جەبار محسین: ئەم بڕیارەی دادگای ئیتیحادی لەباری سیاسیەوە كەمكردنەوەی بوارە لەبەردەم سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و زیاتر وابەستە كردنی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستانە بە عێراقەوە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز جەبار موحسین دەربارەی بڕیاری دادگای ئیتحادی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نایاسایی لەقەڵەم دانی گرێبەستییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان…

0

جەبار محسین: ئەم بڕیارەی دادگای ئیتیحادی لەباری سیاسیەوە كەمكردنەوەی بوارە لەبەردەم سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و زیاتر وابەستە كردنی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستانە بە عێراقەوە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز جەبار موحسین دەربارەی بڕیاری دادگای ئیتحادی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نایاسایی لەقەڵەم دانی گرێبەستییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان…

بۆپێشەوە: دادگای ئیتحادی كە ئەم بڕیارەی دەركردووە تا چەندە جێ متمانەیەو سەربەخۆیە؟

جبار محسن: باسكردن لە جێ متمانە بوونی ئەم دادگایە یان سەربەخۆبوونی لە پەیوەند بەم باسەو بڕیارەوە كە دەری كردووە هیچ كۆمەكێك ناكات بەوەی كە ئێمە چۆن بڕوانینە خودی بڕیارەكە، ئایا بڕیارێكی ڕەوایە یان ناڕەوا، جێ پشتیوانییە یان مەحكومە…هتد . هەموومان دەزانین كە دەسەڵات لە عێراق و كوردستاندا بە هەموو دەزگا قەزایی و ئیداری و سیاسیەكانیشیەوە، بە هەموو پێوەرەكان شەرعی نین و جێ متمانە نین. هەموومان ئاگادارین كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەماندا ڕێژەی دەنگدەران نزیكەی ٢٠٪ بوون، واتە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی عێراق و كوردستان ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت و دەنگیان پێ نەداون. بەڵام لێرەدا باسەكەمان لەسەر ئەمە نییە. دادگایەك هەیە كە وەك باقی داموودەزگاكانی تر بە شێوەی موحاسەسە لەنێوان هێزە سیاسیەكاندا بەش كراوە، لەم دادگایەشدا نوێنەرانی یەكێتی و پارتی هەن و بەپێوەری خۆیان و ڕێكەوتنی خۆیان شەرعیەتیان پێ داوە، و لە چوارچێوەی یاساو دەستوری عێراقدا كە هەموویان بەشدارن لە نوسینەوەیدا كارەكانی دەباتە پێشەوە. ئێستا بە پێی ئەم پێوەرانە بێت دادگا هەستاوە بە ئەركی خۆی و لەسەر شكایەتی چەند لایەنێك ئەم بڕیارەی داوە. ئەم كەیسەش لانی كەم لە باری یاساییەوە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە  كێشمەكێشی لەسەرە، بەڵام بەهۆی ڕێككەوتنە سیاسیەكان یان هاوسەنگی هێزی جیاوازەوە نەتوانراوە بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت. لە ئێستادا كە هاوسەنگی هێز بە قازانجی ناسیۆنالیزمی كوردو دەسەڵاتەكەی نییە لە كوردستان دادگا توانیویەتی بڕیارەكە دەربكات.

بۆپێشەوە: ئەم بڕیارە چ كاریگەرییەكی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت؟ هۆكار چییە كە زۆربەی جەماوەری نەدارو هەژاری كوردستان نیگەرانی ئەم بڕیارە نین، لە كاتێكدا داهات و سامانی گشتی هەرێم لە بنەڕەتدا موڵكی خەڵكی كوردستانە نەك حزبەكان؟

