لێم گەڕێن با لەتەنیشت مردنەوە پاڵ كەوم

0

لێم گەڕێن با لەتەنیشت مردنەوە پاڵ كەوم

 

هیچم بۆ ناوترێیت

دڵم لەژێر عەینەكەكەی چاومەوە

خەریكە دەكەوێتە خوارەوە

ئەوەندە دەستم بەسەری مردندا هێنا

ماڵەكەم خەریكە دەبێتە گۆڕستان و

با گەمەی تیا دەكات

شتێك هەراسانی كردوم

شتێك ناوەكەی خۆمم پێدەگۆڕێت

ئەدرێسەكەم لەسەر دەرگاكەی دەرەوە

دەسڕێتەوە

 

هیچم بۆ ناوترێت

دایكم لەبۆڵە بۆڵی باران تێناگات

كەپەردەی پەنجەرەی ژووری نوستنەكەی لادەدات

 هەر هەموو كۆترە گریاوەكان بەشەقەی باڵ

 نامە پەمەییەكانی خوا دەخوێننەوە و بەدیار بانگی بەیانیەكی

حەزینەوە خەویان لێدەكەوێت

 

من دەمرم و لەتەنیشت گۆرانیەكی حەزینەوە دەمنێژن

دەمكەنە دراوسێی ڕەشەبایەكی بێ ئابڕو

ڕەشەبایەك كەهەرگیز زەردەخەنەی بارانێكی بۆ نەخوێنرابێتەوەو 

 لەژێرسێبەری تەنیایی چۆلەكەیەكی باڵ شكاودا دانەنیشتبێت

 

من دەمرم و

كەسێكیش بیر لەتەنیاییم ناكاتەوەو

سەرێك نانێت بەسنگمەوە

ئەزانم دوای من هەموو ئێوارانێك

بارانێك لەتەنیشت خۆتەوە دەنوێنیت و

دەرگا لەسەر هەتاوێك. دەكەیتەوە

هەتاوێك كە هەموومانی بەدیل گرتوەو

فێری ڕۆشتنمان دەكات بەرەو جەنگ

جەنگێك كەخوانەناسانە لەیەكتریمان جیادەكاتەوەو

بەكۆڵانەكانی قەدەردا ڕاومان دەنێت

 

من دەمرم و

كەسێك وەسیتنامەكەم ناخوێنێتەوە و

ناڵێت ئەم پیاوە بەگاڵتەوە سەری لەبەر هەتاودا سپی نەكردبوو

چاك دەیزانی دەرگای كڵێساكان لەخوێانەوە ناكرێنەوە

لەخۆشیانەوە داناخرێن

دەیزانی ڕۆژێك دادێت

لەهەموو ماڵێكدا مریەمێك لەدایك

دەبێت و عیسایەكیش دێتە خوارەوە

 

هیچم بۆ ناوترێت

ئەزانم دوای مردنم جلەكانم هەڕاج دەكرێت و

كتێبەكانم بادەیبات

بایەك كەشارەزای كون و قوژبنی ماڵەكانمان بوەو بەهەوەستی خۆی

گاڵتە بەقەدەرمان دەكات

لێمگەڕێن، با لەئێستاوە

لەتەنیشت مردنەوە پاڵكەوم

………….

٢٦/٢/٢٠٢٢

میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.