بەڕێز “خەندان جەزا” چالاكوان و داكۆكیكەری مافی ژنان لە كوردستان لە وەڵام بەپرسی ڕۆژ دەداتەوە…. ئێستا ژنێكیان كوشت، دوێنێ ژنێك كوژرا، سبەی ژنێك دەكوژرێت!

0

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

پرسی ڕۆژ/ بەپێی هەواڵە فەرمی و نافەرمیەكان، توندوتیژی دژ بەژنان و كوشتنیان بەبیانووی جۆراوجۆری كۆمەڵایەتی و كەلتووری لەكوردستان ڕوولەهەڵكشانە. بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە؛ ڕۆڵی كۆمەڵگە و كەلتور و دەزگا فەرمیەكانی حكومەتی هەرێم و كۆمەڵگەی مەدەنی چۆن هەڵدەسەنگێن؟ چۆن دەتوانن كەمكاری و پێشڕەویەكانی ئەم مەیدانە دەستنیشان بكەن؟

 بەڕێز “خەندان جەزا” چالاكوان و داكۆكیكەری مافی ژنان لە كوردستان لە وەڵام بەپرسی ڕۆژ دەداتەوە….

ئێستا ژنێكیان كوشت، دوێنێ ژنێك كوژرا، سبەی ژنێك دەكوژرێت!

ئەمە بۆتەسەردێری هزرو رۆحی هەر تاكێكی كورد. كوشتن بۆتە مۆتەكەیەكی خەسیو وەك سێبەر لەگەڵ تەواوی مێینەیەك رێدەكات، هەنگاو بەهەنگاو چاودێرێكی جەلاد ئاسا شەرەف نوقمی خوێن دەكات.

ئێستا دۆخ و پێگەی ژن لە دژوارترین باری سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیدایە! بێگومان تا ئاستی سیاسی و ئابوری ولات بەرەو لاوازی و شكست بڕوات ئەوا بارودۆخی ژن بەگشتی لەڕووی كۆمەلایەتی ئاڵۆزتر، و ئاستی توندوتیژی روو لەزیادبوون دەكات، بەتایبەت كوردستان سیستەمێكی پاوانخوازو نادیموكراتی ناجەندەری  دەیبات بەڕێوە.

بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە!

گومانی تێدا نییە خێزان یەكەم شوێنە كە تاك لێیەوە دەست بە ژیانكردن دەكات، مرۆڤەكان ئاراستە دەكات بۆ ناو كۆمەڵگە. مرۆڤ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەوروبەریدا پێویستی بە پەروەردەكردن هەیە. پەروەردەی (خێزان، قوتابخانە،كۆمەڵگە)، كە دەبنە سێ كوچكەیەكی بەرەی یەكگرتوو لەپێناو پاراستن و سەروەری خەسڵەتی تاكدا.

 ‘ژان ژاك رۆسۆ” پەروەردە بە كەشتییەك دەشوبهێنێت كە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان ڕزگار بكات. ئەو پێی وایە پەروەردە “بنەڕەت و ژێرخانێكە كە دەكرێت سەرخانی كۆمەڵگەیەكی تەندروستی لەسەر دروست بكەیت”. مەخابن تاكی کۆمەڵگەی كورد پەروەردە ناكرێ وەك مرۆڤێكی تەندروست و سەردەم، خێزان بەخێوت دەكات بەپێی ئاستی ئابوری خانەوادەكە. قوتابخانە زانستێكت وەك توتی پێدەدات كە لە سیستەمی حوجرە تێنەپەڕیووە، وانەكانی مافی مرۆڤ، جەندەر، ژیان دۆستی، مرۆڤ دۆستی، ئاژەڵ دۆستی، ژینگەدۆستی…تاد ناخوێندرێت. پاشان میدیاو مینبەرەكان دووجەمسەری تەواو دژ بەیەك كار لەسەر تاك دەكات. زۆربەی میدیای ئیمرۆ ئەقڵ پاسیڤ دەكات غەریزەش ئاكتڤ دەکات. كەوایە ئێمە بۆ بەرگرتن لە چەوساندنەوەو توندوتیژی و لاوازكردنی یەكێ لەرەگەزەكان تەنها بەرێگای پەروەردە دەبێت ئەم شۆرشە دەستپێبكەین بەمەرجێك یاسایەكی دیموكراسی داكۆكیكەرلە مافی مرۆڤ هاوشانمان بوەستێت.