جبار محسن: لەبەرئەوەی بە كردەوە خەڵكی كوردستان هەرگیز هەستیان نەكردووە كە نەوت و غازی كوردستان موڵكی خۆیانە، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەمیشە بۆتە موڵك و سەرمایەی فیرعەونی بۆ مشتێك سەرمایەداری حزبەكان. لەهیچ خێرو بێرێكی ئەم سەرچاوە سروشتیانە بەهرەمەند نەبوون، بەڵكو بە پێچەوانەوە بۆتە مایەی بێمافی و بێدەسەڵات بوونیان، تەنانەت بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خۆشیان و مناڵەكانیانەوە لەبەرامبەردا حزبە چەكدارەكانی هەمیشە دەسەڵاتدارتر كردووە تا ڕادەی ئەوەی خەریكە بەربینیان دەگرێ. لەبەرئەوە خەڵك دەركردنی ئەم بڕیارە نیگەرانی نەكردوون! بەڵكو وەك سزایەك بۆ دەسەڵاتدارانی كوردستان چاوی لێدەكەن و پێیان خۆشە. بەڵام خەڵكی كوردستان دەبێ ئەوە باش بزانن كە هەموو قەیران و كێشمەكێشێكی سەرمایەداران بەسەر شانی چینی كرێكارو خەڵكی هەژاردا دەیشكێننەوە. ئەوەتا هەڕەشەی دەسەلاتدارانی كوردستان بۆ بڕینی موچە، یان كەمكردنەوەی بە ئاشكرا دەردەكەوێت. لەبەرئەوە كرێكاران و خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان دەبێ سزای واقعی سەرماایەداران و دەسەڵاتەكەیان خۆیان بیدەن، بە هێزی ناڕازی و ڕێكخراوی پۆڵاینی شۆڕشگێڕیانەوە بە قازانجی خۆیان نەك بە قازانجی لایەنێكی تری سەرمایەداری. چونكە بۆ ئەوان داهاتی كوردستان لە دەستی ئەم میلیشیا یان ئەوی تریاندا بێت هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆی نییە.  ئەم بڕیارە كێشمەكێشی نێوان كرێكاران و خەڵكی هەژاری كوردستان لەلایەك و دەسەڵاتداران، واتە ناسیۆنالیزمی كورد لەلاكەی ترەوە توند دەكاتەوە. ئاكامێكی سروشتی ئەمەش تووند بوونەوەی ناڕەزایەتیەكان و هاتنەوەمەیدانی جەماوەرە بۆ سەرشەقام. بەڵام هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر خەڵك بكەوێتە نێوان هەڵبژاردەی لایەنگری لە بڕیاری دادگای ئیتحادی یان دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە. ئەوە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگری خەڵكی كوردستانە كە نەوت و غازی ئەو كۆمەڵگەیە موڵكی گشتییە و دەبێ هەموو لێی بەهرەمەند بن، بەڵام چ ئەوەی لەدەستی دەسەلاتدارانی بەغدادا بێت یان كوردستان بە هیچ جۆرێك بۆ خەڵك ناگەڕێتەوەو سودی لێ نابینن هەروەك چۆن هەتا ئێستا لێیان نەبینیوە.

بۆپێشەوە: ئەی كەواتە ڕێگەچارە چییە بۆ ئەوەی ئەو داهاتە سروشتییانە خەڵكی عێراق و كوردستان لێی بەهرەمەند ببن؟

جەبار موحسن: لە عێراق وكوردستاندا توێژی بە كۆمەڵی بازرگانان دەورێكی زۆر وێرانكەریان هەیە لەسەر كۆمەڵگە بە گشتی. بازرگانان ڕۆچوونەتە ناو هەموو دامودەزگایەكی دەسەڵات، سیاسیەكان گەورەترین بازرگانی كۆمەڵگەن، هەموو شتێك ئەكەن لە پێناو ئەوەی چەرخی بازرگانیەكەیان بسوڕێت. هەم بازرگانەكان لە پێناو دەسەڵاتدا هەموو شتێك ئەكەن هەم دەسەڵاتیش هەموو شتێكی لە پێناوی بازرگانیدایە. بۆ دەرهێنانی داهاتی سروشتی عێراق و كوردستان لە دەستی ئەم چاوچنۆكانە لانیكەم وا پێویستە كە داهاتی سروشتی بگەڕێتەوە بۆ سندوقێكی تایبەت كە نوێنەرانی واقعی كرێكاران و خەڵكی هەژار چاودێری بكەن و لە دەستی هەیئەتی نوێنەرانی واقعی خەڵكدا بێت. واتە لەبری پەرلەمان و دەسەڵاتی بازرگانان، لەدەستی جۆرێك لە پەرلەمانی واقعی خەڵكدا بێت كە چاویان لە بوژانەوەی كۆمەڵگەو ژێرخانەكەی بێت. ئەگەر بڕیار بێت دەسەڵاتێكی مەركەزی چاودێر بێت و داهاتەكە بۆی بگەڕێتەوە، ئەوا تەنها ئەو هەیئەتەی باسمكرد دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە مەركەزیە بێت.

