توێژاڵە تاریکەکانی باڵی زەوی…. خالید بایەزیدی”دلێر”

0

توێژاڵە تاریکەکانی باڵی زەوی

 

 

 

توێژاڵە تاریکەکانی باڵی زەوی

گێژەڵوکەی ئەم سەدەیە ئەچیننەوە

باو بۆرانی سەدەی تێکشکانی عیشق هەڵئەکات و

تەرمی وەریوی ئەستیرە شەستە ئەکات

چراکانی ئاسمان ئەمرن

سامیان ئەشکێت

چیرۆکە ئاڵ و واڵاکان کوێر ئەبنەوە

کیژە مۆدێرنەکانی شار ئەبنە مۆزەخانەی کەون و

ئەستیرە لەسینگیان ئەدەن

گوڵەکان لەبارئەچن و

مانگ پەڕەن ئەبی و

خۆررەق هەڵدێ

چپەی شەوە بێ وێنەکان

ئاینندەی خاک بۆن ئەکەن و مەزەندەی تازەیان ئەبێ

لە گۆرانییە میژووییەکان

ڕائەمینن

دەست بەدڵی سەدەی کاڵفامدا ئەکەن

تەکنەلۆژیا ئەگێڕنەوە چەرخی بەردین

پەنجەرەکان لەڕەشەبا دائەخەن و

 ئادەم ئەخەنەوە بەهەشت

ئەوکات ساڵی پشت کووڕ

تەرمی ئەسپێرێتە کۆڵی دوزەخ

ئاهەنگەکانیش بەتارای روبارەوە

دێنە سەدەی بێ دەنگی

چیرۆکی عەشقە سستەکان

گەڕانەوەی گیانی هابیل

دارشتنەوەی ئەهرامەکان

جەنگ و ئاشتی

بوژاندنەوەو قەڵای میرنشینییەکان و

 شەری ساردو «پیروسترویکا»

لەخاڵی سفرەوە ئەکێشن

لەگەڵ عەشقی نوێ دا ئەبنە پرسیارو!

لەیەکەم خانەوە فێری خۆشەویستی ئەبنەوە

گەڵا ئەبێتە چەردەیەک لەئاوازی پەنگ خواردنەوە

هەڵەکانی فەنتازیای مێژوو ئەپێچرێتەوە

قەدەر ئەبێتە پەپوولە

شۆڕش گوڵ ئەبەخشێتەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.