هەڵەبجە ئەو برینە قوڵەی سارێژ نابێت… عەبدوڵا مەحمود
هەڵەبجە ئەو برینە قوڵەی سارێژ نابێت…
عەبدوڵا مەحمود
سەرکوت و سیاسەتی داپڵۆسین و لەناوبردنی نەیارانی سیاسی رژێمی بەعس، لەکەس شاراوە نییە… ئەوەی لە ناو ئەو تاوانکاریانەی بەعسدا، جێگای زۆر تایبەتیان هەیە قڕکردنی بە کۆمەڵی ئینسان و جینۆسایدکردنی ئینسانە. لەو نێوەدا پرۆسیسی ئەنفال و کیمیاباران، دوو تاوانکاری زۆر تایبەتن، لەکۆمەڵ کوژی، کە لەبیر ناچنەوە.
دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتگەرەکان… لە بەرامبەر بە نەیارانیان دەست بۆ زەبرو زەنگ و سەکوت و زیندان و داپڵۆسین دەبەن، ناڕەزایەتییە جەماوەی و خۆپیشاندانەکان دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە، ڕاوەدونان و زیندان تا دەگات بە لەسێدارەدانی نەیاران بەدەستەوە دەگرن، دنیا شاهیدی ئەو ڕژێمانەیە کە هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانەو نەیار بەدەسەڵاتی سیاسییان پاکتاو دەکەن.
ئەنفال و کیمیاباران، تایبەتمەندی خۆیان هەیە، کەم رژێم لەدنیادا هەیە، لەچوارچێوەی وڵاتەکەی خۆیدا، هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ و قڕ بکات. رژێمی بەعس، یەکێک لەو ڕژێمە دەگمەنانەیە، کە بەجیا لەسەرکوتی بێ پەردەی سیاسی و کڵوم دانی هەموو پەراوێزەکانی ئازادی… دەستی برد بۆ کۆمەڵکوژی، ئەنفال و کیمیابارانی هاوڵاتیانی نەک لە گۆشە دوورو دەستەکان، بەڵکو لە ناوجەگەی و قوڵایی شارەکاندا دەست بۆبرد، هەڵەبجە ئەو شارەیە کە کیمیاباران کرا.
هەروەها کەم هێزی ئۆپۆزیسیۆنی نەیاری دەسەڵاتی ڕژێمە سەرکوتگەرەکان هەیە، سیاسەتێک هەڵبژیرێت کە بزانێت هاوڵاتیانی قڕ دەکرین و کۆمەڵکوژ دەکرێن. ئەمە تایبەتمەندیەکی تری کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیە. کە هێزە بۆژوازییە کوردییەکان بەتایبەتی یەکێتی کەباش دەیانزانی و پێشتر بە دانپیانانی خۆیان ئاگادارکراون ئەگەر ببنە بەشێک لە هاوکاری رژێمی ئیران، ئەوا رژێمی بەعس دەست دەبات بۆ قڕکردن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. کەچی یەکێتی لە جیاتی ئەوە بەرگری لە سەلامەتی هاوڵاتیان بکات و هۆکار و پاساو نەداتە دەستی رژێمی بەعس، بەپێچەوانەوە دەبێتە پێشلەشکری هێزەکانی ئێرانی سێدارەو ئیعدام و باکی بە هاولاتیانی خۆی نییە… هاوڵاتیانی هەڵەبجە لە نێوان بەرداشی رژێمی بەعس و پێش لەشکری یەکیتیدا، لە جەنگێکی سەراپا کۆنەپەرستانەی عێراق و ئێراندا، دەکرێنە نیشانە.
لایەنێکی تر و تایبەتمەندیەکی تر… ئەوەیە هێز و دەوڵەتەکانی دنیا، بە بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە، لە کیمیایی هەڵکێشانی شارێکیان بە بێدەنگی سپارد، لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیان، لەگەڵ رژێمی بەعسی دڕندەدا. لەوەش زیاتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێن، تا بۆیان بسەلمێت رژێمی بەعس چەکی کیمیایی!! بەکارهێناوە.
هەڵەبجە لەنێوان ئەو لایەنانەدا، بووە قوربانی، چەند لایەنێکی دڕندە، دژە ئینسان دۆست و ژین و دۆست… دوای ئەوەش کە هەڵەبجە لە غاز هەڵکێشراو بە هەزاران ئینسان گیانیان لێ سەندرایەوە، دار و بەرد و ئاو دارو درەخت و کەش و کێو سروشتی، ژەهراوی کرد… مویەک لە جەستەی ئەو لایەنانەی بەشداری ئەو تاوانکارییە کەم وینەیەی مێژوو بوون، نەک نەجوڵا، بەڵکو ئەم تاوانکارییەیان درێژە پێدا و بەگیانی کیشانی هەزاران ئینسان، تێری تاوانکاری نەبوون. بەعسیەکان خۆیان بەسەرکەوتوو دەزانی و بەدوای ئەو تاوانکارییەدا دەیان شوێنی تریان کیمیاباران کرد و ئەنفالیان ئەنجامدا… هێزە کوردییەکان و بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی و پیاوە بەرپرسەکانی، دەستیان لە تاڵانی و تاوان نەپاراست و دەست و پەنجەی جەستەی مردویان بۆ موستلە بڕی، گەردنی ژنانیان گیانبەختکردوویان بۆ ملوانکەی مل و گوێچکەیان بۆ گوارە، زامدار کرد. پاشان لەگەڵ هەڵوەراندنی فرمێسکی درۆینەدا، دۆسیەی هەڵەبجەیان کردە فایلێک بۆ سات و سەوداو سواڵ و کۆکردنەوەی پارە، کردیانە دۆسیەیەک بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەعسی کیمیایی رێژدا، دواجاریش لەزمانی خۆیانەوە رایانگەیاند کە ئاخیان بۆ “بۆ چەند هەڵەبجەی تر” هەڵکێشا تا بەدنیا بناسرێن.
