پەیامی پشت هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر … نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

پەیامی پشت هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەرواری ١٣ی ئەم مانگە، جارێکی تر چەند بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە شاری هەولێر کەوتنە بەر هێرشی موشەکی و بووە مایەی دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان.

ئەمە یەکەم جار نییە بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر دەکەونە بەر هێرشی موشەکی و درۆنەکان، بەڵام ئەوەی تازەیە لەم موشەک بارانەدا ئەوەیە کە ئەمجارە هێزە ڕاسپێردراوەکانی ئێران لە عێراقدا هێرشیان نەکردووە، لەناو عێراقەوە موشەکەکان ئاراستە نەکراون، بەڵکو ئەمجارە ڕاستەوخۆ موشەکەکان لە ئێرانەوە ئاراستەکراون و هاوکاتیش سوپای پاسداران بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندووە. ئەمەش ئاڵوگۆرێکی تازەیە لە مامەڵەی ڕژێمی ئێران لە عێراق و لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.

پاشەکشەی ئابڕوبەرانەی سوپای ئەمریکا لە عێراق، لەسەر دەستی هێزو دەستەجاتی میلیشیایی سەر بەئێران، ئێرانی لە بەرەیەکی جەنگدا، سەرخستووە، بەڵام هێشتا ئەمریکا بەمانەوەی کونسوڵخانەو بنکەکانی هەواڵگری، کۆتایی بە دەستێوەردان لە عێراقدا، بە کۆتایی نەگەیاندووە. ئێران دەیەوێت چ لە عێراق و کوردستاندا، نمایشی سەرکەوتن و باڵادەستی خۆی نیشانی ئەمریکا بدات، بەتایبەتیش کە لەمەیدانی دیبلۆماسیدا، ئیران لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی لە دانووستاندن دایە… ئەم هێرشە گوشارێکە بۆسەر مێزی گفتوگۆ لە دانوستاندنەکاندا، هاوکات هوشیاری دانە بەدەسەڵاتی عێراق و هێزە باڵادەستەکانی کە ئێران دۆسیەیەک نییە بۆ فەرامۆش کردن، هێزەکانی سەر بەئیران، هێزی بێ پشتیوانی نین و هەوڵدان بۆ کەنارخستنیان باجی قورسی بەدواوەیە. بەجیا لەوانە پەیامێکی ئاشکرایە بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم، کە دەسەڵاتێکی ناجێگیر و شلۆقەو هەر تەکان و دەستێوەردانێکی سادە دەتوانێت کەناری بخات. جیا لەهەموو ئەمانە هێرش لە ئێستادا کە روسیای هاوپەیمانی ئێران لەجەنگدایە لەگەڵ ئۆکرانیاو بلۆکی پشتی لەوانەش ناتۆ و غەرب و ئەمریکا، پەیامێکی رۆشنە بۆ ئەمریکا، کە ئێران هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی بکاتە نیشانەو نەک پشتی جەبهەی روسیا، بەڵکو سەنگەرێکی هەمیشە ئامادەیە. لەم هێرشەو هێرشەکانی پێشودا بۆسەر بارەگا و قونسوڵخانەی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان، بۆ ئێران گرنگ نییە چەند کەس لە هێزەکانی ئەمریکا دەکوژرێن یان بریندار دەبن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە پەیامی سیاسی خۆی بگەیەنێت و لەو بارەیەشەوە سەرکەوتوو بووە.

ئامانجەکانی ئێران لەم هێرشانەیدا، هەرچی بێت و بەهەر ئاستێک بچێتە پێشەوە، تەنها پەیوەست نییە بە ئەمریکا و حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی هەرێم، بەڵکو بەجیا لەوانە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەڵکی کودستان و ئیرادەی سیاسی ئەوان هەیە و ژێرپێخستنی ئیرادەی سیاسی ئەوانە، نائەمن کردنی شوێنی ژیان و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندنە.. ئەگەر ئەمریکا و عێراق لەگەڵ ئیراندا هەر کێشەیەکیان هەبێت و لە بەرزو نزمی ململانێکانیاندا، یەخەگیری یەکتری ببن و هێرش بۆسەر یەکتری و لە پێناو بەرژەوەندیەکانیان و بۆ چوونە پێشی خواستەکانیان، بژاردەیەک بێت. بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان ململانێی ئەمریکا و ئیران لە گۆرەپانی سیاسی عێراق و کوردستاندا، جگە لە مەرگەسات ئاڵۆزکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی شتیکی زیاتر نییە. بۆیە چ بوونی بنکەو قونسوڵخانەی ئەمریکاو چ حزوری ئیران و هیزە نیابەتیەکانی، لە عێراق و کوردستاندا، بەهیچ جۆرێک لە خزمەتی خەڵکی عیراق و کوردستاندا نییە. بۆیە پێویستە خەڵکی عیراق و کوردستان، لەیەک کاتدا لەدژی هەردوولایان بن و خوازیاری چوونە دەرەوە و کۆتاییهێنان بە دەستێوەردان و دوورخستنەوەی ململانیکانیان بن لەم گۆرەپانە.

ئەوەی جێگای ڕامانە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، لەگەڵ ئەوەدا سوپای پاسداران بە ئاشکرا بەرپرسیارییەتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاندووە، کەچی لەجێگای ئیدانەکرنێکی ئاشکرا، باسی بەدواداچوون و گەیشتن بەراستییەکانی پشت هێرشەکە دەکەن!. هەروەها داوا لە پەرلەمانی عێراق و دەسەڵاتی بەغدا دەکەن سنورەکانی بپارێزێت و بە ئەرکی خۆی لە پەیوەند بەسەروەری عێراق، هەڵسێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە خودی دەسەلاتی سیاسی هەردوو زۆنی هەرێم پارتی و یەکێتی، خۆیان پەلکێشی هێزەکانی ئیران و تورکیا بۆسەر کوردستان دەکەن و لەبەرامبەر بە هێرش و دەستێوەردانەکانیان نەک هەر بێدەنگن، بەڵکو بەکردەوە هاوکاریانن و وەکو هێزی دۆست و هاوپەیمان دەیان ناسێنن.

ناوەراستی ئازاری ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.