جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا و سۆشیالیزم  نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا و سۆشیالیزم

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەگەرچی کەسانێکی زۆر بەشێوەی جیاجیا شیکردنەوەیان لەسەر ئەم جەنگە و ماڵوێرانییەکان و قوربانییەکانی کردووە. منیش وەک مارکس دەڵێم تەنها شیکردنەوەو تەفسیر بەگرنگ  نازانم، بەڵکو گرنگ گۆڕینی بارودۆخەکەیە. گرنگ ئەوەیە چۆن دەکرێ  بە کردەوە کۆتایی بەم جەنگە  بێت ئەمە گرنگە کە زۆر بەکەمی شیکەرەوەکان چوونەتە سەر ئەم باسە، چونکە بۆ خۆیان لە ناو بازنەیەکی ئەکادیمی و ئایدۆلۆژیدا دەژین .

بەشێک لەم شیکەرەوانە ڕاسترەو ویا لیبراڵ و یا موحافەزەکارن  یاناسیۆنالیستن  یا ئیسلامین یا چەپ وکۆمۆنیستیشن.  هەموو ئەمانە هێشتا لەناو ئەو بازنەدا دەسوڕێنەوە بۆ هیچ مەیدانێکی عەمەلی ئامادە نین بەکردەوە کارێک بکەن بۆ گوڕینی ڕیشەیی ئەو دەسەڵات و سیسەتەکەمەی کە  دەبێتە هۆی بەرپاکردنی جەنگ وکوشتار.

بۆ ڕێگا گرتن لەم جەنگە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕێگاچارەی مارکس لینین و بەلشەفیەکان. چونکە هاوشێوەیەک لە نێوان روسیای قەیسەری پێش جەنگی جیهانی یەکەم  روسیای سەردەمی پۆتین هەیە. دیارە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجە مێژووییەکان.  لەوکاتەدا دەسەڵاتی قەیسەر بە بیانووی بەرگری لە صربیەکان و بۆسنەیەکان پەلاماری ئەو ناوچانەی دا کە لەژێر رکێفی نەمسادا بوون و حوکمی صربیەکان وبۆسنەیەکانی دەکرد هەر چەندە بەفەرمی لە ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، بەڵام بەپێی ڕێکەوتنێ بە نەمسا درابوون. لەجەنگی جیهانی یەکەمدا لینین و بەلشەفیەکان دژی جەنگ بوون و بەکردەوەش توانیان ببنە هۆی کۆتاییهێنان بەو جەنگە کە لە ماوەی ٤ ساڵی نێوان ١٩١٤ -١٩١٨ بووە هۆی کوشتنی ١٧ ملیۆن کەس لە ئاستی جیهان. ڕێگاکە لەوەوە دەستی پێکرد جەنگەکە  خرایە ناوەوەی ڕوسیا و  کرا بەجەنگی پرولیتاریا و بۆرژوازی بەشۆڕشی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی ڕووخا و هەر ڕاستەوخۆ لە پاش بەدەسەڵات گەیشتنی شوراکانی کرێکاران وجوتیاران وسەربازان بڕیاری وەستاندنی جەنگ دراو  ئەو بڕیارە درا چیتر روسیا  نایەوێ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بێ بۆ جەنگ لەگەڵ وڵاتانی سوێندخوراودا، وە داوای ئاشتی کردو لەگەڵ ئەڵمانیا ڕێکەوتنامەی بڕیستیان سازدا بەشێک لەخاکی روسیایان  بەخشیە ئەڵمانیا و  خەڵکی روسیایان  دوورخستەوە لە ئاگری ئەوجەنگە .

لێرەدا مەبەست ئەوەیە ڕێگای وەستانی ئەم جەنگەش هەر ئەوەیە کە لینین و بەلشەفیەکان گرتیانە بەر، بۆ ئەمەش دەبێ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی ئێستا لەلایەن دەیان هەزار کەسی روسیاوە بەڕێوەدەچێ بکرێتە جەنگێک لەدژی دەسەڵات و رووخانی ئەو دەسەڵاتە و بەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی سۆشیالیستی و ئینسانی ئەوەش بەڕێکخراو بوونی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوەی ئێستا دەست پێ دەکا لە شوراکانی خۆیاندا.

من دەزانم هۆکارەکانی جەنگ لە قەیرانەکانی سەرمایەدارییەوە دەست پێ دەکا و زەمینە و هۆکارەکانی ئەم جەنگەش تەنها روسیاو ئۆکرانیا نین، بەڵکو سەرجەم سیستەمەکەیە  بە ئەمەریکاو ئەوروپاشەوە لێرەدا مەبەستم ئەم شیکردنەوە نەبوو لەم بابەتەدا، بەڵکو مەبەستم لایەنێکی عەمەلی بوو بیخەمە ڕوو بۆ کۆتاییهاتن بەم جەنگە و سەرجەم جەنگەکانی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری  لەجیهاندا. دەمەوێ ئەوە بڵێم  ڕێگای بەلشەفیانە تەنها ڕێگایە بۆ ڕێشەکێشکردنی جەنگ وماڵوێرانی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.