 ڕۆڵی كۆمەڵگە و كەلتور و دەزگا فەرمیەكانی حكومەتی هەرێم و كۆمەڵگەی مەدەنی چۆن هەڵدەسەنگێن؟  ئاشكرایە ئه‌مڕۆ ژن و پياو وه‌كو يه‌ك ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ لەژێر سێبەری كەلتور، هه‌م له‌لايه‌ن يه‌كتره‌وه،‌ و هه‌م له‌لايه‌ن سيسته‌مێكى چەق بەستوی خێڵەكی كە لەململانێدایە بۆ پەڕینەوەی لە قۆناغی كشتوكاڵی بەرەو مۆدێرنە، لەكاتێكا بەكارهێنەری تەواوی تەكنەلۆجیای سەردەمن!

بەڵام زۆر بەراستەوخۆ مێینە لەم قۆناغەدا و لەم بارودۆخەدا ئامرازە، وە مامەڵەی كاڵای لەگەڵ دەكرێت بەردەوام هەوڵ بۆ پەراوێزكردن و لاوازكردنی دەدرێت بەیاساو عورف و مەزهەب .

دەكرێ بپرسین كە ڕۆڵی رێكخراوی مەدەنی چی بووە بەتایبەت رێكخراوی ژنان؟

لەزۆربەی وڵاتانی دنیادا؛ جگە لەسەروەری یاسا رێكخراو و دامودەزگایەكیتر نییە كە ژنی وەك مرۆڤ ناساندبێ و پاراستبێتی، بەڵكو ئەوان وەك ئامرازێكن لەپێناوسەركەوتنی یاساكان. لەكوردستان هەزاران رێكخراو بەناوی پاراستنی مافی ژن هەن، جگەلەوەی ئەنجومەنێكی تەشریفاتی خانمان ساڵانە سەدان هەزار دۆلار بودجەو خەرجیانە، جگە لە بەرژەوەندی شەخسی خزمەتێكیان بەدۆزی ژن نەكردووە، تەنانەت لە مەرگ و ناشتنی ژنێكیشدا نەمان بینیون!

رێكخراوی ژنان لەكوردستان نەیتوانیووە پێگەو دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و كاری پێ بكەن، چونكە لەهەقیقەتا كۆمپانیای بازرگانین یان باشترە بڵێم كارمەندن، چونکە لەهیچ كوێدا شۆرشی ژنان و فمنیست موچە وەرناگرێ لەسەر پرسی ژن.

ئەم ژنانەی ئێمە گەر كارێكیشێان كردبێت، كاری ئمێرجنسی بووە كە فریای ژنێكی هەڕەشەلێكراو كەوتوون، كەواتە ستراتیج و میكانزمێكی كار نەبووە بۆ گەشتن بەئامانجێكی درێژ خایەن، جگە لەململانێێ سیاسی و سێبەری حیزبە خێلەكیەكان. ٣٠ ساڵە رێكخراوەكانی ژنان خۆیان سەرقاڵكردووە بە خول و ڕاهێنان و سمینارو كۆنفرانس بەناوی ژنی سەركردە. ئاخۆ ئامانج لەم پرۆژەیە چییە و دەیانەوێ هەرچی ژنە بیكەن بەسەركردە؟

كەوایە زۆرینەی هەوڵەكان لەلایەن ژنانی رێكخراوەكان بەشێوازی خەباتی مۆدێرنانە بووە وەك رێپێوانێكی چواركەسی وكۆنفراس و كروزانەوە لەدەسەڵات و مەحكوم كردن و كەمپین و داواكاری ئەم رێگاو میكانزمە لەوڵاتێكی سمێڵ سالارداو تەنها كات كوشتنە چونكە نە مافی ژن بەم جۆرە دەسەنرێت و نە خەباتیشمان جێگەی خۆی دەگرێت.