ئەمریکا و غەرب، کە درۆی بەرگری لەمافی ئینسانیان، گوێ کەڕ کەرەیە، تا نەکەوتنە ملهوری نواند و وەرێخستنی جەنگ لە عێراقدا لە دژی سەرە دیکتاتۆری عیراق سەدام حسێن… کیمیابارانی هەڵەبجەو تاوانەکانی ئەم رژێمەیان بەرەسمی نەناسی و بێدەنگەیان لێکرد.
هەموو ئەمانە تایبەتمەندییەکی زۆری بەخشیوە بە تاوانی هەڵەبجە… جەلادەکان، جەلادتر بوون، تاوانەکانیان زۆرتر بوو. بەعس تا گۆڕ بەگۆڕ بوو، ماشێنی درندەیەکەی بەردەوام بوو. حزبە بۆرژوازییەکانی کورد کە ئۆپۆزیسیۆن بەعس بوون، بوونە میراتگری بەعس و لەیەکەم جەولەی شەڕی ناوخۆیاندا ئەگەر کیمیایان هەبوایە لەشەری دەسەلاتیاندا بەدژی یەکتری بەکاریان دەهێنا، هەر لەوشەرەدا بەهەزاران ئینسان کوژران و بەدەیان بەدیلی کوژران و بەسەدانیان تا ئێستا دیار نییە لە کوێ ژێرخاک خراون و تەنانەت تەرمەکانیان نەداوەتەوە بە خانەوادەکانیان… هەروەها دەستیان لە نۆکەر پیشەیی نەک هەڵنەگرتووە بەڵکو دابەشی سەر دوو رژێمی درندەی دژە ئازادی و خەڵکی کوردستان بوون و لە پێشبرکێی خۆشخزمەتیدان.
بەجیا لەهەموو ئەمانە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەسەڵات بەدەستی کوردستانە، ئەو دەسەڵاتە بۆتە میراتگری بەعس… نەک باسێک لە قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە و قوربانیانی نییە، نەک هەوڵێکی بۆ جیۆساید ناساندنی نییە، نەک بیرێک بۆ سارێژکردنی ئەو زامە قوڵەی نییە، بەڵکو بۆتە درێژە پێدەری پەیامی بەعسیەکان. ئەگەر پێشووتر بەعسیەکان لاوان و خەڵکی ناڕازیان بە زەبری هێزو دەزگا سەرکوتگەرەکانیان، سەرکوت دەکرد، ئێستا خۆیان ئەم کارە دەکەن. خەڵکێك کە بۆ نان و ئاو خزمەتگوزارییەکان و بۆ موچە و بەدژی گەندەڵی دێنە مەیدان، دەدرێنە بەر دەستدرێژی گوللەی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. لەو نێوەدا بەدەیان لاوی دڵ پڕ لەهیواو ئازادیخواز ئەمجارە بەدەستی بەڵتەجیەکانی کوردایەتی کوژراون،
ئێستا کە یادی ٣٤ ساڵەی یادی ئەو کۆمەڵکوژییەی هەڵەبجە دەکەینەوە، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، رووبەڕووە لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، رووبەڕووە لەگەڵ بزوتنەوەیەک کە بەکردەوە و بەباجێکی قورس بۆیان سەلما، کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کۆپی دەسەڵاتی بەعسە، درێژەپێدەری دەسەڵاتی قڕکردن و سەرکوت و بێمافییە.
کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو هەموو تاوانەکانی رژێمی بەعس بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان، تێکەڵ بووە لەگەڵ تاوانی دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی… خەڵکی کوردستان بەگشتی تەنها لەسەرکەوتنی خەبات و تێکۆشانیانیاندا لە ریزی سەربەخۆ و لەدەوری ئاسۆیەکی شۆرشگێرانەدا کە ئینسان بەنرخترین سەرمایە بێت…دەتوانێت هەوڵەکانی بۆ ساڕیژکردنی برینی قوڵی هەڵەبجە و تاوانەکانی بەعس و بزوتنەوەی کوردایەتی کەمێک ساڕێژ بکات و لانی کەمی قەرەبووی قوربانیان بداتەوە. بەکورتی ئەوەی کە دەتوانێت کەمێک لەو برینە هەتوان بکات… تەنها دامەزراندنی دەسەلاتێکی پشتبەستوی جەماوەریییە، کە بتوانێت ئازادی و ژیانێکی تەسەل و خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان زامن بکات.