ڕاپەڕینێکی تر بەڕێوەیە! …. عەبدوڵا مەحمود

0

ڕاپەڕینێکی تر بەڕێوەیە!

عەبدوڵا مەحمود

ئەم ڕۆژانە ٣١ ساڵ بەسەر خرۆشان و ڕاپەرینی جەماوەری کوردستاندا تێپەڕدەبێت، کە لەژێر سایەی هەژموون و سیاسەتی خۆشباوەربوون بە ئەمریکاو غەرب و حزبەکانی خۆشخزمەتیاندا، ڕوویدا. ئەم ڕووداوە جەماوەری کوردستانی لەدەسەڵاتی ڕەشی بەعس، رزگار کرد، بەڵام لە جێگای ڕزگاری و خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی هێنان، خەڵکی کوردستانی ڕادەستی دوو دەسەڵاتی میلیشیایی و سەرکوتگەر و دژە ئازادی و تاڵانچی کۆپی بەعس کرد.

لە ئێستادا کە ٣١ ساڵ بەسەر ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان و نزیک بە ١٨ ساڵ بەسەر ڕوخانی دەسەڵاتی بەعسی دڕندەدا تێدەپەڕێت… مەسەلەی ڕاپەرێن و خرۆشانێکی تر، بۆ ڕاماڵینی میراتگرانی بەعس، چ لە عێراق و چ لەکوردستاندا مەسەلەی رۆژە.

خەڵکی کوردستان بە خۆشباوەریان بە ئەمریکا و غەرب و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە دەیان ساڵی رابردوودا، باجێکی یەکجار قورس و کەمەرشکێنیان دا، تا بەو ڕاستییە گەیشتن، کە بزوتنەوەی کوردایەتی رۆڵەی بەوەفای بەعسە، لە دیوە هەر قێزەون و دژە ئازادی و نائینسانیەکەیدا.

چوونە سەری ئاستی نارەزایەتی جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هەلومەرجی ئێستادا، وە ئەو خرۆشان و زنجیرە خۆپیشاندانانەی لە لە ١٧ شوبات بەدواوە بووتە واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان، یەکێک لە لایەنە بەهێزەکانی، ڕەوینەوەی خۆشباوەرییە بەئەمریکا و غەرب و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی… کە ئەمە مەرجێکی گرنگ بۆپێشرەوی و کۆڵەکەیەکی بە‌هێزە بۆ پشت بەستن بە ئیرادەو بڕیاری سەربەخۆ.

پرسی ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری لە ئێستادا مەسەلەیەک نییە بۆ گفتوگۆ، بەڵکو پرۆسیسێکە دەستی پێکردووە. ویست و خواستەکەشی لە ئاستە گشتیەکەیدا، ڕاماڵینی دەسەڵات و کۆتاییهێنانە بە مێژوویەک لە دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی.

خواستی بناغەیی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان، ئەمجارە ڕزگاربوون لەدەستی بەعس نییە، بەڵکو ڕزگاربوونە لەدەست دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەو بزوتنەوەیەی لەشاخ و پێش ڕاپەرین بەڵێنی گەورەو قەبەی دەدا، کە کوردستان دەکاتە بەهەشت بۆ جەماوەرەکەیی و ماف و ئازادییەکانی ئینسان فەراهەم دەکات، بەڵام بەکردەوە بوونە جێگرەوەی دەسەڵاتی بەعس و بوونە مایەی گەورەترین ڕۆژ ڕەشی و پاشەکشەکردن بەهەموو خولیاو ئارەزوویەکی ئازادیخوازانەو ئینسانی خەڵکی کوردستان. بێمافی و سەرکوت، لە پاڵ برسێتی و وێرانکردنی خزمەتگوزارییەکان، دزی و تاڵانی، خۆشخزمەتی بە وڵاتانی دیکتاتۆر و دژە خەڵکی کوردستان تا دەگاتە تێکشکاندنی بەهای ئینسانییەکان و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، بووە خستنەڕووی ناسنامەی واقعی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، کە بایی سەرە دەرزییەک ناتوانێت ئازادیخوازو ئینسانی بێت.

خواستی”نان، ئازادی، خۆشگوزەرانی” و ئایندەیەکی سیاسی رۆشن و ڕزگاربوون لەدەسەڵاتی قێزەونی بزوتنەوەی کوردایەتی، خواستە زۆر رۆشن و ئازادیخوازەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە.

لە راپەرینی داهاتووی خەڵکی کوردستاندا، دوژمنێکی دەرەکی بوونی نییە، باڵادەستی و سیاسەتی ئەمریکا و غەرب بەسەر ئاسۆی سیاسی خەڵکی کوردستاندا زاڵ نییە، هێزێکی تری بۆرژوازی کورد لەدەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی و خاوەن پێگەو توانایی بۆ دزینی شۆڕش نییە، هەموو هێزە بۆرژوازییەکانی کورد بەکردەوە ئەزموون کراون کە هێزی دژە ئازادیین، دژە مافە فەردی و مەدەنییەکانن، دژی چارەسەری کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان و تەنانەت کۆسپی بەردەمی هەر ڕێگاچارەیەکی کارسازو گونجاون. هەموو ئەمانە کۆمەك بەوە دەکات بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئاسۆیەکی جیاواز لە ئاسۆی سیاسی بزوتنەوەی بۆرژوازی بکاتە بژاردەی خۆی. ئەم ئاسۆ و بژاردەیە دەتوانێت دەبێ ئاسۆی سۆشیالیستی و شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەری بێت، کە بربرەپشت و داینەمۆکەی چینی کریکارە. بەڵام ئەمە بەبێ رێکخراوبوونی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆیاندا، بەبێ هاوئاهەنگی نێوان بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بەبێ ناسینی هاسەنگی هێز، بەبێ وەلانانی ئاسۆی بزوتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوازییەکانی تر…تاد، بە مەنزڵی کۆتایی خۆی ناگات.

بۆ راپەرینی ئەمجارە، کە دەستی پێکردووە، دەبێ ئامادەبین، ڕێکخراو چەکدار بە پێداویستیەکانی شۆڕش بین. لەهەر جێگایەک هاوسەنگی هێز بواری دا، دەبێ هێزەکانی دەسەڵات ڕابماڵرێن و لە جێگایدا ڕاستەوخۆ، دەسەڵاتدارێتی جەماوەری جێگای بگرێتەوە. دەسەڵاتێک کە نوێنەرانی هەڵبژێرداروی خەڵك لە کارگە و کارخانەو ناوەندە خەدەمیەکان و گەڕەکەکاندا، پێکهاتووە… دەسەڵاتێک کە توانای بەرگری لەخۆکردنی لەرێگای ئیرادە بەگەرخراوی جەماوەری بێبەشی ڕێکخراو و هێزی چەکداری خۆبەخشەوە زامن بکات.

١/٣/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.