: جموجۆڵەكان بۆ پێكهێنانی  حكومەتی نوێی عێراق، بەردەوامە… تا چەندە لاتان وایە ئەم حكومەتە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و دوور لەدەستێورەردانی دەرەكی پێكبێت؟

سەمیر نوری: بۆ هەموو كەسێك ڕوونە كە ئەو هێزانەی حكومەت و دەسەڵاتی عێراق پێكدەهێنن بە وڵاتێكی جیهانی یان ناوچەیەوە بەستراونەتەوە و هیچ سەربەخۆێییەك بوونی نییە، ئێران و ئەمریكا دوو هێزی خاوەن پێگەی دەسەڵاتی فراوانن لە عێراق، لەو كاتەی پرۆسەی سیاسی ” لیبرەیشن” رزگاریەوە ئەنجام دراوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەم لاوە. ئێمە هەموومان دەزانین یەكێتی و هێزە شیعەكان سەربە ئێرانن، و پارتی سەربە توركیا، و هێزە سونەكانیش سەربە سعودیە و قەتەر ئەو وڵاتانەی كە ناسیونالیزمی عەرەبی زیاتر تیایاندا زاڵە، و سونەكان و ناسیونالستە كوردەكان گوێچكەیان لە دەستی ئەمەریكادایە.

دروستكردنی حكومەتێك لە عێراق “سەربەخۆ بێت دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی” وەهم  و خەیاڵ پڵاوییە! بەشێك لە كاولكردنی ژێر خانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و شارستانیەوە لە عێراق لەلایەن هێزە دەرەكیەكانەوە بە كۆمەكی ئەم هێزانە ئەنجام دراوە. ئەمانە خۆیان هەتا كەمتر وەك هێزی سیاسی و حزبی سیاسین، زیاتر میلیشا  و باندی تاڵان و بڕۆ  ومیلیشای چەكدارین. حكومەتێك كە دروستیدەكەن ڕێكەوتنی ئەم باند و میلیشایانەیە هەر ناوێكی لێ دەنێی بینێ.

بۆپێشەوە: ئایا لەهەلومەرجی ئێستای عێراقدا، پێكهێنانی حكومەتی زوربە لە جێگای حكومەتی تەوافوقی كێشە دروست ناكات؟

سەمیر نوری: بۆ كێ كێشە دروستدەكات؟ حكومەتی زۆربە یان حكومەتی تەوافوقی هەردوكیان لەسەر بنچینەی دابەشبوونی قەومی تایەفی و عەشایەری (موحاسەساتێ)  دروست دەبن، یانی بنچینەی دروستبوونی ئەو حكومەتەی خەڵك نایەوێ، یانی ئەوەی دەستورێك كە پێی دەوترێت حكومەتی برێمەری دایناوە كە حكومەتێكی موزایەكی، پۆست مودرنیستیە یان ئەوەی جەلال تاڵەبانی پێی دەوت دەستە گوڵەكە، كە دەسكێ دڕك و كونار زیاتر هێچی تر نییە. ئەم حكومەتانە كێشەی خەڵكی كرێكار و زۆربەی خەڵكە بە دژی خەڵكن مەحرومکردنی خەڵكن لەسەرەتاییترین مافەكانیان.

شایەد ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەكانی مەبەستم پارتی و سونەكانە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە  ویەكێتی نیشتمانی ڕێكنەكەون، ئەمە كێشەكانی ناو ماڵی بۆرژوازی قوڵتر بكاتەوە، فەزای جەنگی نێوان گروپە جاجیاكان قوڵتر بكاتەوە و ڕۆكێتەكانی ئێران بۆ سەر هەولێڕ لە ڕۆژی شەممەی ١٢\٣ ئەتوانری لەم چواچێوەیەدا مانای هەبێ. حكومەتی زۆربە حكومەتێكی پرۆ غەربیە و ئەمەش بۆ ئێران قابلی قبوڵ نییە، هێزە چەكدارەكانی شێعە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، و یەكێتیش لە بێبەشبوونیان لە كێكی دەسەڵات ئاوەها بەئاسانی قبوڵ ناكرێت. ترسی پێكدادان و پشێوی فەزای هەڵگیرسانەوەی سیناریۆی ڕەش یەكێكە لە ئەگەرەكان.

بۆپێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی) لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟

سەمیر نوری: ئەگەر یەكێتی سەرۆك كۆمار بدۆڕێنێت ئەگەری ئەوەش زۆرە، ئەوە یەكێتی سەنگەرێكی تر بۆ پارتی چۆڵ دەكات وەزنەی سیاسی لەتمەیەكی تر دەخوات. بۆیە یەكێتی ئەوەیان بۆ ماوەتەوە بەهەر نرخێك بووە ڕێگە بگرن لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

 بەڵام ناسیونالیزمی كوردی خاوەن دەسەڵات كە نمایەندەی كورد دەكەن لە دەسەڵاتی عێراق لە ٢٠٠٣ بە دواوە ئەوان ڕوكنێكی بنچینەیی حكومەتە موزایكیەكەن، ناتوانرێت بە ئاسانی وەلا بنرێن و ئەوان نانی عەمالەتی خۆیان دەخۆن بۆ غەرب و ئەمریكا لە دوای كۆتایی جەنگی ساردەوە. بۆیە هیچ هێزێك بیر لەوە ناكاتەوە ئەوان دەربكات لە هاوكێشەكە، بەڵكو هەر لایەك دەیەوێت ئەوان بەكار بهێنی بۆ هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر نەیارەكانی خۆیدا، ئەوانیش دڵیان فراوانە ئەم ڕۆڵە دەببینن. من لەو باوەڕەدا نیم ڕەوتی سەدر بیانەوێ یەكێتی لە كێكەكە بەتەواوی دوور بخەنەوە، بەڵكو ئەیانەوی دڵی پارتی ڕابگرن، پارتیش وا دیارە نایەوێ ئێسكەكانیان بشكێنی تەنها دەیەوێ گۆشتەكەیان لێ بكاتەوە. پارتی لە هەوڵی جدیدایە یەكێتی بكاتە هێزێكی بچوك و دەستەمۆی خۆی، ئەوان لە كوردستان ئەم پرۆسەیان تەی كردووە دەیانەوێ لە بەغداش ئەم كارە بكەن.

بۆپێشەوە: دزی و تاڵانی و سەركوت و زەوتكردنی سەرەتاییترین مافە ئازادییەكان، تایبەتمەندی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانە لە سەرتاسەری عێراق و كوردستاندا، خەڵكی عێراق و كوردستان چۆن دەتوانن لەدەست ئەم دەسەڵاتە، رزگاریان بێت؟

سەمیر نوری: لە ٢٠١١ وە خەڵك ڕێگای خۆیان دۆزیوەتەوە چۆن لەدەست ئەم هێزە میلیلیشیا قەومی و دینی عەشیرەتیانە ڕزگاریان ببێت هەنگاوی پراكتیكیان ناوە. لەگەڵ یەكەم شەپۆڵی بەهاری عەرەبیدا خەڵكی كوردساتن لە ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر و خەڵكی بەغدا و شارەكانی ترو هەتا شارەكانی غەربیە هاتنە مەیدان ڕایانگەیاند كە ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت تا ئێستا ئەم هەوڵە بەردەوامە. لە ٢٠١٩ ئەم بزووتنەوەیە بەرزترین ئاستی بەخۆیەوە بینی، ڕوخانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی و كابینەكانی تر، و لە كوردستانیشدا سوتاندنی بارەگای هەموو ئەو حزبانە لە هەرێمی كوردستاندا و دواتر لە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستاندا بەشدار بوون، زۆر بە ڕۆشنی پێشانیدا خەڵكی عێراق و كوردستان ئەم دەسەڵاتانەیان قبوڵ نییە، خوازیاری دەسەڵاتێكن كە بۆ خەڵك بێ لەپێناو خەڵك بێت.

شۆڕشی ئۆكتۆبەر(مەبەست لە عێراق) كە بەشێك لە هێزە چەپەكانیش پێی ناڵێن شۆڕش یان بەشەرمەوە پێی دەڵێن ڕاپەڕین! ئەڵتەرناتیڤێكی شۆڕشگێڕانە وئازادیخوازانە و جەماوەرییە كە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا وێنەی نییە. ئەمە یەكێكە لە ڕێگا چارەكانی ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە، ڕێگا چارەی ئێمە و هێزە شۆڕشگێرەكانە.

