کرێکارانی ژینگە پارێز بۆ موچەی دواکەوتویان و زیادکردنی موچەکانیان دەستیان دایەوە مانگرتن…

0

کرێکارانی ژینگە پارێز بۆ موچەی دواکەوتویان و زیادکردنی موچەکانیان دەستیان دایەوە مانگرتن…

بەرواری شەممە ١٢ ئەم مانگە جارێکی تر بەشێکی زۆر لە ژینگە پارێزانی ناوچەی پشدەر و بیتوین، دەستیان لەکار هەڵگرت و دەستیان دایەوە مانگرتن. هۆکاری دوبارە دەستبردنی کرێکارانی ژینگە پارێز بۆ مانگرتن و کۆبونەوەی نارەزایەتی، دواکەوتنی موچەکانیانە بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ رۆژ  و بێ بەڵێنی کۆمپانیاکان بەوەی… کەلەبەرامبەر مانگرتنی رۆژانی پێشوو بەڵینیان دابوو، کە موچەی کرێکارەکان لە کاتی خۆیدا بدەن. هەروەها زیادکردنی موچەکانیان لە ٣٥٠ هەزارەوە بۆ ٤٥٠ هەزار دینار، خواستێکی تری کرێکارانی ژینگە پارێزە.

خاوەن کۆمپانیاکان پێشوتر لە بەرامبەر بە نارەزایەتی و مانگرتنی چەند ڕۆژەی کرێکاراندا، بەڵینی دانی موچە و پابەند بوونیان بە کاتی دابەشکردنی موچە دابوو، کە هەموو سەری مانگێک موچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێبدات، کەچی نەک ئەو بەڵێنەیان نەبردە سەر، بەڵکو باسی ئەوە دەکەن کە کرێکاران تەنها دوو رۆژ بێن بۆ کارکردن لە بەرامبەریشدا تەنها ١٥٠ هەزار دینار موچە بدەن… بەمەبەستی ئەوەی خیرایی کاری سەر کرێکارەکان زیاد بکەن و قازانجی زیاتر دەستەبەر بکەن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆمپانیاکان، نەک نیازی بردەنە سەری بەڵینەکانیان نییە، بەڵکو بەدوای کەمکردنەوەی کاری کرێکارانەوەن بۆ نیوەو لەبەرامبەریشدا کەم کردنەوەی کرێکانیان بۆ نیوە موچە… ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگە پێویستی زیاتری بە پاککرنەوەی گەرەک و شەقامەکان هەیەو تا ئێستا دەیان شەقام و گەرەک لەلایەکەوە بەهۆی مانگرتنی کرێکاران و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی راگرتنی کاری پاککردنەوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، نوقمی خاشاک و پیسین.

خواستی کرێکارانی ژینگە پاریز چ بۆ ئەوەی موچەکانیان لەکاتی خۆیدا بدرێت و چ بۆئەوەی موچەکانیان بۆ زیاد بکرێت و کاریان کەم نەکرێتەوە، خواستێکی رەوای کرێکارانە. کرێکارانی ژینگە پارێز بە مانگرتنی چەند رۆژە لە رابردوودا نیشانیاندا، کە چ جێگاو ڕێگایەکی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا هەیە، نیشانیاندا کە ئەگەر کاری ئەوان نەبێت، ئەوا کۆمەڵگە نوقمی خاشاک و بۆ گەنیووی دەبێت و سیمای گەرەک و شەقام و شارەکان ناشیرین و هاوکاتیش دەبێتە مایەی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی… لەوەش زیاتر نیشانیاندا کە هاتنە مەیدانی کرێکاران، تەواو جیاوازە لە مانگرتن و کۆبونەوە و خۆپیشاندانی توێژەکانی تر. کاریگەری مانگرتن و راگرتنی کار لەلایەن کرێکارانەوە، کاریگەری زۆر لەسەر کۆمپانیاکان و دەسەڵات دادەنێت و کۆمەڵگەش بەشێوەی گشتی هەستیار دەکات بەرامبەر بە جێگاو ڕیگای چینی کریکار.

مانگرتنی کرێکارانی ژینگە پارێز و بەردەوامی دانیان بەو مانگرتنە بۆ خواستە رەواکانیان، پێویستی بە رێکخراوبوون، هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشەکانی تری کرێکارانی ژینگە پارێز، هەڵبژاردنی دەستەی سەرپەرشتاری مانگرتن و نارەزایەتیەکە لە کۆبونەوەی کرێکاران خۆیاندا، زۆر رۆڵی چارەنووس ساز دەگێرێت لەوەی کە لەلایەکەوە بەشەکانی تری کرێکاران پشتوانیان بکەن و لەلایەکی تریشەوە پشتیوانی کۆمەڵگە بۆخۆیان رابکێشن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.