٣١ ساڵ بەڵێنی بێ کردار و بایکۆتی یادی هەڵەبجە! … نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
٣١ ساڵ بەڵێنی بێ کردار و بایکۆتی یادی هەڵەبجە!
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
هەروەک دەزانین ٣/١٦ یادی بۆمبارانی کیمیاوی هەڵەبجەیە لە لایەن ڕژێمی فاشی بەعسەوە، ٣٤ ساڵ تێ دەپەڕێ بەسەر ئەم ڕووداوەدا کە ٥٠٠٠ کەس بوونە قوربانی و هەزارانی تریش بریندار و بێ سەر شوێن بوون. ئەم تراژیدیای مەرگە لە کۆتاییەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا ڕوویدا. ئەم تاوانە لەوەوە دەست پێ ناکا کە ئەو ڕژێمە فاشیەی بەعس بۆردومانی ئەم شارەی کرد، بەڵکو لەسەرەتای جەنگی ئێران و عێراقەوە دەست پێ دەکا کە نزیک بە ١ملیۆن کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا. بەدوای ئەوانەدا بەشداری ناسیونالیزمی کوردو بزووتنەوە ئیسلامیەکانی کوردو شیعەی عێراق لەو شەرەدا و بوونە تەرەفی ئێران وە پێکەوە پەلاماری شاری هەڵەبجەشیاندا بەناوی ئازادکردنەوەی وەک پیشەی هەر داگیرکارێک. ئەوەی ڕوویدا زۆری لەسەر وتراوە، بەڵام هەمیشە دەبێ ئەوە بزانین کە تەنها ڕژێمی بەعس ئەم تاوانەی ئەنجام نەداوە، بەڵکو ئەمریکاو غەرب و رژێمی فاشی ئێران و حیزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانیش تاوانبارن. حیزبە قەومیەکانی کورستان ئەم تاوانە وەک بەشێک لە خەباتی کوردایەتیان دەزانن تەنانەت خۆشیان لە بەرانبەر یەکتردا بۆ کێبەرکێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان وەک بەڵگە یەکتریان تاوانبار کردوە باسیان لێوە کردووە. هەروەها ئیسلامی سیاسی بەشیعەو بەسونەوە تاوانبارن لەم کارەساتەدا. تاوانی ئەم هێزانە لە بەرانبەر خەڵکی هەڵەبجەدا لەو کاتەوە تا ئێستایش هەر بەردەوامە و درێژەی هەیە. بۆ ئەم هێزانە هەمیشە هەڵەبجە کاڵایەکی بازرگانی گرنگ بووە بۆ پێکەوەنانی سەرمایە بۆ بەرپرسانی سەرەوەی حیزبەکانی دەسەڵات بە تایبەت بۆ یەکێتی و پارتی. هەڵەبجە و ئەنفال دوو ڕووداوی گرنگ بوون کە ئەمەریکاو غەرب وەک بەڵگە بۆ دیکتاتۆری سەدام وبەعس بەکاری هێنان بۆ ڕووخانی و دانانی یەکێتی وپارتی لەدەسەڵاتێک کە لە لایەک خۆیان لێی سوودمەند بوون و لە لایەک هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی. ئەوەی زیانی بەرکەوتووە تائێستایش بەردەوامە خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی کوردستانە. خەڵکی هەڵەبجە دووجار زیانبار بوون یەکەمیان ئەو هەزاران کەسە ئازیزەی خۆیان لەدەستدا لەلایەکی تر ئەو زیانەی کە ماوەی ٣١ ساڵە درێژەی هەیە لە لایەن دەسەلاتدارانی هەرێمی کوردستان و میلیشیا شییعە و سونی و قەومیەکانی عێراق و ئەمەریکا وغەربیشەوە. ٣١ ساڵە ئەم هێزانە بەڵێنی هەنگوینی دەدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی ئەم کارەساتە و بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە و بۆ چارەسەری بریندارەکان و بۆ چاککرردنی گوزەرانی خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی ئەم شارە. بەڵێن دەدەن بۆ کردنەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری وتەندروستی و بۆ ئاو و کارەبا و دامەزراندنی گەنجان و دەرچووانی کۆلێج و پەیمانگاکان و بڕینەوەی مووچەیەکی تێروتەسەل بۆ خێزانی بەرکەوتووانی کیماوی. کەچی لە جیاتی ئەمانە هاتن بڕیاڕیاندا هەڵەبجە بکەنە پارێزگایەکی کارتۆنی بۆ فریودانی خەڵکەکەی. لە کاتی بە پارێزگا کردنی هەڵەبجەدا وتارێکم نووسی، وتم نابێ خەڵکی ئەم شارە خۆشباوەڕ بن بە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەدا ئەوەتا ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان ڕاستی ئەم قسەیەمان بینی کە تەنها بۆ چەواشە کردن بوو هیچی تر. بەڵێنەکانیان تابڵێی وەک هەنگوین شیرینن، بەڵام بە کردەوە تاڵاویان کردووە بەقوڕگی خەڵکی ئەم شارەدا. کەهەڵەبجەیان کردە پارێزگا تەنها لەسەر کاغەز وەک پارێزگا ناسێنراوە، ئەگینا هیچ شەرعیەتێکی پارێزگار بوونی نییە چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان و چ لە ئاستی عێراقیش بۆیە دەکرێ بووترێ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ چەواشەکاری و بۆ خامۆشکردنی دەنگە ناڕازییەکانی خەڵکی ئەم شارە بووە. بەڵام خەڵکی بەشمەینەتی ئەم شارە لەوە هوشیارترن کە چەواشە بکرێن و فریو بدرێن هەر بۆیە لە زۆربەی ساڵەکاندا ولەم ڕۆژەدا خۆپیشاندان و نارەزایەتیان ئەنجام داوە بەڕووی بەرپرسە حکومیەکاندا وا ئەمساڵیش بڕیاری بایکۆتی یان داوە لە یادە حکومیەکانیان دا. هۆکاری ئەم نارەزایەتیانە جگە لەوەی بەڵێنی بێ کرداری ئەم دەسەڵاتەیە لە ماوەی ٣١ ساڵی ڕابوردوودا دژی ئەو درۆکردنانەشە کە بە بیانووی قەیرانەکانەوە بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن. خەڵک ئەوە دەزانێ ئەگەر قەیرانەکان هۆکارن ئەی چۆنە بەرپرسەحکومی حیزبیەکان و کوڕو نەوەکانیان لە ماوەی ئەو ٣١ ساڵەدا بوونەتە ملیاردێرو ملیۆنەر وخاوەن کۆشک و تەلارو خانووی گەورە نەک تەنها لە کوردستاندا، بەڵکو لەئەمریکا و ئەوروپاشدا جگە لەوەش خەریکی پارە سپی کردنەوەن لەم وڵاتانەدا. بە کردار کردنی بەڵێنەکان بەندە بەو فشارەی کە بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەدان هەزاری و ملیۆنی بەردەوام و ڕێکخراو ئەنجام ئەدرێن لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئەم شارەو خەڵکی تەواوی کوردستانەوە. کلیلی کردنەوەی خۆشبەختی و ژیانێکی شایەن بە ئینسان بەندە بە ڕێکخراو بوونمان و خەبات و تێکوشانی بەردەوام تا نەمانی ئەم دەسەڵاتە دووڕووە مافیاو دزو گەندەڵە و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی شوراکانمان تا سۆشیالیزم و بەدی هێنانی ئازادی و یەکسانی.
١٣ ی مارسی ٢٠٢٢