مافی مرۆڤ درۆیەکی ماکیاجکراو نووسینی: ئاسۆ مستەفا

0

مافی مرۆڤ درۆیەکی ماکیاجکراو

ئاسۆ مستەفا

مافی مرۆڤ واتا دەسەڵاتی مرۆڤ، لەبەر ئەوە وڵاتە نادیموکراتییەکان، مافی مرۆڤ بەهەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی خۆیان دەزانن. چونکە دەبێت مرۆڤ مافی ژیانی بێمەترسی هەبێت و ئازادییە بنەڕەتییەکانیشی بۆ فەراهەم بکرێت. مرۆڤ لە هەرکوێیەک بێت مافی ژیانێکی پارێزراو، بێمەترسی و مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە. پێدانی ئەم مافە پەیوەندی بەئایین و ڕەگەزو چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤەوە نییە. لێرەدا مەبەستی من بەگشتی مافی ئازادی ڕادەربڕینەو بەتایبەتیش مافی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە. کە پێشێلکارییەکان بەرانبەر ئەم توێژە تادێ لەزیادبوونە. هیچ کەس و دامەزراوەیەکیش نایانپارێزێت. بەتایبەتیش ئەو ڕۆژنامەنووسانەی نووسینەکانیان لەجیاتی پیاهەڵدان، زیاتر ڕەخنەی مەزهەبیی و سیاسییە یان لەسەر ئەو بابەتانە دەنووسن کە لەکۆمەڵگەی کوردیدا قسەکردن لەسەریان بڤەیە. مەترسیەکە بەڕادەیەکە، ئەگەر ئەو کەسانە لەکوردستانیش نەبن، بەڵام چونکە ڕەخنەی جددی دەگرن، ئەوا کەسانێکی شاراوە هەنە، لەسەنگەری ئایین و دەسەڵاتەوە تەقەییان لێدەکەن.

لەم ماوەی ڕابردودا، هەڕەشەکردن لەسەر نوسینی ڕەخنەیی زیادیکردووە. تەنانەت خۆشم یەکێکم لەو کەسانەی، لەسەر بڵاوکردنەوەی نوسینێکی ڕەخنەئامێز هەڕەشەی جددیم لێکراوە. بەڵام ئەوەی من بەهەرحاڵ کە لە عێڕاقم، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە چەند ڕۆژنامەنوسێکی تر کە لەدەرەوەی عێڕاق نیشتەجێن و لەسەر چەند نوسینێکی ڕەخنەیی سیاسیی و مەزهەبیی، کە لە ماڵپەڕە سیاسییە کوردییەکاندا بڵاویان کردۆتەوە هەڕەشەی کوشتن و پەنجە بڕین و قاچ شکاندنیان لێکراوە، لەئەگەری گەڕانەوەیان بۆ کوردستان و عێڕاق.

جەمال ئەحمەد ئیسماعیل، شووشان مستەفا وەستا مەحمود و ئومێد محەمەد فەرەج. ئەوە سێ لە نمونەی ئەو کەسانەن کە لەسەر نووسینی ڕەخنەیی و ئازادی ڕادەربڕین هەڕەشەی جددییان لێکراوە. تەنانەت یەکیک لەم کەسانە بەناوی شووشان، دایکی دوو منداڵی ئۆتیزمە. ئەم ژنە لەم چەند ساڵەی پێشودا چەندین نووسینی ڕەخنەیی لەسەر ئایین و دەسەڵاتی سیاسیی بڵاوکردۆتەوە. چەندین جاریتریش هەڕەشەی لێکراوەو بەم هۆیەشەوە ناچارکرا وڵات جێبێڵێت. کەچی هێشتا مافیاو جەللادەکان وازی لێناهێنن. هەروەها سەبارەت بە جەمال ئەحمەدو ئومێد فەرەج، ئەوەی من بزانم ئەوانیش لەدەرەوەی وڵات نیشتەجێن و هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە کە، ئەگەر بگەڕێنەوە چارەنوسێکی ترسناک چاوەڕێیانە. ئەوە بەو مانایەیە کە، ئەگەر ئەم سێ ڕۆژنامەنووسە ئێستا لە وڵاتی خۆیان بونایە، ئەوا کوژرابوون. بەشێک لەو دەزگاو لایەنانەی کە بەپێی بانگەشەی خۆیان بەرگری لە ئازادی بیروراو کاری رۆژنامەگەری دەکەن دەبوو بێدەنگی بشکێنن و بەرگری لەئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ بکەن،  ئەوانەش بریتین لە: لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕلەمان!!، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان!! و سەنتەری مێترۆ. بەڵام هیچ یەکێک لەو کەس و دامەزراوانە هەڵوێستێکی ڕونیان نەبووە، تەنانەت بەدواداچوون و ئیدانەشیان نەکردووە. من پێموایە بێهەڵوێستی لایەنی بەرپرس لەم کەیسانەدا بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە نووسینەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە یەکانگیر نەبوون لەگەڵ بیروباوەڕو بەرژەوەندی سیاسیی ئەواندا. بەڵام ئێمەومانان نابێت بێدەنگ بین لەئاست مەترسییەکانی سەرگیانی ڕۆژنامەنووسان. چونکە بێهەڵوێستی لەڕابردودا بووە هۆکاری ئەوەی دەیان ڕؤژنامەنووس بکوژرێن و هەمووشیان پێشتر هاواریان کرد کە مەترسی جددی لەسەر ژیانمان هەیە، کەچی کەس بەهانایانەوە نەچوو.

ئۆفیسی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی: ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان/ عێڕاق. ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە ئازاری ٢٠٢٠ تاکو نیسانی ٢٠٢١ سەدان پێشێلکاری کراوە دەرهەق بەکەسانێک کە ڕەخنەییان لەدەسەڵاتداران گرتووە، دوچاری تۆقاندن، کۆت و بەند، ئەشکەنجەو هەڕەشەلێکردن بوونەوە.

هەروەها سەنتەری مێترۆ بۆداکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان ماوەیەک پێش ئێستا لەڕاپۆرتی ساڵانەیدا ڕایگەیاند لەساڵی ٢٠٢١دا ٣٨٥ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە. کە لەناویدا ٧٤ دەستگیرکردن بەبێ بڕیاری دادگاو ٢٨ حاڵەتی هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی بۆ سەر کچانی میدیاکارو ٤٨ هەڕەشەو لێدان و سوکایەتی پێکردن بووە. هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٠ زیاتر لە ٤٦٣٢ پێشێلکاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە. شەش ڕۆژنامەنووس بەمەبەست تیرۆر کراون وەک: سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، ستار عبدلمجید، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن و ئەرکان شەریف. هەروەها حەوت ڕۆژنامەنووسی تریش کوژراون وەک: دەنیز فورات، شیفا گەردی، مستەفا سەعید، ئەحمەد هاجەر، بەختیار حەداد، ستیڤان فلینۆف و نۆژیان ئەرهان. وە ٧٤ ڕۆژنامەنووس بەفیشەک بریندار بوون. وە ٧٤٧ جاریش لێدان و سوکایەتی کراوە.٤٤٥ ڕۆژنامەنووسیش بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرکراون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.