بەرێز کۆسرەت ئەحمەد؛ شاعیر و چالاکوانی مافەکانی ژنان وەڵام بەپرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیە دەداتەوە…

0

بەرێز کۆسرەت ئەحمەد؛ شاعیر و چالاکوانی مافەکانی ژنان وەڵام بەپرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیە دەداتەوە…

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پرسی ڕۆژ/ تەنیا یەك ڕۆژ پێش ڕۆژی جیهانی ژنان، لەهەولێری پایتەخت، ژیان لە ماریای سەرەتای بەهاری تەمەنی وەردەگیرێتەوە و دەبێتە قوربانی چەند بارەی کەلتوری پیاوسالاری و دواکەوتوانەی کۆمەڵگە.

پرسی ژنان؛ یەکێکە لەپرسە جدیەکانی کۆمەڵگەی کوردی  کە پێویست بەهەڵوێستە و  ڕاوەستان دەکات. ئەو پرسە ڕۆژ بەڕۆژ لەکوردستان زیاتر خوێنی لێدەچۆڕێت و بەرخوردی توند بەرامبەر ژنان دەچێتە سەر، مافەکانیان زیاتر ژێرپێدەخرێن و پشتگوێدەخرێت…تاد. هۆکار و ڕێگەچارەی ئەم پرسە بەڕای ئێوە چۆن لێکدەدرێتەوە؟

بەرێز کۆسرەت ئەحمەد؛ شاعیر و چالاکوانی مافەکانی ژنان وەڵام بەپرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیە دەداتەوە…

 

   هەواڵی ژن کوشتن لە کوردستان بۆتە یەکێک لە پێکهاتەکانی هەوا، و شەو و ڕۆژ بەردەم و چاو و گوێچکەمان دەکەوێت. ئامارێکی ترسناکە لەماوەی دوو مانگدا ١٥ ژن بکوژرێت، واتا هەر چوار ڕۆژ ژنێک خۆری ژیانی لێ ئاوا دەبێت!

دەبێت هۆکار چی بێت لە زەمەنی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتندا، ژن هێشتا دونیای کۆیلایەتی تێپەڕ نەکردووە و شمشێری دەستی پیاو هەمیشە لەسەر گەردنی ئامادەیە.

دیارە هۆکار زۆرن بۆ کوشتنی ژن، لە پێشی هەموویانەوە زاڵبوونی عەقڵیەتی خێڵەکی و کلتووری دواکەوتوویی لە کۆمەڵگەدا، و سەیرکردنی ژن وەک شەرەفی پیاو. تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژن وەک مەکینەی زۆربوون و خزمەت و چێژبەخشین بە پیاو تێپەڕ ناکات! دۆخی خراپی ئابووری خەڵک کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ڕەوشی ژن و خراپتری دەکات. هەروەتر سەربەخۆنەبوونی دادگاکان و بوونی مەکتەبی کۆمەڵایەتی سەربە هەردوو حزبی دەسەڵات( پارتی و یەکێتی) کە بە یاسای نەنووسراو سوڵحی عەشایری دەکەن، هەر کاتێک ژنێک دەکوژرێت ( ئەگەر بکوژ خانەوادەی ژن نەبێت) ئەوا  پەنا دەبەنە بەر سوڵحی عەشایری و خوێنی ژنیش بە فیڕۆ دەڕوات. خاڵێكی دیکە بوونی چەک بەبڵاوی لەدەستی پیاوان کاری کوشتن ئاسانتر دەکات. ڕاستە لە کوردستان چاکسازی لە یاسای عیراقی (پاککردنەوەی شەڕەف) ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ کراوە و گۆڕدراوە بۆ یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٢، کوشتنی ژن وەک هەر تاوانێکی دیکەی کوشتن هەژمار کرا، بەڵام پرسیار ئەوەیە تاچەند ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت؟ بێگومان دەیان نێری ژنکوژ ئازادن، بێئەوەی پۆلیس دەستیان بۆ ببات، ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ هەر نێرێک بیەوێت بەناوی شەڕەف ژن بکوژێت. هۆکارێکی دیکەی زەق کە پاشخانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ناوخۆ، لەوکاتیدا هەریەک لە دوو حزبی دەسەڵات هەوڵی بەهێزکردنی حزبێکی ئیسلامی سیاسی دەدا بۆ لاوازکردنی حزبی نەیار، لەئەنجامدا ئیسلامی سیاسی توانی ڕووپێوی مێشکی کۆمەڵگە بکات و تۆی توندڕەوی شەڕانگێزی تێدابچێنن، بێگومان تائێستاش بەشێوەێێکی جیاوازتر بەردەوامن لە شؤردنەوەی مێشکی تاک، ئەمەش وایکردووە ژن لە پێگەیەکی کەمتر ببیندرێت و بە شەڕەفی پیاو دابنرێت، لەکاتێکدا وەک نەوال سەعداوی دەڵێت” شەڕەفی مرۆڤە نەک پیاو”. دیارە هەژموونی سیاسەتی تورکیا و ئێران لەسەر دەسەڵاتی کوردی کاریگەری زۆری هەیە، بەرژەوەندی ئەوان لە خراپبوونی ڕەوشی کۆمەڵایەتیدایە .

ڕێگا چارە لەهۆشیار کردنەوەی تاکدایە بە ژنو پیاوەوە. خێزان یەکەم شوێنە منداڵ بەرکەوتەی لەگەڵدا دەبێت، بۆیە هۆشیارکردنەوەی خێزان دەبێت کاری پێشێنەبێت بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست. پرۆگرامەکانی خوێندن دەبێت لەسەربنەمای دروستکردنی تاکێکی بەهێز و یەکسانیخواز بێت و بە یەکسانی جێندەری منداڵ گۆش بکرێت. سەکۆکان ببنە سەکۆی مرۆڤایەتی وبانگخوازی لەپێناو مافی مرۆڤ و ئامۆژگاری کۆمەڵایەتی، نەک گۆڕەپانی توندوتیژی و شەڕ. داخستنی مەکتەبی کۆمەڵایەتی و قەدەغەکردنیان، و پاراستنی سەربەخۆیی دادگاکان و قۆڵبەستکردنی تاوانباران و سزادانیان.

 لەکۆتاییشدا دەبێت ژنان پرسی ژن بەگەورە بزانن و لە کێشەی کۆمەلایەتی بچووکی نەکەنەوە، وەک کێشەی کۆمەڵگە سەیربکرێت، ژنان پێویستیان بە خۆڕێکخستەنەوەو هۆشیاربوونەوە هەیە تا کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێتە ئاراوە. 

Leave A Reply

Your email address will not be published.