ژنە فمنیستەكانمان چی؟ هەڵبەت تائیستاش زۆر ڕوون نيیه‌ ژنی چالاكوانمان له‌سه‌ر چ خه‌تێكن: فيمينيزمى ليبراڵه‌؟ فيمينيزمى ڕاديكاڵه‌؟ فيمينيزمى سۆشياليستييه‌؟ فيمينيزمى ده‌روونشيكارييه‌؟ فيمينيزمى پۆستمۆدێرنه‌؟

بەڵام بەبڕوای زۆرێك لە هاوڵاتیان فمێنستەكانی ئێمە زیاتر ڕادیكاڵن لە فەنتازیایەكی دوور لەواقعی کۆمەڵگەی پاتریاریكی داوای مافەكان دەكەن، بەتەواوی دژ بەمینبەری مەلاكانن؛ لەكاتێكا مەزهەب لەباڵادایە، بۆیە نەك ئەودەسەڵات و کۆمەڵگە كشتوكاڵیە(دەرەبەگایەتیە) بەڵكو لەناو خەباتی فمینستەكانی تریشدا جێگەی نەبۆتەوە!

 دامودەزگای حوكمی چی؟ لەپاڵ ئەم رەوشە پڕ توندوتیژیەدا لەنێو ئەم دۆزەخەی كەبۆ ژن خوڵقاوە  دەسەڵات، نەك هاوپشتیوان و پاڵپشتی ژن نییە، بەڵكو  پشتگیری لەو یاسا ناعەدلانەیە دەكات كە ژنی پێ دەچەوسێنرێتەوەو ژن دەكاتە كارگوزارێكی خیزان و ئامرازێك بۆ تێركردن، پارێزگاری لەمانەوەی بنكە كۆمەڵایەتی و سوڵحی عەشایەری دەكات. هێشتاش نەتوانراوە یاساكانی شەریعەت و عەشرەت لێك هەڵبوەشێندرێت و تێكبشكێنيدرێت، كەدوو یاسای زۆر خەتەرناكن دژ بەتەواوی شكۆمەندی مافەكانی مرۆڤن، تەواوی چەمكی دیموكراسی و ئازادی تاك دەخاتە ژێر هەڕەشەی تیرۆر، یاسای خێل یاسایەك نییە بگۆرێت یان ریفۆرمی تێدا بكەیت و بەڵکو دەبێ تێك بشكێت و لەڕەگوڕیشەوە دەربێت. پرسی ژن هاوتەریبە بە دیموكراسی لەوکۆمەڵگەیەدا، هەروەك چۆن دیموكراتی لە دروشم تێنەپەریوە پرس و مافی ژنیش لەدروشم و بەلێنی درۆ زیاتر نەبوە!

مینبەرەكان چی؟ ئێمەی كردۆتە بێئابڕو پیاوانی كردۆتە كڕینەوەی شەرەفمان، ژن هەمیشە لە بەرەی تاوانباردایە و پیاوان دادوەر، کۆمەڵگەش داواكاری گشتین و رێگەپێدراون بەرد بارانت كەن هۆهات لێبكێشن، بەنەفرەتت كەن ریسوات كەن.

دیسان دەڵێم ئێمە تا پەروەردەیەكی جەندەری مرۆڤ دۆست  نەكەینە سیستەمی پێكەوە ژیان، ناتوانین ژن لەو كوشتارگەیە رزگاربكەین.

 ”لێستەۆرد” ی كۆمەڵناس، پەروەردە بە كەرەستەیەك بۆ گۆڕان و پێشكەوتنی كۆمەڵگە ناودەبات، و پێی وایە كە ئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشكەوتنە ژیان باشی و خۆشبەختی تاكی لێ دەكەوێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.