من دەزانم ئەوەی باسمكرد بە هیچ جۆرێك ئیمكانی نییە هەتا میلیشیا لە كوردستان و عێراقدا دەسەڵاتدار بن، ئەم دەسەڵاتە ڕێگرە لەبەردەم هەر چاكسازی و ڕێگەچارەیەكدا كە بێتە ئاراوە. لەبەرئەوە كورتكردنەوەو پاشان نەهێشتنی دەستی میلیشیای كوردی و عەرەبی و مەزهەبی لە عێراق و كوردستاندا ئەركە لەبەردەم جەماوەری ناڕازیدا.

بۆپێشەوە: ئایا ئەتوانین بڵێین ئەم بڕیارەی دادگای ئیتحادی سەرەتایەكی تازەیە بۆ بەرتەسككردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، یان وەكو پێشو بەشێكە لە درێژەی ململانێی دەسەڵاتی ناوەندو هەرێم؟ ئەم بڕیارە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر ئایندەی قەوارەی هەرێم و ئایندەی سیاسی كوردستان؟

جەبار موحسن: ئەم بڕیارەی دادگای ئیتحادی هەروەك پێشتر باسمكرد، بەرئەنجامی هاوسەنگیەكی هێزی نوێیە بە قازانجی میلیشیاكانی باشور لە بەغداد. یەعنی لەباری سیاسیەوە كەمكردنەوەی بوارە لەبەردەم سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و زیاتر وابەستە كردنی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستانە بە عێراقەوە. ئەمەش لە ئەنجامی كێشمەكێشی سیاسی و هاوسەنگی هێزەوە هاتۆتە ئاراوە. هەر لەبەرئەم هۆیە دەتوانێت دوا چوارچێوە نەبێت. چونكە ئەگەر هاوسەنگی هێزەكە بە جۆرێكی تر بگۆڕێت، لەوانەیە بە جۆرێكی تر بێت. لە ئێستادا هێزە شیعیەكان و ئێران بە گشتی لە چاو قەڵەمڕەوی سیاسی ئەمریكادا لە ناوچەكەدا بەهێزترن، و دوا ئومێدی ناسیۆنالیزمی كوردیش بە بایدن و باڵی دیموكراتەكانی ئەمریكا كە جارێكی تر خەونی سەربەخۆییان بۆ بهێنێتەوە ئاراوە، پووچ دەرچوو، لەبەر ئەوە گەڕانەوەی عێراق وەك یەك وڵات و یەك چوارچێوە لە ئێستادا گەورەترین ئەگەرە. واتە ناسیۆنالیزمی كورد ئەمجارە بە مەجبوری دەبێت هەندێك پاشەكشەی تر قبوڵ بكەن. بەم مانایە بەرتەسك بوونەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. بەڵام ئەمە بەمانای بەرتەسك بوونەوەی دەسەڵاتی هەرێم نییە لە بەرامبەر كرێكاران و خەڵكی بەشمەینەتدا، لەبەر ئەوە داخوازی و ناڕەزایەتی كرێكاران و خەڵكی كوردستان بە هیچ جۆرێك نابێت بەم كێشانەوە پەیوەست بكرێتەوە، داخوازی و مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و عێراق ئەگەر تا ڕادەی لەناوچونی دەسەڵاتی میلیشیاكان نەك بەرتەسكبوونەوەشیان بڕوات، ئەوا دەبێ بە هیچ جۆرێك خەڵكی لەبەرامبەریدا دەستی نەلەرزێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.