ئۆبلۆمۆڤەکان* هێشتا ماون و زیندون نووسینی: ڤلادیمێر لینین ٦ی مارس ١٩٢٢ …. وەرگێڕانی… سالار حمەسەعید
ئۆبلۆمۆڤەکان* هێشتا ماون و زیندون
نووسینی: ڤلادیمێر لینین ٦ی مارس ١٩٢٢ ….
وەرگێڕانی… سالار حمەسەعید
دوێنێ هۆنراوەیەکی سیاسی مایاکۆڤسکیم خوێندەوە کەلە ”ئیزڤستیا” بڵاوکراوەتەوە. ستایشی توانا شیعری و هونەرییەکانی مایاکۆڤسکی ناکەم ئەگەرچی دانی پێدادەنێم کە دادوەرێکی بەتوانا نیم. لەمێژە هیچ شتێکی مایاکۆڤسکیم نەخوێندۆتەوە سەبارەت بە سیاسەت وئیدارە (بەرێوەبردن) بەم خۆشی و لەزەتەی کە لەم هۆنراوەیەکدا نوسیویەتی. مایاکۆڤسکی ئەوعادەت و خووەی کۆبوونەوەکان دەداتە بەر بای ڕەخنە و گاڵتەپێکردن. کۆبوونەوە درێژە بەردەوامەکانی کۆمۆنیستەکان بەگاڵتەجاڕی دەگرێت. من دڵنیانیم لەهۆنراوەکە لەباری هونەری و شیعریەوە، بەڵام ئەوەی دڵنیام لێێ و پەیوەندی بەسیاسەتەوە هەیە بەتەواوی لەپشتیم و پشت ڕاستی دەکەمەوە. ئێمە لەڕاستیدا لەوەزع باروڕەوشێکداین کەدەبێت بڵێین بارورەوشێکی بێماناوپووچە، ئێمە لەو کەسانەین کەلە کۆبوونەوەکانماندا دادەنیشین، کۆبوونەوە بێکۆتاییەکان، کۆمیسیۆنەکان وکۆمیتەکان دادەمەزرێنین و پلان دادەرێژین، بەبێ کۆتایی. کەسایەتیەک (کارەکتەرێک) کە پێێ دەگوترا ”ئۆبلۆمۆڤ” کە ژیانی ڕووسیای بەرجستە دەکرد. ئەو هەمیشە لەناو جێگە دەتلایەوە و لەمێشکی دا پلان و نەخشەی دادەرشت. ئەمە ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش بوو. ڕووسیا سێ شۆڕشی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئۆبلۆمۆڤەکان هێشتا زیندوون وماون، لەبەرئەوەی ئۆبلۆمۆڤ لەنێو خاوەن موڵکەکاندا هەبوون، هەروەها لەنێو جوتیاراندا، نەتەنها لەنێو جوتیاراندا، بەڵكو لەنێو ڕۆشنبیرانیشدا. وە نەتەنها لەنێو ڕوشنبیراندا، بەڵکو لەنێو کرێکاران وکۆمۆنیستەکانیشدا. هەر ئەوەندە بەسە کەبڕوانینە کۆبونەوەکانمان و کارەکانمان لە کۆمیتەو کۆمسیۆنەکاندا تابتوانین بڵێین کە ئۆبلۆمۆڤە کۆنەکان هێشتا لەناوماندا دەژین لەبەرئەوە پێویستە جوان بشۆردرێن و پاکبکرێنەوە و لە پۆخڵەوات دەربکێشرێن تامرۆڤێکیان لێ دەردەچێت. لەم بارەیەوە نابێ هیچ وەهم وگومانێکمان هەبێ لە هەڵویستمان. ئێمە هیچ لاساییەکی ئەوکەسانەمان نەکردۆتەوە کە بە پیتی گەورە (پیتی کەپیتاڵ) وشەی ”شۆڕش” دەنووسن، هەروەک چۆن ”سۆشیالیستە شۆڕشگێرەکان” دەیکەن. بەڵام دەتوانین وشە و وتەکانی مارکس بگێڕینەوە (بهێنینەوە) کە زۆر شتی گەمژانە دەکرێت لەکاتی شۆڕش دا، بێگومان زیاتر لەهەر کاتێکی تر. ئێمەی شۆڕشگێڕ دەبێت فێربین کە ئەم کارە گەوجانە بێباکانە وچاونەترسانە بخەینە ڕوو…
- ڤلادیمیر ئیلیچ لینین لە ٦ی مارسی ١٩٢٢ دا ئەم کورتە سەرنجەی نووسیوە سەبارەت بە مایاکۆڤسکی لە هەلبژاردەکانی لینین لە بەرگی ٣٣ لاپەڕە ٢٨٨دا. * کارەکتەرێک هەبووە لە ژیانی ڕووسیادا بەنێوی ”ئۆبلۆمۆڤ”، (ئۆبلۆمۆڤ کۆنسێپتێکی (مەفهومێکی) ئەدەبی ساڵەکانی ١٨٤٠ کان و ١٨٥٠ کان بوو دەبێت لە یەکێک لە قارەمانەکانی ”بایرۆن”ی شاعیری ئینگلیزیەوە وەرگیرابێت. ئۆپلۆمۆڤ ئاماژەیە لە ئەدەبیاتدا بە کەسێکی خاوەن بەهرە و بەتوانا ولەهەمان کاتدا لەزۆربەی حاڵەتەکاندا کەسێکی دەوڵەمەند کە ناتوانێ لەگەڵ نەرێتە ڕۆتینیە کۆمەڵایەتیەکاندا بگونجێ و ناتوانێ بڕیاری گرنگ بدات وکاری گرنگ لەئەستۆ بگرێ. لەڕاستیدا ڕۆمانەکە بەشێوەی تەنز گاڵتەکردنە بە ڕۆشنبیرانی (ئنتلجنسیای) ڕووسیە. لەم سەرنجە کورتەیەدا لینین ئاماژە دەکات بە کارەکتەرێکی زۆر بڵاو لەناوکۆمەڵگەدا کە تائێستا هەر بوونی هەیە و زیندووە ئەگەرچی ئەو کارەکتەرە کە ناوی ”ئۆبلۆمۆڤ”ە قارەمانی رۆمانی ”ئیا ئیلیچ ئۆبلۆمۆڤ”ە لەلایەن ”ئیڤان گۆنچارۆڤ” ەوە نووسراوە لە ساڵی ١٨٥٩. ئۆبلۆمۆڤ کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە و کاراکتەرێکی ڕەمزی (سمبولی) سەدەی ١٩ بوو لەئەدەبیاتی ڕووسیدا.