بۆرژوازی ڕژێم جینجی هێناوەتە ئاراوە یان بە زەبری چەك وەك ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان و ئێستاش لە ئۆكرانیا روودەدا یان بەڕێگایەكی ئاشتیانە بەشێك لە بورژوازی ڕێگا چۆڵ دەكات بۆ بەشێكی تری بورژوازی بۆ گۆڕینی دەسەڵات وەك ئەوەی پێی دەڵێن “شۆڕشی پرتەقاڵێ”. بەڵام شۆڕشی ئۆكتۆبەر شۆڕشێكی جەماوەریە بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی ناسیونال- ئیسلامیەكانی بەغدا بەهێزی جەماوەری شۆڕشگێڕ كە ڕادیكاڵترین و ئینسانیترین ڕێگا و ئەڵتەرناتیڤە.

بۆپێشەوە: درەنگ یان زوو خەڵكی عێراق و كوردستان دەست دەبەن بۆ راپەرین و شۆرش، سەركەوتنی راپەرین و شۆرش، لە گرەوی چیدایە؟

سەمیر نوری: خەڵكی دەستیان بردووە بۆ شۆڕش، هەندێك فاكتۆری دەرەوەی ئیرادەی خەڵك ئەم شۆڕشەی بە ڕادەیەك هێواش كردوەتەوە، و مەیدانەكانی ئازادی پێ چۆڵ كردون، بەڵام ئەم شۆڕشە وەك ئاگرێك بن كە لە كاری خۆی بەردەوامە.

ئەم شۆڕشە دەسكەوتی خۆی بەدەستهێناوە، بەڵام بۆ “سەركەوتنی ڕاپەرین و شۆڕش” دەبێت ڕۆشنی بكەینەوە مەبەستمان چ شۆڕشێكە؟ بۆ من وەك كۆمۆنیستێك مەبەستمە كرێكارو زۆربەی خەڵك دەسەڵاتی خۆیان دابمەزرێنن، یانی بەدیهاتنی شیعاری “ئازادی، یەكسانی، حكومەتی كرێكاری” كە دیارە لە هەنگاوی یەكەمدا ڕوخان و هەڵتەكانی دەسەڵاتی بۆرژوازیە، ئەمەش لە ئەمڕۆدا ڕوخانی دەسەڵاتی قەومی- تایەفی عێراق و كوردستانە.

شۆڕشی میسر و تونس بە روونی پێشانیدا  شۆڕش پێویستی بە سەر و ڕابەرایەتی كۆمۆنستییە، سەركەوتنی ئەم شۆڕشە لە هەموو جێگایەكی جیهان گرێی خواردوە بە ڕابەرایەتیەكی كۆمۆنستیەوە و بە حزبی كۆمۆنستی كریكاریەوە، قبوڵ كردنی كۆمەلگە بە ڕابەرایەتی ئەم حزبە. ئێمە لە حزبی كۆمۆنستی كرێكاریی چەپی عێراق لە هەوڵی ئەوەداین ئەم بۆشایە پڕ بكەینەوە و ببینە نوێنەری نای كۆمەڵگە بە گشت بۆرژوازی. كۆمەڵگە پێویستی بە حزبی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕە، ئێستا هێزەكانی شؤڕشی ئۆكتۆبەر پەیان بەوە بردوە دەبێ ڕێكخراوبن ئەنتی حزبی بوون زۆر كاڵ بوەتەوە.

بۆپێشەوە: ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتی ئێستا چ سیستەمێكە؟ بە واتایەكی تر دەبێ چ سیستەمێكی سیاسی جێگەی دەسەڵاتی ئێستا بگرێتەوە؟

سەمیر نوری: ئێمە لە “پلاتفۆڕمی رزگاری خەڵكی عێراق” بەروونی ڕوونمان كردوەتەوە چیمان دەوێ و چیمان ناوێ، دەبێ چی بڕوخێنین و چی بنیات بنێن.

ئێمە لەبەرامبەر دەسەڵاتی پەرلەمانیدا ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتدارێتی شوراییمان خستوەتە بەردەم كۆمەڵگە و لە ڕۆژەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەردا شیعاری ڕوخانی ناوچەی سەوز و “دەسەڵات بۆ ساحەی تەحریر” مان بەرز كردەوە بە مانای عەمەلی ئەم ئەڵتەرناتیڤە. ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەكرێت شكڵ و شێوەی جیاواز بگرێتە خۆی، بەڵام لە ناوەڕۆكدا بە مانای دەسەڵاتی خەڵك بەسەر سیاسەت و ئابوریدا و تەئمینكردنی ئەمە ناوەڕۆكی ئەم دەسەڵاتەیە.

سەمیر نوری: سوپاس بۆ ئەم بوارەی بۆ منتان ڕەخسان و سەركەوتو بن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.